له‌باره‌ی دروستی و نادروستی بڕیاره‌كه‌ی پارتیه‌وه‌

له‌باره‌ی دروستی و نادروستی بڕیاره‌كه‌ی پارتیه‌وه‌
دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017ـه‌وه‌ و راستده‌ستكردنی به‌شێك له‌ خاكی كوردستان له‌لایه‌ن گرووپێكی خیانه‌تكار به‌‌ میلیشیا شیعه‌كانی عێراق، ئیتر به‌های یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لاوازتر بوو، هه‌موو شتێك كرایه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی گرووپێكی خیانه‌تكار، گومان له‌وه‌دا نه‌ما ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حزبه‌كان بگاته‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌ی پێشتر هه‌بووه‌. بۆیه‌ ده‌رهاوێشته‌كانی دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ر هیچ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك هێزی یه‌كه‌می كوردستان و هه‌ڵگری په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ناچێته‌ژێرباری هیچ بیانوویه‌ك كه‌ دان به‌ واقیعی داگیركراوی به‌شێك له‌ كوردستان بنێت.
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رۆژی 15ـی1ـی2018دا دوو بڕیار په‌سه‌ندكرا، یه‌كه‌میان تایبه‌ت بوو به‌ به‌شداری نه‌كردن و نه‌چوونه‌ ژێرباری داگیركراوی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ر بوون به‌ ناوچه‌ی(داگیركراو) و به‌شداری نه‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عێراق، تا ئه‌و كاته‌ی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پێش 16ـی ئۆكتۆبه‌ر یاخود به‌ رێككه‌وتنێك كۆتایی به‌ داگیركراوی ده‌هێنرێت. بڕیاری دووه‌میش، تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵبژاردنی له‌ هه‌رێمی كوردستان و راگه‌یاندنی تاك به‌شداریكردن(لیستی سه‌ربه‌خۆ) له‌و هه‌ڵبژاردنه‌.
ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا بووه‌ته‌ پرسیار و ئه‌ندام و لایه‌نگر و كادیرانی پارتی به‌ ئیراده‌ و متمانه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌ینرخێنن و نه‌یاره‌كانی پارتیش خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌ ده‌یه‌وێ وه‌ك ماده‌یه‌كی پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی پارتی ئاوا‌ژوو بكات و سه‌ره‌نجی هاووڵاتیانی كوردستان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ببات كه‌ گورزێكه‌ بۆ یه‌كڕیزی و به‌رفراوانتر كردنی كه‌لێنی نێوان حزبه‌كانه‌.
نه‌خێر، دروست نین ئه‌وانه‌ی په‌لاماری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتی ده‌ده‌ن، چونكه‌:
یه‌كه‌م: بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌(داگیركراوه‌كان) راسته‌وخۆ داننانه‌‌ به‌و داگیركارییه‌ و سڕینه‌وه‌ی خیانه‌ته‌ مێژوییه‌كه‌ی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ته‌ بۆ حزبێك زیاتر له‌ 70 ساڵه‌ رێبه‌رایه‌تی پرسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌كات و قوربانی له‌پێناودا ده‌به‌خشێت. دواتر كێ گره‌نتی ئه‌وه‌ ده‌دات له‌ دۆخی داگیركاریدا ئازادییه‌كان فه‌راهه‌م ده‌كرێن بۆ ده‌نگده‌ری كورد له‌ ناوچه‌(داگیركراوه‌كان)؟ ئاخۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن چۆن ده‌بێ و كێ ده‌توانێ كاندیده‌كانی به‌ ئازادانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌بێت بناسێنێ؟ ته‌نیا ئه‌وانه‌ نه‌بێ كه‌ ملیان بۆ داگیركاری شۆڕشكردووه‌. بۆیه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاری پارتی هه‌ڵه‌ نه‌بووه‌ له‌وه‌ی به‌شداری نه‌كات و پێداگیری بكات له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌و داگیركارییه‌.
دووه‌م: بڕیاری تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و چۆنێتی به‌شداریكردنی پارتی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌. بڕیارێكی حه‌كیمانه‌یه‌ كه‌ پارتی به‌ لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری بكات و دواتر له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ هاوپه‌یمانێتی ئه‌نجام بدات، مادام هه‌ڵبژاردن گوزارشته‌ له دیموكراسی، نابێ ئه‌و مافه‌ له‌پارتی وه‌ربگیرێته‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتی ره‌تكردۆته‌وه‌ بۆ چوونه‌ ناو هه‌ڵبژاردن. چونكه‌ پارتی حزبێكی سیاسیه‌ و ململانێ و ركابه‌رێتی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌نگه‌كانی زێده‌تر بكات، كه‌ چۆن مافی هه‌ر كیان و لایه‌نێكی دیكه‌یه‌، به‌مانشێوه‌ مافی خۆیه‌تی پارتی به‌ لیستێكی سه‌ربه‌خۆ خۆ بخاته‌ به‌رده‌م را و بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان، لایه‌كی دیكه‌یش كه‌ره‌سته‌ی پارتی و هه‌ڵوێسته‌كانی پارتی له‌ پێش 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017 خاڵی به‌هێزن كه‌ ببن به‌ مادده‌ی پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن و جارێكی دیكه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ متمانه‌وه‌ ده‌نگ بۆ ئه‌م حزبه‌ بده‌ن.
كه‌واته‌ باجه‌كه‌ی هه‌ر شتێك بێت، پارتی دوو بڕیاری مێژوویی و گرنگیداوه‌، له‌ سۆنگه‌ی كوردستانی بوونی ناوچه‌(داگیركراوه‌كان) جارێكی دیكه‌ خه‌ونی دوژمنان له‌گۆڕ ده‌نێت و له‌ دانوستان به‌هێزه‌وه‌ ده‌توانێ مامه‌ڵه‌ بكات و له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش ده‌رگای كێبڕكێی دیموكراسی و ئازادی فراوانتر كردووه‌.
Top