هەرێمی كوردستان بەرەو لاپەرەیەكی نوێی سیاسی ،دیپلۆماسی،ئابووری..

هەرێمی كوردستان بەرەو لاپەرەیەكی نوێی سیاسی ،دیپلۆماسی،ئابووری..
انەیارانی كورد و بەتایبەت بەغدا زۆر هەوڵیان دا چۆن لە عێراق كوردیان پەراوێز خست و دواتر ئابڵوقەی ئابوورییان لە سەر جێبەجێی كرد بۆ ئەوەی لە سەر ئاستی هەرێمی و نێو دەوڵەتی رێگە لە پێشكەوتنەكانی كوردستان بگرن . لەگەڵ دروستكردنی گشت كۆسپەكان و هەوڵە داگیركارییەكان بەڵام سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتی كوردستان و حكومەتی كوردستان توانی ئەو متمانە نێو دەوڵەتییە بپارێزێت و داكۆكیی لە بەرژوەندییەكانی بكات . بە دلنییاییەوە حكومەتی كوردستان دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و بە تایبەت سەركەوتنی پێشمەرگە قارەمانەكان بۆ پاراستنی كیانی كوردستان سەرٍەای داگیركردنی كەركووك و ناوچە داگیركراوەكان . بەڵام ئاماژە و ئاسۆكان روون و پێشبینی دەكرێ‌ هەرێمی كوردستان بە هەنگاوی گەورە گەورە بەرەو دوارۆژێكی چارەنووسسازو پڕشنگدار دەڕوات، ئەمە تەنیا قسە نییە، بەڵكو واقیعی سەر ئەرزە. ئەوەی تۆزێك ئینساف و گیانی ئیجابی هەبێت، دان بەو گۆڕانە گەورانە دەنێت كە ماوەی چەند ساڵێكی كەمە لە كوردستان هاتونەتە پێش و دۆستانی دڵخۆش كردووەو دوژمنانیش دڵناخۆش.
دیارە دوژمنان هەستیان بەو گۆڕانانە كردووەو وەك راستییەكی حاشاهەڵنەگر دەیبینن، بۆیە تا دێت زۆرتر ترس دایاندەگرێت و تا دێت زەقتر هەوڵی سووك كردن و تەفروتونا كردنی دەسكەوتە مەزنەكان دەدەن لە كوردستاندا. یەك لەو دەسكەوتە مەزنانەی خەریكە كوردستان دەخاتە بەردەم قۆناغێكی ئێجگار تازەو گرنگ و ستراتیژی، دامەزراندنی پیشەسازی نەوت و گازە كە بە هیمەت و دووربینیی سەرۆك مەسعود بارزانی و سەرۆك وەزیرانی كوردستان رێزدار نێچیرەڤان بارزانی و تەواوی حكومەت هاتۆتە دی.
بایەخی پیشەسازی نەوت كە زۆر شێلگیرانە لە لایەن هەموو دوژمنانەوە بەرپەرچ دەدرێتەوەو تەگەرەی لەبەردەم دروست دەكرێت، ئەوەیە كە ئیتر كورد دوای سەدان ساڵ كوێرەوەری و نەهامەتی و نەداری، نەك هەر ئەوا دەبێتە خاوەنی سەروەت و سامانی خۆی، بەڵكو دەرگایەكی گەورەش لەبەردەم دوارۆژی خۆی دەكاتەوەو لەو جیهانە تێكقڕژاوو جەنجاڵەدا جێ پێیەكی كاریگەر بۆ كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەكاتەوە.
زۆر دەمێكە كورد بە دەست ئەو راستییە دەتلاوە كە مەرگ و مردنی كێشەی كورد لەوەدایە كە جیهان بەرژەوەندییەكانی خۆی لە كوردستان نابینێتەوە، بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ كارێكی ژیرانەو بێ دەنگ بۆ ئەوە دەكرێت كە ئیتر لەمەودوا كوردستان بە بونیادە ئابووری و سیاسی و سەقامگیریە ئەمنیەكەی خۆی، كەسایەتییەكی تایبەتمەند لەسەر شانۆی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بنوێنێت. ئیتر كوردستان لە سایەی ئەو دەسكەوتە مەزنە، خاكێكی وێران و پانتاییەكی ساردوسڕو بێ بەرژەوەندی و بێ دوكەڵی پیشەسازی و كێڵگەی نەوت نییە. بەڵكو یەك لە خاكە بە پیت و دەوڵەمەندەكانە. یەك لەو پانتاییە زیندوانەیە كە بە دەست گەرمی خەریكی دامەزراندنی ژێرخانێكی پتەوی ئابووری و پیشەسازیە بۆ خۆی، بۆیە جیهان لەمەودوا دەبێت ئاوڕی لێ بداتەوە. ئەمەش گەورەترین دەسكەوتی كوردە كە لە راپەڕینی ساڵی 1991 ەوە بە دەست هاتووە. ئەمەش بێگومان زادەی بیرو هەوڵ و كۆششی بێ وچانی حكومەتی كوردستان و خۆراگری میللەتی كوردە لە بەرگەری نەهامەتیی و شەرٍی تیرۆر و ئابڵوقەی ئابوورییان گرتووە . بۆیە هەنگاوەكان بەرەو ئاراستەیەكی گەش و كرانەوەی لاپەرەیەكی نوێی دیپلۆماسی ، سیاسی و ئابوورییە بەرەو پێشكەوتن و گەشەكردنی و زیاتر ئاوەدانی كوردستان لە گشت بوارەكاندا ..
Top