كێشەی سەرەكیی نێوان كوردستان و عێراق پێشێلكردن و جێبەجێ نەكردنی دەستوورە
November 28, 2017
وتار و بیروڕا
حكومەتی عێراق بۆ سڕینەوەی كیانی سیاسیی كوردستان كە دەستووری عێراق دانی پیدا ناوە، دەستوورەكەی كردۆتە چەكێك بۆ ئامانجەكانی خۆی و بانگەشە بۆ ئەوە دەكات ئەو دەستوورە گەرەنتی مانەوەی عێراقە بە یەكپارچەیی، بەڵام هیچ پابەندبوونێك ناخاتە سەرشانی خۆی كە گەرەنتی ماناو بایەخی ئەو دەستوورە جێبەجێكردنیەتی، هەر بۆیە ئەوەی بە كردەیی لە حكومەتی عێراقەوە دەیبینین تەواو تەواو پێشێلكردنی ئەو دەستوورەیە، هەر بۆ نموونە دەستووری عێراق رێگەنادات بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان پەنا بۆ سوپا و هێزی سەربازی ببرێت، بەڵام وەك دەبینین حكومەتی عێراق پەنای بۆ هێز بردووە، هەروەها هەموو كارەكانی سەبارەت بە داخستی فڕۆكەخانەكان و مامەڵەكردنی لەگەڵ دەروازە سنوورییەكان نادەستوورییە، لەمەش زیاتر ئەو رەفتارەی ئێستا هێزەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و توز خورماتوو دەرهەق بە خەڵكی سڤیل دەیكەن و دەیانكوژن و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەریان دەكەن، ئەمانە هەمووی پێچەوانەی ئەو دەستوورەیە كە عێراق بانگەشەی بۆ دەكات.
كەواتە لێرەوە دەكرێت ئاماژە بەو راستییە بكەین كە هۆكاری سەرەكیی گەیشتنمان بەم دۆخەی ئێستا ئەوەیە كە حكومەتی بەغدا نە بڕوای بە جێبەجێكردنی دەستوورەكە هەیە، نە بڕواشی بە بونیادنانی سیستمێكی فیدڕاڵی هەیە، ئەمەش لە روانگە یاساییەكەیەوە جەختی لەسەر دەكەمەوە، لەبەر ئەوەی دەبوو بەپێی ماددەی 64ی ئەو دەستوورە، ئەنجومەنی فیدڕاڵی دابمەزرایە بۆ ئەوەی گەرەنتی مافەكانی هەرێمەكان مسۆگەر بكات، زیاد لەمەش بنەمای سەرەكیی سیستمی فیدڕاڵی بریتییە لە دابەشكردنی دەسەڵات و داهات، بەڵام حكومەتی بەغدا بەوجۆرە لە مانای دابەشكردنی دەسەڵات تێگەیشتووە كە دەسەڵات تەنیا لەنێوان یەك مەزهەبدا كە ئەویش شیعەیە دابەش بكرێت و پێكهاتەكانی دیكە پەراوێز بخرێن و دەسەڵاتەكان بە تەواوەتی قۆرخ بكەن، سەبارەت بە دابەشكردنی داهاتیش، ئەوەی ئێستا لە هەڵسوكەوتی سەركردەكانی شیعە تێبینی دەكرێت، هەست دەكەین ئەوان وابیر بكەنەوە كە مێژوو غەدری لێ كردوون و ماوەیەكی زۆر لە دەسەڵات مەحرووم بوون و ئێستا كە گەیشتوونەتە دەسەڵات، هەرچی سەروەت و سامانی عێراق هەیە، بە موڵكی خۆیانی دەزانن.
كێشەكانی نێوان كوردستان و حكومەتی عێراق لەماوەی كابینەی دووەمی حكومەتی مالیكی گەیشتە ئەوپەڕی هەتا لەسەرەتای ساڵی 2014 بودجە و مووچەی كوردستانیان بڕی، بەڵام لەكۆتایی 2014 كە حەیدەر عەبادی بووە سەرۆك وەزیران، وا بڕیار بوو كە هەموو هەڵەكانی پێشتر راست بكرێنەوە، هەر خودی عەبادی وەك دیكیۆمێنتێكی سیاسی لەناو پەرلەمانی عێراق خوێندیەوەو بەڵێنی دا، كە لەماوەی تەنیا چوار مانگدا كێشەی بودجە و مووچە و چەك و پێداویستی پێشمەرگە چارەسەر بكات، لەماوەی ساڵێكدا ماددەی 140ی دەستووری عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی هەرێمی كورستان چارەسەر بكرێت و لەماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و گازی فیدڕالی دەربچوێندرێت، بەڵام ئەوە زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بەڵێنەكانی ئەو دیكیۆمێنتە سیاسییەی حكومەت تێپەڕیوە، دەكرێت پرسیار ئاراستەی د.حەیدەر عەبادی بكرێت، ئایا كام لەم خاڵانە جێبەجێ كراون؟ ئایا بۆ جێبەجێ نەكراون؟ ئاشكراشە كە ئەو خاڵانە هیچیان لێ جێبەجێ نەكراوە، لەهەمووشیان گرنگتر پرسی پێشمەرگەیە كە دەبوو بەهۆی قارەمانیەتی پێشمەرگەوە لەشەڕی دژی داعش، ئەو خاڵەیان هەر زوو جێبەجێ بكرایە، بەڵام نەك هەر جێبەجێیان نەكرد، بەڵكو ئەو هاوكارییانەشی كە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دەنێردران و دەهاتنە فڕۆكەخانەی بەغدا، لەوێ وەك خۆی نەیاندەنارد بۆ پێشمەرگە و بەشێكی زۆری لێ گل دەدرایەوە.
لایەنێكی دیكە كە بۆ ئێستا گرنگە زیاتر جەختی لەسەر بكەینەوە، ئەوەیە لە كۆی 144 ماددەی ئەو دەستوورە، بەشی هەرە زۆری ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە مافەكانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، پێشێل كراون، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان كە كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بسڕنەوە كە لە ماددەكانی 117 و 121ی دەستوورەكەدا بە فەرمی دان بە كیانی سیاسیی كوردستاندا نراوە، ئەمەش واتە داننان بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، یاسادانان، دادوەریی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە لە پرۆژەی ئەو یاسایەی بۆ بودجەی 2018 ئامادە كراوە، ناوی هەرێمی كوردستان گۆڕاوە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەقڵییەتێكی حوكمڕانی كە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دەستوور بكات، بە بڕوای من زۆر قورسە و زەحمەتە لەگەڵیان بگەینە ئاكامێكی باش، بەتایبەتی كە ئێستا بەغدا بە تێگەیشتنی براوە و دۆڕاو سەیری پرسەكە دەكات و خۆی وەك لایەنی براوەی كێشەكە سەیر دەكات و غروور و لەخۆباییبوون گرتوویەتی، كە دەبوو ئەوەی لەبیر بوایە پێشتریش بە درێژایی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق هەر لە عەبدولكەریم قاسمەوە تا دەگاتە سەدام حوسێن، هەر كاتێك خۆیان بە بەهێزی بینیبیت، بە غرووری و لە خۆباییبوون مامەڵەیان لەگەڵ كوردستان كردووە، بەڵام چارەنووسی ئەوان بە كوێ گەیشت، ئەوانەی ئێستاش هەر بەو چارەنووسە دەگەن.
هەر بۆیە كاتێك ئێمە ئەم واقیعەمان لەبەر چاو بێت، دەبێت بزانین چۆن رووبەڕووی ئەم واقیعە دەبینەوە و لەكاتێكدا باس لەوە دەكرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو دانوستاندن هەنگاو هەڵدەگرن، ئەوا گرنگە پێش هەموو شت، نیوماڵی كوردستان یەك بخەینەوەو بە یەكگرتوویی و یەكگوتارییەوە ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین، لەمبارەوە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ و سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كردووە بۆ ئەوەی هیچ پەڵپ و بیانوویەك نەهێڵێتەوە، هەموو لایەك بە یەكگرتوویی و بە یەكڕیزی بچینە ناو ئەم دانوستاندنە، هەروەها گرنگە كە لەم دانوستاندنەدا لایەنی سێیەم ئەوجا، نەتەوە یەكگرتووەكان بێت، یان ئەمریكا، یان یەكێتی ئەوروپا، بوونیان هەبێت، بۆ ئەوەی شاهید بن بەسەر پرۆسەكەوە، بۆ ئەمەش گرنگە ئاوڕێك لەمێژووی خۆمان بدەینەوە، بەتایبەتی دوای كۆڕەوەكەی ساڵی 1991 و دەرچوونی بڕیاری 688 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە كە پاشان لەگەڵ حكومەتی عێراق كەوتینە دانوستاندن، دەبوو ئەوكات كە ئێمە بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش پارێزراو بووین، داوای ئەوە بكەین كە ئەنجومەنی ئاسایش وەك لایەنی سێیەم ببوایە بە شاهید و ناوبژیوان لەنێوان ئێمە و عێراقدا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو كاتیش لایەنی سێهەم لە نیوانماندا نەبوو، بۆیە ئاكامی دانوستاندنەكە لەگەڵ حكومەتی عێراق بە هیچ نەگەیشت، بۆیە ئێستا ئێمە دەبێت وەك باشووری سودان بكەین، كە پاش ئەوەی باشووری سودان لە 2005 لەگەڵ خەرتووم بەپی رێككەوتنی نیفاشا كەوتە دانوستاندن گەیشتنە ئاكامێكی زۆر باش، لەبەر ئەوەی رێكخراوی یەكێتی ئەفریقیا و كینیا شاهید و ناوبژیوان بوون لە نێوان هەردوولادا و پاشانیش دوای پێنج ساڵ ریفراندۆمیان كردو توانییان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان رابگەیەنن، ئاماژەكردن بە ئەزموونی رێككەوتنی نیفاشای نێوان باشووری سودان و حكومەتی خەرتووم، بۆ ئەوەیە ئەگەر لایەنی سێهەم هەبێت، ئەوا ئاكامی دانوستاندنەكە ئیجابی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لایەنی سێهەم بوونی نەبوو، ئاكامێكی ئەوتۆی نابێت.
حەیدەر عەبادی پاش ئەوەی هێزی دژی كوردستان جووڵاند، ئێستا گرەو لەسەر برسیكردنی خەڵكی كوردستان دەكات، لەبەر ئەوەی باش دەزانێت دوای داگیركردنەوەی كەركووك و نەمانی نەوتی هاڤانا و بای حەسەن لە دەستی حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، لە ئێستادا دەیەوێت یاری بەكات بكات و حكومەت بخاتە ژێر گوشاری خەڵكی كوردستانەوە، یان خەڵكە تووڕە بێت و ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام ئەم بابەتەش زۆر بە جددی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كاری لەسەر كراوە و حیسابی بۆ كراوە، بەتایبەتی ئەم بابەتە لەگەڵ ریكس تیلرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەسەر كراوەتەوە، بەوەی زۆر گرنگە ئەمریكا لە نزیكەوە بێتە ناو پرۆسەكە و رێگە نەدات كە حكومەتی عێراقی یاری بە كات بكات، بۆ ئەم مەبەستەش باس لەوە كراوە، یان دەبێت بارودۆخەكە وەك پێشانی لێ بێتەوە و ئەو نەوتەی كەركووك بدرێتەوە بە حكومەتی كوردستان بۆ ئەوەی هەتا دەگەنە رێككەوتن، حكومەت بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، یان حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، بەڵام ئەگەر حكومەتی عێراق هەر لەسەر گەمەكردنی بە كات بەردوام بێت، یان نەتوانرێت بگەینە ئاكامێكی ئیجابی، بەتایبەتی كە ئێستا حكومەتی كوردستان لۆژیكانە و دووربینانە و زۆر بە ئارامی هەنگاو هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی كێشەكان بە دیالۆگ و رێگەچارەی ئاشتییانە چارەسەر بكات، بەڵام ئەم لۆژیك و ئارامییە لەوانەیە تاسەر بەردەوام نەبێت، ئەگەر حكومەتی بەغدا بەرپرسیارانە هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵنەگرێت، لەم حاڵەتەدا كوردستانیش كارتی دیكەی لەبەردەستەدا دەبێت و بەكاری دەهێنێت. ئەگەر عەبادی بیر لەوە بكاتەوە سەقامگیریی كوردستان تێكبدات، ئەوا دڵنیای دەكەینەوە كە پێش ئەوەی سەقامگیری كوردستان تێكبچێت، سەقامگیری بەغداو عێراق تێكدەچێت، پێشتریش زۆر لە حكومەتەكان رێگەی دیكەیان لەگەڵ كوردستان تاقی كردەوە، بۆیە سەقامگیری لە عێراقدا بوونی نەبووە.
لە دوماهیدا جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە فاكتەری سەرەكیی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق پێشێلكردنی دەستوورە، ئەگەر ئەو دەستوورە پێشێل نەكرابایە، زۆر لەو كێشانەی ئێستا روویان نەدەدا و چەندی كێشەكانیش زیاتر كەڵەكە بن، لە چارەسەری راستەقینە دوورمان دەخاتەوە.