چەرخی بەختی كورد و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە

چەرخی بەختی كورد و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە
ئارامی و ئاوەدانی خێرای هەرێمی كوردستان بێ وێنە بوو و دەنگی دایەوە، گەشەی ئابووری و بەهێزبوونی دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان و بەرەو پێشڤەچوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ماوەیەكی كەمدا، پێشوازی كردن و پەیوەندییەكان لە سەر ئاستی وڵاتێكی سەربەخۆ، زیاد بوونی گەریدە و گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان و گەشەی خێرای ئەم هەرێمە لە هەموو بوارەكاندا، بە تایبەت لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، چاوی دووژمنان و هەندێك لە وڵاتانی ئیقلیم كوێر كرد بوو و، ناحەزێكی زۆر بۆ ئەم هەرێمە سەری بلند كرد. بۆ لە ناوبردنی گەشەی ئەم هەرێمە و رێگریكردن لە پێشڤەچوونی كورد، چەندین پیلانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی گێڕان و كوردستان تووشی شەڕی داعش و بڕینی بودجە و چەندین فشاری دیكەیان كرد، لێ‌ دیسان وڵاتانی زڵهێز و خاوەن بڕیاری جیهان پشتگیری لە هەرێمێكی بەهێز لە ناو عێراقدا دەكەن. واتە گەشەكردنی هەرێمی كوردستان لە بواری دیپلۆماسییەت وەكوو خۆی ماوەتەوە و هێشتاش وڵاتان لە گەڵ هەرێمێكی بەهێزدان و لە ئاستە بەرزەكان پێشوازی لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، سەردانەكانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەلمێنەری ئەم راستییەن.
پێشوازی كردنی نێچیرڤان بارزانی لە لایەن سەرۆك و بەرپرسانی بالای فەرەنسا و ئەلمانیا و دەعوەتكردنی بۆ چەندین وڵاتی دیكە، گەواهیدەری پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانە و، وێڕای ئەوەی كە لە قوناغێكی سەختی قەیران و كێشە و ئالۆزییە دروستكراوەكاندا دەژی، بەڵام پێگەی ئەم هەرێمە بۆ وڵاتانی ئەورۆپی و زلهێزەكان زۆر گرنگە و جێگەی بایەخە، بۆیەشە هەر هەموو وڵاتان داوای هەرێمێكی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دەكەن و داوا دەكەن مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان رەچاو بكرێن و چیدیكە بە ناوی دەستوور زولم لە خەڵكی كوردستان نەكەن.
لە سەردانەكانی ئەم دوواییەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پشتگیرییەكی بەهێز پەیدا بوو بۆ هەرێم و ئەو ولاتانە فشار دەخەنە سەر بەغدا بۆ جێبەجێ‌ كردنی دەستوور، ئەگەر نا بۆ هەموو دونیا روونە كە بەغدا دەستووری پێشێل كردووە و تەنها بە ناوی دەستوور فشارەكانی سەر كورد زیاد دەكات. بە تایبەت فەرەنسا و ئەلمانیا وەكوو سەرۆكوەزیرانی وڵاتێكی بەهێزی ناوچەكە پێشوازییان سەرۆكوەزیرانی هەرێم كرد و، بە ئاشكراییپشتگیرییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا بۆ كورد دووپارتیان كردەوە و ئاشكرایان كرد كە بە چڕی چاودێری رەوشی عێراق دەكەن، بەمەش پەیامێك ئاراستەی عێراق كرا. بۆیە ئەم سەردانانە زۆر گرنگن و رووی راستەقینەی بەغدا دەردەكەوێت.
كورد بەشێكی سەرەكییە لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و نێچیرڤان بارزانی رولی سەرەكی دەگێڕێت لەو گۆڕانكارییانەدا و، ئەركێكی قورس و پیرۆز كەوتووتە سەر شانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە زۆر بە وریایی كار لە گەڵ گۆڕانكارییەكاندا بكات.
دوای سەد ساڵ دابەشكردنی خاكی كوردستان بە سەر چوار وڵاتی ناوچەكەدا، ئەمڕۆ دەرفەتێكی زێڕین لە بەر دەستی كوردە و گۆڕانكاری بە سەر ناوچەكەدا دێت، كوردیش بەشێكی سەرەكییە لەو گۆڕانكاریانە و، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لەو كەسایەتییانەی كە رۆلێكی سەرەكی دەگێڕێت و كورد لەو پیلانە ئەهریمەنییانە رزگار دەكات و كورد دەگەیێنێتە ئاوات و مافە رەواكانی.
Top