به‌غدای مایه‌پووچی گره‌وه‌كان

به‌غدای مایه‌پووچی گره‌وه‌كان
له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی له‌ ‌سنووری پارێزگای سلێمانی روویان دا، وه‌ك بینیمان نه‌خوازراو بوون و له‌ودیوی داواكارییه‌كان كارته‌ سیاسییه‌كان ئه‌جێندای خۆیان هه‌بوو.
ئه‌و رووداوانه‌ دوای چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك دێت، كه‌ به‌غدا رۆژانه‌ له‌ نێو هه‌ڕوگیف و شپرزه‌ییه‌كی لێك ئاڵۆزبووی پڕ له‌ گرێوگۆڵی به‌دگوماناوی وا ده‌ژیا، جگه‌ له‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ ئه‌مریكا ئاشقی مانه‌وه‌یه‌تی به‌ یه‌كگرتوویی، چیتری لێ نه‌ده‌خوێندرایه‌وه‌.
به‌غدای دوای خۆپێشاندان و ئاژاوه‌كانی سلێمانی، به‌غدای ئێستای عه‌بادی و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شیعه‌مه‌زهه‌ب، رۆژ نییه‌ به‌ گوتار و گفته‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌كانیان راسته‌وخۆ و ناراسته‌خۆ شكسته‌ سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌كانیان به‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌ داعشبه‌زێنه‌كان و دیپلۆماسییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رنه‌بڕێ.
ئه‌وه‌یان له‌كاتێكدایه‌، له‌وه‌ته‌ی كۆماری فه‌ره‌نسا ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ به‌ كوردی و به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر به‌غدا شڵه‌ژا، وڵاتانی ئه‌ورووپایی و ئه‌مه‌ریكایش موچڕكی شه‌رمه‌زاری جه‌سته‌یانی ته‌نی و خه‌ریكه‌ به‌خۆدا ده‌چنه‌وه‌. هه‌مان پێشوازییش له‌ ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن خودی ئه‌نگێلا مێركل به‌ یه‌كجاری حكوومه‌تی عه‌بادیی نیگه‌ران و ته‌نگه‌تاو كردووه‌، له‌كاتێكیشدا سه‌ردان و دیداری دیكه‌ش به‌ڕێوه‌ن.
گرینگ خودی به‌غدایه‌ له‌و حه‌قیقه‌ته‌ تێگه‌یشت، كه‌ تا دێ پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆكمه‌تر ده‌بێ و وه‌ك چۆن پرۆژه‌ی حكوومه‌تی كاتی (رزگاریی نیشتیمانی، پێشنیازكراوی سلێمانی) فه‌شه‌لی هێنا و له‌ ئان و ساتی سه‌ردان و پێشوازییه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیایش له‌ نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوه‌ری كه‌ له‌ سلێمانی قلیشایه‌وه‌، هاوكێشه‌كه‌ مانای خۆی گه‌یاند. ئه‌وه‌شیان وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ مێژوو بۆ كورد خۆی دووباره‌ بكاته‌وه‌. له‌ 17ی شوباتی 2011 یش كاتێ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له‌ ئیتاڵیا و له‌ ڤاتیكان له‌ گه‌شتێكی فه‌رمیی ئاستبه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیدا بوو، له‌ سلێمانی قلیشایه‌وه‌.
قسه‌ له‌سه‌ر به‌غدای عه‌بادییه‌، ئه‌و به‌ هه‌موو پێوه‌ر و تێگه‌یشتنی خۆیه‌وه‌ له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ داگیركردنی كه‌ركووك و خورماتوو وای مه‌زنده‌ ده‌كرد، ئاڵای كوردستان به‌ یه‌كجاری دێنێته‌ خواره‌وه‌ و هه‌ولێر و فرگه‌كانی و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان داگیر ده‌كات و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كی 6 ملیۆنی كپ ده‌كات!.
به‌ بیر ناسیۆنالیستانی به‌غدا و ناوچه‌كه‌ دێنیینه‌وه‌، له‌ كاتی رێككه‌وتنه‌ خیانه‌تكارییه‌كه‌ی جه‌زائیر له‌ 6ی ئازاری 1975ی نێوان شای ئێران و بۆمیدیه‌ن و سه‌ددام، به‌ سپۆنسه‌ری هێنری كیسنجه‌ر، مسته‌فا بارزانی رابه‌ر و سه‌رۆكی شۆڕشی كوردستان، ته‌نیا حاجی ئۆمه‌ران و چۆمان و ناوپردان و گه‌ڵاڵه‌ی سه‌ر رێگای هامڵتۆنی وه‌ك پێگه‌ی جیۆگرافیی خه‌باتی چه‌كداری بۆ به‌رخودان له‌ به‌رده‌ست شۆرشگێڕانیدا مابوو، له‌ هه‌موو به‌ره‌كانی شه‌ڕیشدا ئه‌وسا، رووی سه‌ربازی سه‌رزه‌مینی و ئاسمانی به‌ره‌و ئاراسته‌ی باره‌گای بارزانی بوو، جگه‌ له‌ دیلمان و بارزان، له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی بادینان و سۆران، به‌ شار و دێهاته‌وه‌ له‌وانیشه‌وه‌ به‌ شاره‌ ستراتیژییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانییه‌وه‌ش كه‌ نه‌بوونه‌ پێخوستی سوپای عێراقی، ئه‌وجا نه‌تواندرا ده‌نگی شۆڕش و به‌رخودان كپ بكرێت،
ئه‌ی ئێستا چۆن ده‌كرێ؟ سه‌یره‌؟ به‌غدا تا ئێستا سوودی له‌ ئه‌زموونه‌ تاڵه‌كانی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌، وا پێده‌چێ ئێستایش یاده‌وه‌رییه‌كانی كاڵ و كرچ بووبێته‌وه‌ و هه‌ست به‌ لێكه‌وته‌ و ده‌رهاویشته‌كانی رێككه‌وتنی خیانه‌تكارانه‌ی 6ی ئازاری 1975 نه‌كات و، وابزانی شه‌ڕی وێرانكاره‌ی 8ساڵه‌ی عێراق و ئێران – قادسیه‌ی سه‌ددام و هه‌ردوو شه‌ڕی كه‌نداو 1991 و 2003 به‌ داگیركردنی كوێت و شه‌وی كه‌وتنی به‌غدا له‌ 2003، له‌ خۆڕا و و وه‌ك نێركه‌كاردی له‌ ساكه‌ده‌شتێ هه‌ڵتۆقیبن؟ نه‌ك خیانه‌تكردن له‌ پرسێكی رزگاریخوازی نیشتیمانی.
ئێستا دوای 42ساڵ له‌ 25ی ئه‌یلوولی 2017دا ئه‌م پرسه‌ له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆی بینییه‌وه‌.
ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی یا ده‌رهاویشتانه‌ی له‌ دوای رێككه‌وتنی ژێراوژێری گه‌له‌كۆمه‌كی ناوچه‌یی ناسیۆنالیستانی عه‌ره‌بی و فارسی به‌ ده‌ستله‌پشتدانی كیسنجه‌ری شه‌یتانولئه‌كبه‌ری ئیمپریالیزمی عاله‌می ده‌ردی ئێرانییه‌كان گوته‌نی، له‌ دوای 6ی ئازاری 1975وه‌ تا رۆژی ئه‌مڕۆ، یه‌خه‌ی كۆمه‌ڵگای عێراقی و عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌ و له‌وانه‌وه‌ش ئێرانی ئه‌هلی به‌یتی گرتووه‌ته‌وه‌، ده‌رئه‌نجامن و هۆكاره‌كانیشی دیار و روونه‌.
لێره‌دا ده‌پرسین، ئه‌ی لێكه‌وته‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كانی داگیركردنی خورماتوو و كه‌ركووك، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌بێ چ بارودۆخێكی خراپتری بۆ به‌غدا لێ بكه‌وێته‌وه‌؟ چ بۆ ئێستا چ بۆ ئاینده‌ی حوكمڕانی و پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق؟ ده‌بێ چۆن بگوزه‌رێت؟
له‌ كاتێكدا گه‌لی كوردستان به‌ر له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر پرۆسه‌ی نیشتیمانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، خۆی به ستانداری جیهانی و به‌ ئاگاداریی به‌غدا و سه‌رتاپای ده‌وڵه‌تانی جیهان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام داوه‌، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ریش به‌غدا هه‌موو گره‌وی له‌سه‌ر لێكترازانی ناو ماڵی كورد و و دووئیداره‌یی و شه‌ڕی ناوخۆی كورد ده‌كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ نێوانی پارتی و یه‌كێتی له‌مه‌شیاندا مایه‌پووچ ده‌رچوو.
تاكه‌ گره‌و به‌رنامه‌ و گریمانی به‌غدا ئێستا بریتییه‌، له‌ شكستی كوردستان و حوكمڕانییه‌كه‌ی، له‌سه‌ر بیناكردنی زیاتری سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان و جووڵاندنی شه‌قام وه‌ك بینیمان، تا قه‌یرانه‌كان قووڵتر ببنه‌وه‌ و شه‌ڕ دروست ببێ و سیاسه‌تی په‌رتكه‌ و زاڵبه‌ی ئینگلیزانه‌ی به‌غدا له‌نێوان شاره‌كانی كوردستان سه‌ربگرێت، كه‌ سه‌ری نه‌گرت، هێرشی ئاماده‌ی بۆ سه‌ر هه‌ولێر له‌ به‌ره‌كانی پردێ و مه‌خموور یا به‌ری رۆژئاوای دیجله‌، ده‌مامكه‌كانی به‌غدا فڕێده‌درێنه‌ ئه‌و گۆڕه‌ و لێكه‌وته‌ و ده‌رهاویشته‌كانی داگیركردنی كه‌ركووك دێنه‌ پێش، ئاینده‌یه‌كی نادیاری بۆ به‌غدا و هاوپه‌یمانانی بریتی ده‌بێ له‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجام دراون، كه‌ هه‌موویان تاوانی جه‌نگن و ئاواره‌كردنی هاووڵاتیان و سوتماكردنی خاك و ماڵی هاووڵاتیانی كوردیش له‌وێ بوه‌ستێ، گه‌ر كورد هه‌ر هاووڵاتی مه‌حكوم كرا و به‌ ئه‌نفال و جینۆسیادیش بێ، ئه‌و رۆژه‌ نزیكه‌ قسه‌ی خۆی بكات.
Top