دیبلۆماسیه‌تی ده‌وڵه‌تمه‌دار ده‌رگا داخراوه‌كانی كرده‌وه‌

دیبلۆماسیه‌تی ده‌وڵه‌تمه‌دار ده‌رگا داخراوه‌كانی كرده‌وه‌
دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ 25ی ئه‌یلول و دوای 21 رۆژ له‌و به‌رواره‌، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مادده‌ی 140 و داگیریان کرد كه‌ جگه‌ له‌ داگیركاریی و سووتاندنی ماڵ و موڵكی كورد و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كانی خورماتوو و كه‌ركووك، ئاواره‌بوونی زیاتر له‌ ١٨٠ هه‌زار كه‌سیشی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌پاندنی ئابڵۆقه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌ ئاراسته‌ی نه‌فه‌س بڕین و ده‌ست و پێبه‌ستنی حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌چۆكداهێنانی.

دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش وڵاتی فه‌ره‌نسا یه‌كه‌م وڵاتی ئه‌وروپییه‌ كه‌ به‌ بانگهێشتى فه‌رمیى ئێمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا، ده‌وڵه‌تمه‌دار و شاندە باڵاکەى هه‌رێمى كوردستان بانگهێشت ده‌كات، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ پاریس و تێپه‌ڕبوونی به‌ توركیادا، به‌ كرانه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كان داده‌نرێت به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان دا، كه‌ به‌هۆی بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی به‌غدا و رێككه‌وتنه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵی داخستنی درابوو، ئه‌وه‌ش به‌ دوور نازانرێت له‌ ماوه‌ی داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا بۆ قۆناغی پێشتری بگه‌ڕێته‌وه‌ و (نێچیرڤان بارزانی)یش بۆ شکاندنی گەمارۆ ئاسمانی و دیپلۆماسیه‌كانی سەر هەرێمی کوردستان هه‌نگاوێكی مه‌زنی هاویشت، کە لەلایەن بەغداوە بە سەر هه‌رێمی كوردستان دا سەپێندراوە.

فه‌ره‌نسا بۆ پێشوازیكردن له‌ شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان و سازدانی پرێس كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی هه‌ردوو سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كرد و تیمی پرۆتۆكۆلی سه‌رۆكی فه‌ره‌نساش بۆ پریس كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئیمانۆیل ماكرۆن ئاڵای كوردستانیان له‌ ته‌ك ئاڵای فه‌ره‌نسا داناو و به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و فه‌ره‌نسی پرێس كۆنفراسه‌كه‌یان ئاماده‌ كرد و (ماکرۆن)یش بەهەمان گوڕ و تینی سەرۆکەکانی پێش خۆیەوە پشتگیری و پشتیوانیی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان دەربڕی لەم قەیرانەی ئێستای نێوان هەرلێر و بەغدا و راشکاوانە بە بەغدای راگەیاند کە پێویستە مافەکانی گەلی کوردستان گەرەنتی بکرێن و كۆی مادده‌كانی ده‌ستوور و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێن و، میلیشیاکانیش لە عێراقدا نەمێنن گوتیشی، ئێمە شانازی بە کورد و پێشمەرگە دەکەین.
Top