بەھۆی سازشنەکردن لە مافەرٍەواکانی کورد ، پارتی و بارزانی ھەموو کات ئامانجی دوژمنان بوونە ..

بەھۆی سازشنەکردن لە مافەرٍەواکانی کورد ، پارتی و بارزانی ھەموو کات ئامانجی دوژمنان بوونە ..
ئامانج خەبات و بەرخۆدانەکانی کورد رٍەتکردنەوەی ژێر دەستی و زوڵم و زۆرداری داگیرکەران بووە تا ئەو میراتە کوردانەیە دراوەتە دەستی پارتی وەک رێبازی کوردایەتی و بارزانی وەک ئەمانەتدا و ئاڵاھەڵگری کوردایەتی و کۆڵنەدان .دوژمنانی کورد بە ھۆی سازش نەکردنی بارزانی نەمر و ئینجا سەرۆک بارزانی ھەمیشە پیلانگێریان کردووە بۆ ئەوەی ئەو چیا پۆلایین و کۆسپە بەردەمییان لابەن،بۆیە چەندین جار لە رێگە بەرکرێگیراو سیخورەکانیان ھەوڵی تیرۆرکردنی ئەو سیبموڵانەی نەتەوەیی کوردیان داوە .لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردا، کاری تیرۆری شەرمەزار کردووە و بەکارێکی دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم داوە، سەرەڕای ئەو ھەموو زەبر و زەنگ و زوڵم و ستەمەی بە درێژایی مێژوو، دەرھەقی گەلی کورد کراوە، بەڵام شۆڕشی کورد قەت پەنای بۆ کاری قێزەونی تیرۆر نەبردووە و ئەمەش گەورەترین شانازییە بۆ نەتەوەکەمان. ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی شۆڕشی کورد و سەردەمی خەبات و بەرخودان ھەڵدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە بەعسییە فاشییەکان چەندە دوژمنی گەلی کوردو سەرکردایەتی شۆڕشەکەی بوون. لە٨ کانوونی دووەمی ساڵی١٩٧٩ باڵوێزخانەی عێراق لەشاری ڤیەننا ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک مسعود بارزانی دا، لەکاتێکدا بارزانی و ھەڤاڵەکانی کە یاوەری بوون لە ماڵ دێنە دەرەوە، لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامک بەسەر تەقەیان لێ دەکرێت، خۆشبەختانە سەرۆک بارزانی بە سەلامەتی رزگاری دەبێت، بەڵام دوو لە ھەڤاڵەکانی کە یاوەری سەرۆک بارزانییان دەکرد برینداردەبن، کە ئەوانیش ئازاد بەرواری و پیرۆت ئەحمەد بوون. رژێمی بەعسی لەناوچوو، چەندان پیلانی گڵاوی ئەنجامدا بوون، تاکو دەرفەت لەسەرکردایەتی کورد بینێت و لەناویان بەرێت، بەڵام ھەوڵەکانی بێھودەو بەفیڕۆچوو بوون، مەرامە گڵاوەکانیشی بەدی نەھاتبوون، حکوومەتی عێراق ترسی لە رابەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان لە لایەن ماڵی بارزانی ھەبوو، ئەوانی بەمەترسی دەزانین، چونکە دەیزانی ئەوان کوردی شۆڕشگێڕن و قەت سازش لەسەر داوا ڕەواکانی دۆزی کوردو مساوەمەش لەسەر بستێ خاکی کوردستان ناکەن، تا میللەتی کورد ھەردەم سەرفراز و سەرکەوتوو بژێت..
دامەزراندنی پارتی لەسەر دەستی بارزانیی نەمر وەک سەرکردەی نەتەوەیی و ھەڵگری ئاڵای ڕێبازی بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد، ڕێبازی شێخ عوبەیدوڵلای نەھری و شێخ ئەحمەدی بارزانی.بنەما کۆمەڵایەتییەکانی بیرکردنەوەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە پێکەوەژیانی ئایینی و پاراستنی مافەکانی ئافرەت و پاراستنی ژینگە و دادوەریی کۆمەڵایەتی و کۆڵنەدان و فیداکاری و، ڕەتکردنی ھەموو جۆرەکانی ستەم و چەوسانەوە،. ئاراستە سیاسییەکانی پاش دووەم جەنگی جیھانی و قۆناغی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی و نەتەوەیی، کە بریتین لە دیموکراسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دامەزراندنی دامودەزگای سەردەمی بەڕێوەبردن و، پێشخستنی تواناکانی لاوان و ئافرەتان و گواستنەوەی کۆمەڵگا بۆ قوناغێکی پێشکەوتووتر. ھەردوو ئاراستەی دووەم و سێیەم، دیار و ئاشکران لەناو پرۆگرامەکانی پارتی ھەر لە کۆنگرەی یەکەمی پارتیدا تا ئەم کاتەش و ھەموو ئەو ئارمانج و داخوازە سیاسییەکانی پارتی ھەڵقوڵاوی ئەم بنەمایەن و بە پشتبەستن بە سیاسەتێکی واقیعبین و لێکدانەوەی دروست، پارتی دروشم و بەرنامەکانی، بەپێی تواناکان و ھەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی، زیرەکانە داڕشت و سەرکەوت لە بەدەستھێنانی ئارمانجە ھەنوکەییەکانی وەک ئۆتۆنۆمی ١٩٧٠و فیدرالی ١٩٩٢ و ٢٠٠٥.پارتی ئارمانجێکی گەورەتر و پیرۆزتری ھەیە، کە ئارمانجی ڕزگارکردنی کوردستان و سەربەخۆیی و ئازادیی کورد و کوردستانیانە، کە بە بەردەوامی لە بڕگە سەرەتاییەکانی پرۆگرامی پارتیدا جەختی لەسەر کراوە، ئەگەرچی دروشمی ڕاگەیەندراوی پارتی بریتی بوو لە دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، بەڵام پارتی و سەرکردایەتیی مێژووییی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ڕاستییەی نەشاردەوە کە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت ئامانجی سەرەکیی ھەر بزاڤ و شۆڕش و چالاکییەکی سیاسییە. دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ئەیلوول کوردستان یان نەمان بوو، ئاشکرایشە کە بەم دروشمە کورتە، سرووشت و ناوەڕۆکی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێبازی بارزانی بەرجەستە کرا، ئەویش خەباتکردنە بۆ ڕزگاریی کوردستان و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی ھەر قوربانیێک لەم پێناوەدا.ھەر ئەمەش وایکرد کە بە درێژاییی شۆڕشی ئەیلوول، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، بەشداریی بەرچاو و کاریگەریان ھەبوو و ھەموو کوردستانیان ئەم شۆڕشەیان بە شۆڕشی خۆیان دەزانی و بە ئومێدی گەیشتن بە سەربەخۆیی، خوێنی پیرۆزی خۆیان پێشکەش کرد و ھەموو ماڵێک بوو بە پەناگا و پاڵپشتی شۆڕش.
گومانی تێدا نییە کە کوردستان بە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەجێندای سیاسیی وڵاتان و دەسەڵاتدارانی رژێمی بەغدا تێکەڵ کراوە بە خواست و داواکاریی ھاووڵاتیان و بەرنامەسازی کراوە بۆ تێکدانی بارودۆخی سیاسی و ھەڵوەشانەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان .ئەم بارودۆخە نەخوازراوەی ئەمڕۆ بەسەر کوردستاندا ھاتووە، بۆ دوو ھۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی دەگەڕێتەوە. لەکاتێکدا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان بە بارودۆخێکی گەلێک ھەستیاردا تێدەپەڕێت و کوردستان لە رووی دۆخی ناوخۆ رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەتەوە، بەھۆی دەستوەردانی دەرەکی و دوژمنانی کوردەوە، پرسی بە خاوەن دەوڵەت بوونی کورد، بۆ پرسێکی شەخسی و بەدەستەێنانی کورسی و ئیمتیازات گۆڕاوە. لەو پێناوەشدا ئابڵۆقەکانی دوژمنکارانە لەسەر کوردستان نادیدە دەگرن و تەنیا دەیانەوێت لایەنێکی پێ تاوانبار بکەن و کۆمەڵگەی کوردی لە رەوتی نەتەوەیی دوور بخەنەوە، بۆیە دەبێت میللەتی کورد لەم بارودۆخە ھەستیارەدا زۆر یەکڕیز و یەکھەڵوێست و یەکدڵ و دەست بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و سووربین لەسەر ئامانجەکەمان، نەک رێخۆشکردن بۆ ناحەزانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان.با چاوێک مێژووی خەباتماندا بخشێنینەوە و بەبیر خۆمان بێنینەوە کە چیمان بەسەرەاتووە و بەکوێ گەیشتووین، تەنیا بەوەش دەتوانین دۆست و دوژمنانمان لە یەکتر جیابکەینەوە. دەبی سیاسییەکانی کوردستان گرنگیی زیاتر بە ھەستی خەڵک و ئەم بارودۆخە ناسکە بدەن کە ناحەزانی کورد دەیانەوێت بۆ تێکدانی ئارامیی وڵات و لەباربردنی دەستکەوتەکانمان بیقۆزنەوە. ھەروەھا ئەگەر ئێمە رێبواری رێگای سەربەخۆیین و ھەڵگری ئاڵای ئاشتی و پێکەوەژیانین، دەبێت بە یەکڕیزی و بەڵێ بۆ ھەنگاونان بەرەو ئامانجی مەزن و، نەخێر بۆ خزمەتکردن بە ناحەزان و دوژمنانی وڵاتەکەمان، با خاوەن ھەڵوێست بین و لەم تەم و مژاوی بوونەی سیاسەتی دژی کورددا کوردستان یان نەمان ببێتە دروشمی خۆمان و بەدڵنییاییەوە خۆراگریمان و یەکھەڵوێستیمان کلیلی سەرکەوتنە بەرەو ئامانجەگەورەکەمان.
شەرٍی ئێستای دوژمن " دەروونی و ئابوورییە"،رٍاستە دژوار و قورسە ،بەڵام سەرکەوتنی گەورەی بەداوەیی..ناحەزان و رژێمە یەک لە دوای یەکەکان بە درێژایی دیرۆکی خەبات و قوربانیدا میللەتەکەمان ھەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژیان لە دژی بەکارھێناوە بەڵام ھیچ کات تەسلیم نەبوو و ئیرادەی نەشکاوە ، بە دڵنییاییەوە ئەمجارەیان کە گەلەکەمان خاوەنی گەورەترین دەستکەوتە کە ئەویش تاپۆی کوردستانە بەھێزتر لە رابردوو لە بەرامبەر چەکی ئابووری و ئابڵوقەدان و شەرٍی دەروونیش دوژمنان سەرکەوتوو دەبێ و گشت بەستەڵەکەکان دەشکێنێت . بە دڵنییاییەوە ئەو خۆراگریی و سازش نەکردەنەی پارتی و بارزانی دەبێتە ھۆی سەرکەوتنی کورد وکوردستان.
Top