لە پەرلەمانتاریەوە بۆ راوێژکاری و جاسووسی کردن
December 23, 2017
وتار و بیروڕا
کاتێک دەڵێم: لەگەڵ فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەست هەڵدەبڕن و دەست دادەگرن، دەنگدانیان بە حەشدی شەعبی، یەکێک لەو بەڵگانەیە کە لە پەروەردەی حزبی و پەیوەندی ژێربەژێری سەرکردەکانیان بە بەغداوە بۆیان ماوەتەوە، جگە لەوەش لە لێدوانەکانیان ئەوەندە دژی کورد و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانن، مالیکی و عەبادی و توندڕەو و شۆڤێنیەکانی ناو دەوڵەتی یاسا شەرم دەکەن بەو زمانە دژ بە کورد و کوردستان بدوێن.
بەوە دەردەکەوێ کە لە رووی ئەرکی پەرلەماتاریەوە خۆیان دۆڕاندووە، بۆ جاسووسی کردنیش بەسەر کورد و حکومەتی هەرێمەوە زیاتر لە جارێک لەسەر زاری عەبادی و پەرلەماتارانی دەوڵەتی یاساوە، باس لەوە کراوە کە زانیاری گرنگ و مەترسیداریان لەو فراکسیۆن و پەلەماتارانە پێ گەیشتووە، ئارێز عەبدوڵا سەرۆکی فرکسیۆنی یەکێتی و موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و عادل نوری پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە راگەیاندنەکان چەند جارێک ئاماژەیان بە کاری جاسووسی ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارە هەڵوێست فرۆشانە کردووە.
بۆ کاری راوێژکاریش هەر ئەو فراکسیۆن و پەرلەماتارانە زۆر جاران رێنمایی حەیدەر عەبادیان کردووە، کە بۆ گفتگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ناردنی مووچەی فەرمانبەران کات بکوژێ، ئەوانیش و حزبەکانیشیان لە کوردستان دژی حکومەت خەڵک هاندەدەن، بێدەنگی حزبەکانیشیان لە هەڵوێست فرۆشی پەرلەماتارەکانیان، ئەو راستییە دەردەخات کە ئەو راوێژکاری و جاسووسی کردنە سیاسەتی حزبەکانیانە و ئەوان لە بەغدا دژی کورد و ئامانجە نەتەوەییەکانی جێبەجێی دەکەن، هاندانی خەڵک و سوار بوونی شەپۆلی داخوازی خۆپیشاندەران و تێکەڵ کردنی ئامانجە سیاسیەکانیان بە داواکاری خەڵک و هاندان بۆ سووتاندنی بارەگا و دامودەزگا حکومیەکان، گومانەکانی دەست تێکەڵ کردنیان لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان دەڕەوێنێتەوە و پەردەش لەسەر هاوپەیمانیان لەگەڵ دوژمنان لادەدات.