کرانەوەی دەرگاکان و قوڵ بوونەوەی قەرانەکانی بەغدا و هەوڵەکانی ئاژاوەگێڕی
December 16, 2017
وتار و بیروڕا
وەک دەردەکەوێ کێشە و قەیرانە ئابوری و مەزهەبیەکانی نێوان سوننە و شیعە لە لایەک و کێشە سیاسیەکانی نێوان لایەنە شیعەکان لە لایەکی تر روو لە قوڵبوونەوە و تەقینەوەن، کاراکتەرەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش بەهۆی پاشگەز بوونەوەى حەشدی شەعبی لە رێککەوتنەکە هیچیان دەست نەکوتووەو دەستیان لە بنی هەنبانەی پیلانگێڕیەکە دەرچووە.
بەغدا بە مەبەستی داخستنەوەى دەرگا کراوەکان و ئیدارەدانی کێشە و قەیرانەکانیان و کاراکتەرەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە مەبەستی دیزە بە دەرخۆنە کردنی رادەست کردنی کەرکوک و شاردنەوەى جینۆسایدەکەی خورماتوو، جارێکیتر بە پشتیوانی ئێران لە هەوڵی شڵقاندنی گۆمەکە و گێڕانەوەى کوردن بۆ خاڵی سفر، گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانیەکەی دکتۆر بەرهەمیش کە لە ئاوی لێڵدا مەلە دەکەن، هەرچی پێیان بکرێ بۆ تێکدانی بارودۆخەکە درێغی ناکەن، ئەوەش ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر شانی خەمخۆرانی کورد و ئەگەر بتوانن ئەو پیلانەش وەک پیلانەکانی تر پووچەڵ بکەنەوە، ئەوا کورد لە خەم دەڕەخسێ و ماف و ئازادیە نەتەوەییە زەوت کراوەکانی وەردەگرێتەوە، بە پێچەوانەشەوە دەبێ ناوبڕێکی دوور و درێژی بدەینێ و لەناو دووبارە بوونەوەی کارەسات و نەهامەتیەکاندا چاوەڕوانی دەرفەتێکی تر بکەین.