ەستەڵەكەكان لە توانەوەدان

ەستەڵەكەكان لە توانەوەدان
سەردانە یەك لە دوای یەكەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە چڕی و پێشوازیكردنی لە لایەن گەورە بەرپرسانی ولاتانی رۆژئاوایی و دانیشتنی لە گەڵ نوێنەرانی ولاتان و كۆنتاكتی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانان، بەستەلەكەكانی تواندەوە و بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە تەواوی لە گۆڕانێكی دڵخۆشكەردایە، ئەو ریسەی كەسانێك دەیانەویست بۆ هەرێمی كوردستان بدوورن و یەك بە بەژنی باشووری كوردستان بكەنە كراسێكی تەنگ، خەریكە دەبێتەوە بە خوری و هەرێمی كوردستان لەو كۆت و بەندانە رزگاری دەبێت.
رۆژهەڵاتی ناوەراست لە گۆڕانكاری و ئالۆزییەكی گەورەدایە و پێدەچێت لەم ناوەدا كورد قوربانی یەكەم بێت، بەڵام گەشتە دیپلۆماسییەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ولاتانی رۆژئاوا و دانیشتنی لە گەڵ گەورە بەرپرسان و پاپای ڤاتیكان و سركرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و چەندین بەرپرس و كاربەدەستی وڵاتانی زلهێز، ئۆمێدێكی بۆ كورد گەڕاندووتەوە و، وێڕای پێداگیری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم لە لایەن بەغدا و تاران و ئەنقەرەوە، لێ‌ گەشتە دیپلۆماسییەكانی سەرۆكوەزیران ئەم پێداگیرییە هەڵوەشاندەوە و بەغدا و تاران ناچار بوون پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی بكەن، ئەمە كارێكی ئاسان نەبوو و لە سیاسەتی سەركەوتووانەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم نەبوایە كارێكی ئەستەم بوو، بە تایبەت هەواڵی دڵخۆشكەر هەیە هەولێر و بەغدا رێككەون لە سەر چارەسەر كردنی كێشە هەلواسراوەكانی نێوانیان بە پێی دەستوور. ئەگەر بە پێی دەستوور مافەكانی كورد دەستەبەر بكرێن، ئەوە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی جاران و كوتایی بە قەیرانی دارایی دێت، لە دوای كوتایی قەیرانی داراییش پێویستە یەكەم كار كە نێچیرڤان بارازنی كاری لە سەر بكات، یەكخستنی نێوماڵی كورد بێت و، لیژنەیەكی تایبەت لە ئەكادیمیستەكان و شارەزایانی لەو بوارە پێكبهێنێت و زۆر بە جیدی كاری لە سەر بكرێت، ئەگەر نە لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دەبینەوە قوربانی و بە دەیان ساڵی دیكە بۆ دواوە دەگەڕێینەوە.
لە ئێستادا تاران حوكمی بەغدا دەكات و سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بۆ ئیران كاریگەری دەبێت لە سەر چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر لە گەڵ بەغدا و تاران و ئەنقەرە، بۆیە گرنگتر لە ئاسایی بوونەوەی ئەم پەیوەندییانە، رێكخستنی نێوماڵی كورد و یەكدەنگ بوونیەتی لە هەمبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا.
Top