با كورادیەتی بكەینە دروشمی خەبات و كۆڵنەدان دژی داگیركەران ..
December 17, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی ئەمرٍۆ دەبینن وڵاتانی داگیركەری كوردستان دەیانهەوێت بە چەك و ئاگر وەڵامی ئازادیخوازی و دیموكراسی نەتەوەیەكی خاوەن ماف بدەنەوە نابێ کوردستان رێگا بەوە بدات ئەم جارە دەوڵەتە بەرژەوەندخوازەکان یاری بە کوردستان بکەن. لە هەمانكاتیشدا جێگەی شەرٍمەزارییە كە لە لایەك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بانگی ئازادیخوازی و مافی مرۆڤ و دیموكراسی بەرزكراوەتەوە لە لایەكی ترەوە خۆیان لە ویست و مافێكی رەوای وەك نەتەوەیەكی رٍەسەنی رۆژهەڵاتی ناوین هاوشێوەی كیمیاباران و ئەنفال و چەوسانەوەمان خۆیان بێدەنگ دەكەن .لە لایەكی ترەوە هەندێك كەس ولایەن بە هۆی بەرژوەندی تایبەتی خۆیان لە جیاتی پشتیوانی لە دۆزی كورد و مافەرەواكانیان رێك بەرنامەی دژایەتی میللەتەكەیان جێبە جێێ دەكەن ورۆژانە لە میدیا و كاردانەوەی حزب و هەندێك لایەن و میدیایی وهتد.. بە ناوی كوردستان دەبینرێت سووكایەتی كردن بە مێژوو و خەبات و بێ بایەخكردن ، گرنگینەدان بە سەركردە شۆرشگێرەكان ، سووكایەتیكردنی بە رٍەمز وسیمبوڵەكان و هەروەها لە هەمووشی گرنگتر " پێشمەرگە، شەهیدان" و گشت ئەو دەستكەوتانەی كە بەرهەمی خەباتێكی دوور و درێژ و قوربانیی دانی دەیان ساڵەمانە هیچی تر نابینرێت .
لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە كە ئەو دژایەتیكردن و دروشم و ڕقلێبوونەوانە هەمان هزرو بیری دوژمنكارانەی نەیارانی كوردە كە ئەوانە پشتیان لێكردۆتەوە و بەهەندێك هێز و لایەن لە دژی پارتیی وبازرانی جێبەجێی دەكەن ، بەخەیاڵی خۆیان بەڵكو بتوانن چۆن بەڵێنیان بۆ رادەستكردنی كەركووك لە دوژمنان وەرگرت و دواتر دوژمن پشتی تێیانكرت ، دەتوانن بەهەمان شێوەش ئەزموونی كوردستان ، پارتی وبارزانی لاواز بكەن و شكستی پێبێنن .جێگەی داخە بەشێکی زۆری میللەت تەنیا لەسەر ڕق لێبونەوەو دژایەتی پارتێک و ماڵباتێک پەروەردە بکرێت کە سەراپا مێژووەکەیان لە باب وباپیرانیانەوە تاکو نەوەکانی ئێستایان تەنیا و تەنیا لەخەمی گەلەکەیاندا بوونە بەبێ پسانەوەو ماندو بون و پاشەکشە بۆ تەنیا یەک ساتیش، لەو ڕێگەیەش هەرچی لە توانایاندا بووە کردویانەو قوربانی زۆریان داوەو هەرچی دەستکەوتی میللەتیش بووە بەرەنجامی ئەو قوربانی و خەباتە بووەو ئەوانیتر تەنیا سەربازی ئەو ماڵباتە پیرۆزە بوونەو زۆر جاریش لە پشتەوە بە فیتی داگیرکەران خەنجەری ژەهراویشیان لێدراوە، دڵسۆزی و گەورەیی ئەو ماڵباتەش لە دوا جاردا لێبوردە بووە لەگەڵیان تاکو بەخۆیاندا بچنەوەو ئەگەر خۆشیان فرچکیان بە خیانەت گرتبێت بەڵکو نەوەکانیان شوێن پێی ئەوان هەڵنەگرن کەوا دیارە ئەو چاوەڕوانیەش لە جێگەی خۆیدا نەبووە، ئەمە وێڕای ئەنجامدانی دەیان چاکسازی کۆمەڵایەتی لەناو ئەو خەڵکەی کە سەرپەرشتیان کردوون.چۆن ڕەوایە کە سەردەمانێکی زۆر هەموو تاکی ئەو نیشتمانە بە گەورەو بچوکیەوە لەو سەرەتاو تاکە قوتابخانەیە(پارتی و بارزانی) فێری گیان بازی و نیشتمان پەروەری و کوردایەتی دەبون و دەناسران لە کاتێکا ناویان لەکولەکەی تەڕیشدا نەبو ئاوا دژایەتی ئەو لایەنە بکەن و ئەو هەمو ڕقە بێ بنەمایەیان هەبی بەرامبەری و بەو جۆرە دژایەتی بکەن.
گەر بەویژدانەوە چاوێکی خێرا بە مێژوویی خەباتمان دا بخشێنینەوە و بۆمان ڕوندەبێتەوە کە پارتی و بارزانی شایەنی ئەوەن تێکڕای گەل لە دەوریان کۆببنەوە چونکە تاکە ڕێگەی گەیشتن بە سەرفرازی و بە ئامانج گەیشتنن، بۆ دەرچون و تێپەڕاندنی هەموو نەهامەتیەکان و ڕوبەڕو بونەوی ئالینگاریەکان تاکە هەڵبژاردە ڕاست و دروستەکەیە، لەکۆتاییدا دەڵێم پارتی و بارزانی تاکە شایەنی کەشتیوانی کردنی مافە ڕەواکانمانن نەک ئەو هەموو ڕق لێبونەوەو زمان درێژیە ناڕەوایانە. با یەكتر ونیشتیمانمان لە بەڵێنی دوژمنان زیاتر خۆش بوێت و كوردستان بپارێزین و پشتیوانی پارتی و بارزانی بین بۆ گەیشتن بە لووتكەی سەركەوتن ..
16ی ئۆكتۆبەر لەگەڵ ئەوەی خیانەتێكی گەورەی ئاڵی تاڵەبانی بوو لە میللەتی كورد وبەتایبەت كەركووك ئەوەی بە قودسیان ناو دەبرد ، بەڵام لە هەماكانكاتیشدا پێشڵكردنی و خیانەتێكی گەورەی بەغدا بوو لە بەرامبەر میللەتی كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو لە هەموو روویەكەوە هاوكاری تەواویی سوپای عێراق بوو بۆ ئەوەی بتوانێ بە سەر تیرۆریستاندا سەر كەوێت. هەروەها رژێمی عێراق هێز و سوپای بێگانە و میلیشاكانی حەشدی شیعی بۆ ئەنفاڵ و تاوانكاری و داگیركاری دژی میللەتی كورد و بە تایبەت كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر بەكارهێنا ئەمەش شكاندنی تەوافق وپێكەوە ژیان بوو كە بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێ.هەروەها لێدوانی ئەمدوایەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر سەركەوتنی عێراق بەسەر داعشدا ، نارەزایەتی بەهێزی هەولێر بەدوای خۆیدا هێنا ، بەتایبەتی كە عەبادی باسی بەشداری هێزە چەكدارە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی دەكات كە هۆكاری سەرەكی تێكشكانی داعش بوون ، بەڵام ئاماژەی بە رۆڵ و ناوی پێشمەرگە لە وتارەكەیدا نەكرد.كورد ، پێداگیری لەسەر ئەوە كردووە كە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبووایە سەركەوتن بەسەر داعش كارێكی ئەستەم و تەنانەت مەحاڵیش بووە.بۆیە ، عەبادی با رەوانەكردنی هێزی حەشدی شەعبی و هێزە چەكدارەكانی دیكەی عێراق بۆ ناوچە جێی ناكۆكییەكان بە سەركەوتن نەزانێت و كورد ئەمری واقیع لە كەركووك و ناوچە جێی ناكۆكیەكانی دیكە قبۆڵ ناكات و دەبێ بە ئاشتی یا جەنگ بگەرێتەوە باوەشی كوردستان.
بەدرێژای مێژووی کورد هیچ دەوڵەتێک ئامادە نەبووە بەبێ ڕەچاو کردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی بەرگری لە خاکی کوردستان و دانیشتوانەکەی بکات بەسەرجەم پێکهاتە و ئاین و ئاینزاکان. دیاریکردنی تەوقیتێک بۆ ریفراندۆم لە لایان جەنابی سەرۆک بارزانی دەست کەوتێکی مێژوویە بۆ نەتەوەکەمان، بەڵام ئەوەی لەبەر چاوەو رۆژبەرۆژ بۆمان دەرەکەوی هەڵوێستی وڵاتە بەرژەوەند خوازەکانە! لەم کاتە هەستیارە هەموو ئاماژەو دەستە واژەو پشتگیریەکان روون دەبنەوە . من گرنگی بەرۆڵی هیچ دەوڵەتێک نادەم کە چی کردوەو چی دەکات؟ ئەوەی لای من وەک نوسەرێک زۆر بە گرنگی دەزانم یەک ریزی نێو ماڵی خۆمانە، دەبێ دەست لەنێو دەستی یەک بنێین ئەم کەلێن و بۆشایانە پڕبکەینەوە کە نەیارانی کوردستان ئێستا کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە مەزنە تێک بشکێنن، بۆیە ئەرکی سەرکردە سیاسیەکان درک بەم باروو دۆخە هەستیارە بکەن چیتر لە یەکتر دوور نەبن هەنگاوی برایەتی بهاوێژن لەپێناو سەرخستنی ریفراندۆم و سەربەخۆی بۆ گەلەکەیان، لە پێناو خۆینی شەهیدە سەربەرزەکان و ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو .