شكاندنی بەستەڵەكی " سیاسی و دیپلۆماسی " سەر هەرێمی كوردستان ..

شكاندنی بەستەڵەكی

گەر چی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە پێی ماف ویاسایی نەتەوەیە گرتووەكان مافێكی رٍەوایە بۆ هەر میللەتێك كە بیهەوێت بریار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات ، بەڵام دوای سەركەوتنی ئەو پرۆسە دیموكراسییە لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوین ، داگیركەرانی كوردستان چاویان هەڵنەهات و بە تایبەت بەغدا و لە پرۆسەیەكی نادەستووریی و نایاساییدا كوردستانیان خستە ژێر ئابڵوقەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە تا بەو رێگەیەوە ئەزموونی كوردستان لاواز یا ئیفلیج و بسرٍنەوە . بەڵام خۆراگری میللەتەكەمان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و هەروەها حیكمەت و شارەزایی رووبەروو بوونەوەی قەیرانیی سەركردایەتی سیاسی كوردستان وایكرد ، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكا بێنە سەر هێل و رێگە نەدەدەن كە سیاسەتی ئابلۆقەدان بەغدا كار لە سەر لاوازكردنی هەرێمی كوردستان بكات .ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆ و بەهێز لە روژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیار دەكەوێت كە لە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و وزەی ناوچەكە بە تایبەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی بەرچاوی هەیەو فاكتەرێكی سەرەكی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا. بەشدار بوونی كورد لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و قورسایی لە بەغدا وەكو گەرەنتیەك بۆ بەرقەرار بوون و پەرەپێدانی دیموكراتی لە عێراق و ناوچەكە لە لایەن ئەوروپا و ئەمەریكا جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانەو لە لایەكی ترەوە هەبوونی نەوت و گاز و سەرچاوەكانی تری سروشتی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان و نیاز و خواستی سەركردایەتی كوردستان بۆ ناردنە دەرەوەی بە تایبەتی بۆ ئەوروپا، پێگەی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی وزە لە ناوچەكە و جیهان رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەكات و هەرێمی كوردستان وەك فاكتەری ئاسایش لە ناوچەكە رۆڵی كاریگەر و بەرچاوی هەیەو رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت.
هەر ئەو سەركەوتنە سیاسی و خۆراگری و زانا سیاسیی و پەیوەندی دیپلۆماسی سەرۆكی حكومەتی نێچیرڤان بارزانی بوو کە پیشانیدا ئەوە حکومەتی عێراقە حەو ویستی شەرٍانگێزی و لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانی هەیە و مل بۆ گفتوگۆ نادات، بۆیە سوور بوونی لەسەر گفتوگۆ و مەیلی عێراق بۆ سەپاندنی ئیرادەی هێز ئەو ڕاستیەی دەرخست کە یەکەمیان ئاشتیخوازە و ئەویتریان فاشیست، بۆیە ئیتر لەمەودوا قۆناغی ئیرادەی هێز کۆتایی دێت و ئیرادەی ئاشتی باڵادەست دەبێ، بەتایبەت دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی ئەم دواییانەی تیلەرسن بۆ دەوڵەتمەدار و جەختکردنەوەی هەردوولا لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور کە ئەمە نیشانەی ڕەتکردنەوەی لۆژیكی هێزە کە حکومەتی عێراق بانگەشەی بۆ دەکات، ئەمەش جدیترین هەوڵی دەوڵەتمەدارە بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لەم بارودۆخەی کە دوای خیانەتكارییەكەی گروپی 16ی ئۆكتۆبەری بە سەر سیاسەت و بەرژوەندییەكانی كوردستان دا هات .هەموو ئەو گرنگیپێدانە بۆ سەرۆكایەتی ژیر و حەكیمانەی سەركردایەتی سەرۆك بارزانی و حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەگەرێتەوە وایكردووە كە وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا بە شێوازێكی گشتی بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوەو لە هەوڵی ئەوەدابن كە پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەو بكەن لە رووی ئابووری ،سیاسی و دیپلۆماسی كە ئەمەش تێكشكاندنی بەستەڵەكی سیاسی و دیپلۆماسی " ،سەر هەرێمی كوردستانە .
Top