پەیوەندی پەروەردە بە ئاڵای کوردستان

پەیوەندی پەروەردە بە ئاڵای کوردستان
نووسەر و ڕەخنەگری ئوسکتلەندی جیمیس کارلیل دەلێ" سەربەرزییە بۆ مرۆڤ لە پێناو ئاڵاکەیدا بژی، بەڵام سەربەرزانە ترە لە پێناو ئەو ئاڵایەدا بمرێ"
بێگومان ئاڵا ھێما و ئاماژەی کەڕامەت و سەربەرزی و ناساندنی ھەر گەل و ووڵاتێکە، بۆ ئێمەش وەکو کورد و کوردستان ئاڵای کوردستان ھێمای ناسنامەی نەتەوایەتی و نیشتیمانی و سەربەرزی و قوربانیدانی میللەتەکەمانە، پێویستە نرخ و بایەخ و گرنگی ئەو ئاڵا یە لە ناخی منداڵەکانمان بە زیندووی بھێلینەوە بەتایبەتی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرامەکان گرنگی و بایەخی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم پۆل و قۆناخەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی لە پەرتووکی پەیوەندیدار وەکو پەروەردەی نیشتیمانی یان ھەر بابەتێکی تر بە ڕوونی ڕەنگ بداتەوە .
قوتابیەکانمان زیاتر بە ناساندنی ئەو ئاڵایە ئاشنابن و گرنگیەتی و بایەخداری ئاڵای کوردستان لە ناخی ڕۆڵەکانمان بچینین لە رێگای پڕۆگرامەکان لە قوتابخانەکان بخوێندرێن و قوتابیەکانمان فێربکرێن کە خاک و نیشتیمان و ئاڵا و چەند پیرۆز و بەنرخن ھەموومان لە ھەر کات و سات ئامادەییمان تێدا ھەبێ لە سەر پاراستنی خاک و نیشتیمان بۆ بەرز ڕاگرتن و شەکاوەی ئاڵاکەمان ، خۆمان بکەینە قوربانی و بزانرێ کەوا ھەردەم خیانتکاران و خۆفرۆش و خاک فرۆشەکان ڕوو ڕەش و شەرمەزارن بەرامبەر خاک و ئاڵا و نیشتیمان و نەتەوە ، بەڵام شۆڕشگێر و قارەمان و کەس و کاری شەھیدان ھەردەم سەربەرز و سەرفرازن و وەکو ئاڵای کوردستان بەرز و شەکاوەن.
قوتابیەکانمان لە رێگای پڕۆگرامەکان فێر بکەین کە سڵاو کردن لە ئاڵای کوردستان و بەرز ڕاگرتنی ئەرکی ھەموومانە و سەربەستی و ئازادی و سەربەخۆیی و خۆشەویستی نیشتیمان و خاک لە دڵمان زیاتر دەکات ، وە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ھەموو سالێک لە (١٧/١٢) یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە لەو رۆژەدا ئاڵای کوردستان لەلایەن پێشەوای نەمر قازی محەممەد درا بە دەستی بارزانی نەمر وەکو شۆرشگێرێک کە تاکە کەسە بتوانێ ئەو ئاڵایە بپارێزێ و لەکاتی پێویست ھەڵبکات، ئەوە بوو ئەو ئاڵایە لە کۆماری مەھاباد ھەڵکرا، وە لە ساڵی ١٩٩٩لەلایەن پەرلەمانی کوردستان رۆژی (١٧/١٢)ی ھەموو سالێک بە رۆژی ئاڵای کوردستان ناساندرا.
لەو رۆژە ھەموو کوردستانیان یادی ڕۆژی ئاڵا بەرز و شەکاوە ڕادەگرن و لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر نوێ کردنەوەی پەیمان و بەلێن و وەفا بۆ خوێنی شەھیدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی خاک و نیشتیمان ، ھەر لەو رۆژەدا سڵاو و رێز و نەوازش و دوورد بۆ گیانی پاکی نەمری ھەموو شەھیدانی کورد و کوردستان سەرقافلەی شەھیدان بارزانی نەمر دەنێرین کە گیان و خوێنی ئالی خۆیان بەخشی لە پێناو سەربەرزی کورد و کوردستان و شەکاوەی ئاڵای کوردستان و مانەوەی بە بەرزی و شەکاوەیی ، پێویستە لە سەرجەم قوتابخانەکان جگە لە ڕۆژی ئاڵا و ھەفتانە کە رۆژێک ئاڵای کوردستان لە گۆڕەپانی قوتابخانە بەرز دەکرێتەوە و سروودی ئەی رەقیب لەلایەن قوتابیان دەووترێتەوە کە وەکو رێنمایی جێ بەجێ دەکرێت، ھەوڵ بدرێت لە قوتابخانەکان لە پێشوازی قوتابیان ئاڵایەکی گەورە و جوان و ڕەنگین لە دیواری قوتابخانە وێنا بکرێت بنەخشێنرێ کە قوتابیان ڕۆژانە دەچنە قوتابخانە چاویان بگەشێتەوە و دڵیان خۆش بێت بە بینینی ئەو ئاڵایە و سڵاوی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی لەو ئاڵایە بکەن و دەست لە سەر دڵیان دابنێن کە ھێمای ئاسودەیی و دڵخۆشی و سەربەرزی و قوربانییە بۆ ھەموو کورد و کوردستانیان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top