نوێنەرانی کورد لە نێوان ئەرکی نوێنەرایەتی و هەڵوێست فرۆشیدا

نوێنەرانی کورد لە نێوان ئەرکی نوێنەرایەتی و هەڵوێست فرۆشیدا
کاری لە پێشینەی ئەوانەی خۆیان ناو ناوە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، لەباتی راپەڕاندنی ئەرکی نوێنەرایەتی، زۆرینەیان پێشبڕکێیانە لەسەرهەڵوێست فرۆشی و خۆ دانە دەست خواست و داواکاری شۆڤێنیەکانی عەرەب، ئەو هەڵوێست فرۆشیەش لە هەڵوێست و کار و وتاریاندا رەنگی داوەتەوە، ئاخر کەس بەوە نابێتە نوێنەر بە درووشم خۆڵ بکاتە چاوی دەنگدەر و دواییش خۆت لە بە کردار کردنی درووشمەکان بدزیەوە، چونکە نوێنەرایەتی ئەرک و کردارە، نەک درووشم و وتار، ئەگەر وا نییە و بە راستی نوێنەری خەڵکی کوردستانن، کوا هەڵوێستیان لە ئاست نەدانی گەنمی جوتیاران؟ ئەگەر بە راستی نوێنەرن کوا هەڵوێستیان لە ئاست ژێرپێ خستنی ئاڵای کوردستان؟ ئەگەر بە راستی نوێنەرن کوا هەڵوێستیان لە ئاست جینۆساید کردنی کوردانی خورماتوو؟ ئەگەر بە راستی نوێنەرن کوا هەوڵ و بە دەنگەوە چوونی زەویلەرزەکەی شاری دەربەندیخان؟
با لە ژێرپێخستنی ئاڵای کوردستان و جینۆسایدەکەی خورماتوو گەڕێین، چونکە ئەو دوو رووداوە نوێنەری خاوەن هەڵوێست و بوێری دەوێ، ئەو هەڵوێست و بوێریەش لە هەڵوێست فرۆش و خۆ بە دەستەوەدری وەک ئەوانە چاوەڕوان ناکرێ.
خۆ پارەی گەنمی جوتیاران کڕین و فرۆشتنە و داوا کردنی مەترسیان بۆ درووست ناکات، با لە گەنمی جوتیارانیش گەڕێین، چونکە ئەو بەناو نوێنەرانە ئەوەندە چاوشۆڕی عەرەبن، ئەگەر داوای بکەن لەوە دەترسن ئاغاکانیان پێیان بڵێن رەگەز پەرست و ناسیۆنالیزم.
بەڵام بۆ کارەساتە سروشتیەکەی شاری دەربەندیخان، دەیانتوانی لانی کەم خێمەیان بۆ دابین بکەن بە تایبەتیش کە سەرۆک کۆمار و وەزیری کۆچ و کۆچبەران کوردە، ئەگەر لەوەشدا ناوێرن لەبەر برا عەرەبە چاوڕەشەکانیان داوای خێمە بکەن، خۆ دەیانتوانی وەک کەناڵی رووداو بۆ کۆکردنەوەى پیتاک کەمپینێکیان ساز کردبا، ئەگەر لەبەر پلە و پۆستەکانیان شەرم لە ساز کردنی کەمپین دەکەن،ئەوا مووچەی یەک مانگیان بە خەڵکی دەبەندیخان بەخشیبا لە ئێستادا بێ کێشەیان دەکردن.
سەرۆک کۆمار مووچەی مانگێکی (١٢٠٠٠٠٠٠٠) دینارە، شێخ ئارامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، کە بە مامۆستایانی دەگوت: بایکۆت مەشکێنن و لە بەغداوە مووچەتان بۆ دێنم (٨٠٠٠٠٠٠٠) دینار مووچەی مانگانەیەتی، پەرلەمانتارێک (٣٠٠٠٠٠٠٠) دینار مووچەیەتی و (٦٥) پەرلەمانتار مووچەی یەک منگیان دەکاتە (١٩٥٠٠٠٠٠٠٠٠) دینار، دوو وەزیری بەناو کوردیشمان هەیە موچەی مانگێکیان (٦٠٠٠٠٠٠٠) دینارە، کۆی گشتی مووچەی مانگێکی ئەو بەناو نوێنەرانە دەکاتە (١٩٦٨٠٠٠٠٠٠٠) نۆزدە ملیار و شەش سەد و هەشتا ملیۆن دینار، ئەوە جگە لە پاسەوانی بندیوار و ئەو بڕە پارەی کە وەک کاری جاسووسی و بێدەنگیان لە ئاست رووداوەکان و نەهامەتیەکانی ئێستای کورد بە بەشێکی زۆریان دەدرێ، جا دەپرسم: ئەگەر خۆیان بە نوێنەری کورد زانیبا! ئایا بەو بڕە پارە نەیان دەتوانی کەمێک لە خەمی خەڵکی دەبەندیخان کەم بکەنەوە و لە سەرما و ترس و لەرز رزگاریان بکەن؟ وەڵامەکە بۆ خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانیان جێدێڵم.
Top