پلاتفۆرمی کوردایەتی

پلاتفۆرمی کوردایەتی
رۆژی ریفراندۆم ٢٥/٩/٢٠١٧ خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی کورد، ھەر چەندە چاخی گلۆبالیزەیشنە و چەمکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ زۆر بە بەربڵاوی باسی لێدەکرێت و ھەوڵی چەسپاندنی دەدرێت، بەڵام بۆ کورد دووبارە ھەمان فاکتەرە زاتی و مەوزووعییە لەمێژینەکان، کارتێکەر بوو لە ھەرەسی ریفراندۆم و پاشان تێکشکانی ناخی کورد بە گشتی، کە دەرکەوت فاکتەرەکان ناگۆڕێن، کورد دەبێ چی بکات؟ دەستەوەستان چاوەڕێ بێت تا چوار وڵاتی داگیرکەر تەواو ببن بە وڵاتی سیکۆلار و مەدەنی و دیموکراسی، کە تیایدا کوردیش وەک ھاووڵاتیکی فارس، یان تورک، یان عەرەب لێی بەھرەمەند بێت و وازیش لە کوردبوونی خۆی بەێنێ(رەنگە ١٠٠ ساڵیتر ئەمە روو بدات)؟! یان ھەر بەشێکی کوردستان بەو شێوە کلاسیکییەی سەردەمی چاخی دووجەمسەری(دوای جەنگی جیەانی دووەم تا ١٩٩٠) بەردەوام بێت لە خەباتی چەکداری و سیاسی، ھەر کامە لە دژی داگیرکەری فەرمیی خۆی، لەلایەن دراوسێ داگیرکەرێکی تر پشتیوانی بکرێت و لەسەر حیسابی کورد و لایەنە سیاسییەکانی بەشێکی تر، دەستکەوت بە دەست بەێنێت؟!! بۆ نموونە بە ھەموو شێوەیەک «پ ک ک» ھاندرا لە دژی ریفراندۆم و بەردەوام ھەڕەشە و تەگەرەی ساز دەکرد، یان لە ھەرێمی کوردستان لە ژێر ھەڕەشەی ئێران، بە سازان لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژەھڵات و حکومەتی کوردستان، چالاکییان زۆر سنووردار کراوە و لایەنە سیاسییەکانی رۆژەھڵات تێگەیشتنیان ھەبووە بۆ باری ناسکی ھەرێمی کوردستان، ئەی چارە چییە؟! ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە کورد بە دوای ئەلتەرناتیڤدا بگەڕێت و گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە شێوازی خەباتی خۆیدا بکات؟! ئایا کاتی ئەوە نییە سوود لە ئەزموونی «جوو» وەربگرین؟! ئەوان چۆن توانییان بێ خاک، جوو لە ئەفریقا و رووسیا و ئەوروپا و ئەمریکا و روژەھڵاتی ناوەڕاست کۆبکەنەوە لە ژێر بزووتنەوەی زایۆنی، تاکو دەوڵەتیان دامەزراند تەنیا یەک بزووتنەوە ئیدارەی خەباتی سیاسی دەکرد! رەنگە بگوترێت تازە ئەحزابی کوردی دروست بووە و ھەر کامەیان چەند دەیەیەک خەباتیان ھەیە و دەستبەردار نابن، بەڵام ئایا ناکرێت چەترێک بو کوردایەتی دروست بکریت بو ئەوەی خەباتی سیاسیی کورد لە ئینحرافی ھەمیشەیی رزگاری بێت؟ ھەمووان دەزانن کورد ھێندە وزەی لە شەڕی براکوژی و توندوتیژی و ئاستەنگ خستنە بەردەم یەکتری سووتاوە، نیو ھێندە لە دژی داگیرکەر سەرف نەکراوە و دەستکەوتەکانیش لە چاو وێرانکردنی کوردستان و تێکشکانی ناخی تاکی کورد و شێواندنی ژیانی ئاسایی خەڵک، شتێکی شایانی باس نین! دوا نموونە لە بەردەوامیی شەڕی براکوژی و جاشاتی و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ داگیرکەران، رووداوە کارەساتبارەکەی ١٦/١٠/٢٠١٧ بوو، کە وەک تۆڵەسەندنەوە، ھەڕەشەی بەغدا و داگیرکەرانیتر، لە لایەن تاخمێکی ناو یەکێتی نیشتمانی قۆسترایەوە و کەرکووک تەسلیمی بەغدا کرایەوە! کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامە، کۆنە قین لە ناو ئەحزاب زۆرە لە ھەر پارچەیەکی کوردستان، ھەمیشەش ھەندێ خەڵکی لاواز پەیدا دەبن کە لە ناو ئەو حزبانە ببن بە ئالەتی دەستی داگیرکەر، جاری وایە کۆنەقین پاڵنەرە، جاری وایە بۆ مشتێ ماددە و بەرژەوەندی تایبەتە، جاری وایە بەرگەنەگرتنە لە ئاست ھەڕەشەی داگیرکەر، لە رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەموو ئەوانە پاڵنەر بوون. پاش سێ ساڵ بە ئیخڵاس کورد شەڕی لە دژی تیرۆریزمی گرووپی داعش کرد کە بە وتەی خودی ھێزەکانی ھاوپەیمان کورد لەباتی ھەموو مرۆڤایەتی جەنگا، سەرکردایەتیی کورد وای بۆ دەچوو لە پاداشتی ئەو شەڕە کە بووە ھۆی کوژران و کەمئەندام بوونی ھەزاران پێشمەرگە، وێرانبوونی بەشێکی کوردستان و تراژیدیای کچانی ئێزیدی، وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکەن، کەچی ئەمریکا نەک پشتگیری نەکرد، بەڵکو ھاوکاری بەغدا و تارانی کرد بۆ ئەوەی ریفراندۆم و کەرکووک لە دەست بچێت! کەواتە دەگەینە ئەو راستییە کە راستە بێ پشتگیری رۆژئاوا کورد(بەو ھەڵکەوتە جوگرافییە کە لە چەقی رۆژەھڵاتی ناوەڕاستە، کە داخراوە، کە دابەش کراوە، کە بە ئاسانی داگیرکەران لە کاتی پێویست، پارچەیەک بە گژ پارچەکەیتردا دەکەن..) رزگاری نابێت!
دەبێ بزانین پشتگیریی رۆژئاوا زەروورە، بەڵام بە چ ستراتیژیەتێک دەشێ وایان لێبکرێت کە پشتت تێ نەکەن و گورگ دەرخواردت نەکەن؟! دامەزراندنەوەی تورکیای نوێ لەسەر دەستی ئاتاتورک و ئەزموونی «جوو» پێمان دەڵێت کە چۆن زامنی پشتگیری بەردەوامی رۆژئاوا بین، بەڵام بە مەرجی بەھێزکردنی فاکتەری زاتیی کورد. واتە دامەزراوەیەک، چەترێک، پلاتفۆرمێک پێویستە بۆ کورد کە کار و مەھامی تەنیا «کوردایەتی» و راڤەکردنی ھێڵە گشتییەکانی کوردایەتی و دانانی ستراتیژیەت بێت، کە ھەم سەرۆکی حزبەکان تێیدا ئەندام بن، ھەم ژمارەیەک ئەکادیمی و شارەزا لە بواری یاسا و سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەندامی بن، کە بێگومان دەبێت بڕوایان بە کوردایەتی ھەبێت و دڵسۆزانە بە دوای چارەسەری کێشەی کوردەوە بن و چاودێریی جموجۆڵی چالاکیی حزبە سیاسییەکان بن لە کوردستان. لێک نزیکبوونەوەی حزبە سیاسییەکان، گومان و دڵپیسیی نێوانیان لە ناو دەبات، سوود لە ئەزموونی یەکتر وەردەگرن، خۆشەویستی و رێز لە نێوانیان دروست دەبێت، رێگە دەگیرێ لە سازکردنی پیلان لە دژی یەکتری، ھەر کات یەک لە حزبەکان بیەوێ لابدات لە ھێڵە گشتییەکانی پلاتفۆرمەکە، لەلایەن تێکڕای ئەندامان ھوشداری دەدرێتێ، کە پێداگر بوو لە لادان، ئەوا سزا دەدرێت، پلاتفۆرم چۆنیەتیی سزاکان دیاری دەکات. جگە لە چاودێری کردنی جموجۆڵی حزبەکان، لە ئاستی نێودەوڵەتی ھەوڵ دەدات لۆبی دروست بکات، لە لایەک ستراتیژیەتی پلاتفۆرم بە جیەان بناسێنێت، لە لایەکیتر لۆبیی کوردانی تاراوگە پتەو بکات و سوود لە بوونیان و پێگەیان و توانایی ماددی و مەعنەوییان وەربگرێت. ھەموو تیڤییەکانی سەر بە حزیەکان پرۆگرامی ھاوبەشیان ھەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئامانجە پیرۆزەکانی پلاتفۆرم و کوردایەتی، لەگەڵ رەچاوکردنی ماف و ئەرکی پێکەاتەکانی قەومی و ئایینی کوردستان و پاراستنی پرەنسیپی پێکەوەژیان کە ھەمیشە کورد پێوەی پابەند بووە، بڕوای پێ بووە و ئەوانیش خاوەنی کوردستانن.
رەنگە ھەندێ کورد ئەم بیرۆکەیە بە خەون و خەیاڵ بزانن. ھەندێ کورد تاقەتی خەون بینینیان نەماوە، ھەندێکیش تەنیا خەونی خۆش دەبینن و ناتوانن یەک ھەنگاوی کردەنی بەاوێن! بەڵام «جوو» کە لە سەدەی ١٩ دەستی پێکرد بە گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، خەڵک بە خەون و خەیاڵی دەزانی، «ئەتاتورک»یش کە ویستی لە سەر جەستەی پارچە پارچە بووی ئیمپراتۆری عوسمانی کە ھەر پارچەکی لە دەمی زلەێزێک بوو، دووبارە کیانێک بۆ تورک دابمەزرێنێت، خەڵکی بە چاوی گومان سەیری کار و کردەوەی ئەتاتورکیان دەکرد، بەڵام کردی و لەسەر بنەمای فکر و ستراتیژیەت و دەستووری ئەو، تورکیا ھەستایەوە و ئەمڕۆ یەک لە ٢٠ دەوڵەتە بەھێزەکانی جیەانە و بەرەو ئەوە ھەنگاو دەنێ کە ببێتە یەک لە ١٠ دەوڵەتە بەھێزەکانی جیەان. ئەڵمانیا تا ناوەڕاستی سەدەی ١٩، بریتی بوو لە دەیان میرنشینی و نێوانیان پڕ بوو لە ناکۆکیی سیاسی و ئایینزایی، بەڵام «بیسمارک» ئیرادەی کرد، ویستی و توانی ھەموو میرنشینیەکان یەک بخات و ئەڵمانیای یەکگرتووی فیدڕاڵ دابمەزرێنێت، ھەر ئیرادەی ئەو لە یەکگرتوویی ئەڵمانەکان، لە بەھێزکردنیان، بووە ھۆی ھەڵسانەوەیان دوای شکست و کاولبوونی وڵاتیان دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیەانی و ئێستاش یەکەم زلەێزی ئەوروپایە و یەک لە پێنج وڵاتە زلەێزەکانی جیەانە. ئیرادەی گەلێک لە دوژمنکاری ھەموو جیەان بەھێزترە! بڕوا ھەبوون بە یەکبوون، بە دەوڵەمەندیی کوردستان(وزەی پتانسیل)، بە ھەبوونی کەلتوورێکی جیاواز لە ناوچە توندوتیژەکەی رۆژەھڵاتی ناوەڕاست، بڕوا بەخۆ بوون وەک نەتەوە، تێکڕا ھۆکارگەلێکن بۆ سەرکەوتن! بڕوا ھەبوون بەوەی کە لە ژیانی تاک و نەتەوەدا شتێک بە ناوی «مەحاڵ» بوونی نییە، زۆر گرینگە. دەشێ گەلی سەردەستی ئەمڕۆ، سبەی ئیفلاس بکات،(وەک یۆنانی مەزنی مێژووی مرۆڤایەتی کە ئەوڕۆ لاوازترین وڵاتی ئەوروپایە)، ھەروەھا مەحاڵ نییە گەلێکی ژێردەستە و دەستبەسەر و دابەشکراوی وەک کوردیش بەو ھەموو وزە و پتانسیل و سەرچاوە مرۆیی و سرووشتییەکانەوە، ببێتە خاوەن کیانی خۆی، تەنیا یەکبوونیش زامنی سەربەخۆبوونی دەکات.



Top