دز و پاشدز

دز و پاشدز
هیچ گومان لەوەدا نییە کە پاشدز لە خودی دز تاوانبارترە، چونکە پاشدز جیا لەوەی شەریک و هاوبەشی تاوانی دزی کردنەکەیە، لە ئەگەری بەئاگا هاتنی خاوەن ماڵ یان کەسی دزی لێکراو، بۆ ئەوەی ئامادەیە خاوەن ماڵ یان هەر کەسێک بکوژێ کە دەبێتە هۆکاری ئاشکرا بوونیان، بە هەموو پێوەرە یاسا ئاسمانی و زەمینیەکانیش کوشتنی کەسێک تاوانترە لە دزی کردن، کەواتە پاشدز تاوانبارتر لەو کەسەی بە دزی کردنەکە هەڵدەستێ.
پاساو هێنانەوەش بۆ درۆزن و پینەکردنی درۆکانی تاوانی زیاترە لە درۆکردن، چونکە تاوانی پاساو هێناوە بۆ درۆزن و پینەکردنی درۆکانی، رەوایی دانە بە درۆکانی بە راستگۆ ناساندنی درۆزنەکەشە، ئەوەش وا دەکات راستیەکان ون ببن و راستگۆ و درۆزن تێکەڵ بکرێن، بەوەش درۆزنەکان دەتوانن پێگەی خۆیان لەناو خەڵکدا بەهێز بکەن و کۆمەڵگاش بەرەو هەڵدێر بەرن.
عەبادی چەندی لە هۆنینەوەی درۆ شارەزا و کارامە بێ، محەمەد حەکیمی گەورە بەرپرسی کۆمەڵی ئیسلامیش لە پینەکردنی درۆ ئەوەندە شارەزاترە، ئەوەتا بە مەبەستی بە راستگۆ ناساندنی عەبادی و پینەکردنی درۆکانی دەڵێ: عەبادی سوێندی خوارد کە لە سوپاس کردنی هێزە عێراقیەکان هێزی پێشمەرگەی لەبیر چووە، هەموو کەس لەوە دێنیایە کە بە هیچ شتێک پێشمەرگەی بیر نەیاتەوە، داستانی پردێ و سحێلا وایکردووە عەبادی هەرگیز پێشمەرگەی لەبیر نەچێ، بۆیە خەڵک نە بە درۆکەی عەبادی بڕوا دەکا و نە پینەکردنەکەی محەمەد حەکیمیش بە هەند وەردەگرێ.
دەڵێن: خوا و پێغەمبەر نەفرەتیان لە درۆ و درۆزن کردووە، ئەوەش ئەو پرسیارە درووست دەکات کە خوا و پێغەمبەر چی بەوانە دەڵێن کە درۆی درۆزنەکان پینە دەکەن و درۆزنەکان بە راستگۆ دەناسێنن؟ بەو هیوایەی محەمەد حەکیم وەک پینەچی درۆکانی عەبادی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە
Top