کۆنگرەی نەتەوەیی یا کۆنگرەی پەکەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی یا کۆنگرەی پەکەکە
تائێستا روون نییە، ئەو چالاکیانەی لەژێر ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی لەلایەن گرووپەکانی پەکەکەوە ئەنجام دەدرێ، شەرعیەتیان لە چیەوە وەرگرتووە؟ بۆیە ھەمیشە کارەکانیان لە چوارچێوەی راگەیەنراوی بێکاردانەوە و بێبەھان.
چەند رۆژێکە بەشێک لە زوومی میدیای کوردستان خراوەتە سەر چەند کۆبوونەوەیەکی راوێژی بەناوی کۆنگرەی نەتەوەیی لە سلێمانی، تا ئەو شوێنە ئاساییە ئەم جۆرە دانیشتنانە زەمینەسازی بێت بۆ یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی و ستراتیژیەتی یەک گوتارییەکە. بەڵام لەوەیاندا ھیچ ئاسایی نییە گرووپێکی پەکەکە بە خۆسەپاندنەوە ئەم جۆرە دانیشتنانە بکەنەوە بازاڕگەرم کردن بۆ شەرعیەتدان بە خۆیان و بەشداری نەکردنی چەندین لایەنی گرنگی باشوری کوردستان لەم جۆرە دانیشتنانە کە پێموایە رەتیشیدەکەنەوە بچنە ژێرباری ئەم خۆسەپاندنانە.
پەکەکە کۆنگرەیەی نەتەوەیی (KNK) لە ساڵەکانی نەوەد بۆ رکابەریکردنی پەرلەمانی کوردستان دامەزراندن و ھیچ شەرعیەتێکی یاسایی نییە، تەنیا گرووپێکە بەو ناوە کار بۆ سیاسەت و ئەجێندای پەکەکە دەکات. ھەر ئەوەش وای کرد، پەکەکە نەچێتە ژێرباری ھەوڵەکانی ٣٩ لایەنی سیاسی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ کە ئامانج لێی دامەزراندنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی شەرعی و یەکڕیز و یەکگوتار بوو.
رۆژی ٢٢ـی٧ـی٢٠١٣ بە ئامادەبوونی سەرۆک مسعود بارزانی ٣٩ حزب لە کوردستان بە خودی پەکەکەشەوە کۆبوونەوە و راگەیەنراوێکیان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بڵاوکردەوە.(بۆ وردەکاری ئەو بابەتە ئەم لینکە بکەوە: http://presidency.krd/kurdish/articledisplay.aspx?id=٦rsSkfy٩Td٠=)
ئامانجی کۆنگرەی نەتەوەیی و بەستنی و راگەیاندنی ھەڵوێست و بەرنامەی کورد بووە بۆ میللەتانی ھاوژیان لەگەڵ کورد، بۆ دراوسێ و جیھان، کە رێگەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەم ناوچەیە سەقامگیری و پێکەوەژیان بەھێزتر دەکات.
لەوێدا باس لە تایبەتمەندی بەشەکانی کوردستان کرا، رەتکرایەوە ئایدۆلۆژییایەکی حزبیانەی بەرتەسک زاڵ بێت بەسەر کارەکانی ئەم کۆنگرەیە، بۆیە پەکەکە لە ھەنگاوەکانی دواتری ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەکە، کێشەیان بۆ لێژنەکان دروست کرد، نەیاندەویست بەدیلێکی شەرعی ھەبێت بۆ(KNK) و پروپاگەندەی سەرۆکی کۆنگرەکەیان خستە ناو میدیاکانەوە، لە کاتێکدا سەرۆک مسعود بارزانی ئامادەیی نیشاندا بۆ دیاریکردنی چەند کەسایەتیەکی سیاسی لە باکوری کوردستان یاخود باشوری کوردستان، ئەوان دەیانەویست ھەم سەرۆکایەتیەکەی و ھەم زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەکە لە خۆیان بێت! کە ئەمەش پێچەوانەی ھەموو عورفێکی یاسایی و یەکنەگرەوەیە لەگەڵ یەکگوتاری و یەکھەڵوێستی.
ھەر لەو رۆژەدا بوو لەپێش چاوی ھەموو ئامادەبووان، سەرۆک بارزانی جەختی لەو پەیامە کردەوە کە ئەم کۆنگرەیە پێویستی بە کۆمیتەی ھاوبەشی خەڵکانی ئەکادیمیا و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر ھەیە، تا ستراتیژیەتی پەیامی کورد دابڕێژدرێ و ھەموو لایەک بە گیانێکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کۆمیتەکان بکەن. بۆ خوێندنەوەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەتوانی ئەم لینکە تەماشا بکەی (http://presidency.krd/kurdish/articledisplay.aspx?id=nQPboDR٢SPU=).
ئامادەکارییەکان بەخێرایی بۆ بەستنی کۆنگرەکە دەستیپێکرد، ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، پەکەکە کۆسپی لەبەردەم کۆمیتە و ئامادەکارییەکان دروست دەکرد، لەبەرئەوەی ئەجێنداری کۆمیتەکان دوور بوون لە رەچاوکردنی بەرژەوەندی حزبی، بنەمای کارکردنیان لەشێوەی تیم و رەتکردنەوەی ھەژموونی حزبی بوو، ئەمەش پێچەوانەی ئەو خواستەی پەکەکە بوو، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی بۆ شکستپێھێنانی ئەو ئامانجە خستەگەڕ، بەڕادەیەک بەشی زۆری حزبەکانی باشوری کوردستان بێزار بوون لە رەفتارە نابەرپرسیارە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی پەکەکە. ٢٥ـی٧ـی٢٠١٣ لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆ کاری ئایندە و پراکتیکی ئەنجامدا، لەوێدا ئاماژە دەبینیت، کە پەکەکە چۆن رێگری لە کارەکانی کۆمیتەکان کردووە، بۆ زانین تەماشای ئەم لینکە بکە:( http://presidency.krd/kurdish/articledisplay.aspx?id=uEVXdUcwhfI=).
ھەموو کات بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دوور لە ئەجێندای حزبی و سەپاندنی ھەڵوێست و سیاسەتی حزبی بایەخی خۆی ھەیە، چونکە میللەتەکەمان برینداری دەستی خیانەت و گوتاری بەرژەوەندیانەی حزب و گرووپگەلێکی خاکفرۆشن، بەڵام ئەو کۆنگرەیە دەبێت خاوەن شەرعیەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، کە رەنگدانەوەی خواستی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانیان بێت، نەک ببێتە مینبەرێک بۆ پروپاگەندەی حزبیانەی لایەنێک، کە ھیچ کاتێک چارەسەری ئاشتیانەی وەک ھەنگاوێک بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی کوردی بە گرنگ نەزانیوە و بەردەوام پاساوی بەخشیوە بە داگیرکەران بۆ ھێرشکردنە سەر کوردستان و کوشتنی خەڵکی سڤیل.



Top