دەربازكردنی حكومەت لەو قوناغە سەختە

دەربازكردنی حكومەت لەو قوناغە سەختە
رۆژ لە دوای رۆژ فشارەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبن، قۆستنەوەی دەستوور بۆ فشار دروستكردن لە سەر هەرێمی كوردستان كارێكی پیلان دارێژراوی پێشوەختەی ئیقلیمییە و بە پێی بەرنامەیەكی دارێژراو كاری لە سەر دەكرێ‌، بڕینی بۆدجەی هەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاوی ئەم بەرنامەداڕێژراوە بوو، دواتر بە نادەستووری و نایاسایی زانینی گرێبەستەكان و هێنانی داعش بۆ سەر سنوورەكانی هەرێم، جێبەجێ‌ نەكردنی بڕگەكانی دەستوور سەبارەت بە هەرێم و داگیركردنی كەركووك و فشارەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم و، چەندین فشاری دیكەی بەغدا بۆ سەر هەرێم، بڕگەكانی دیكەی ئەم بەرنامەداڕێژراوە بوو.
تاكوو ئێستا جمووجۆلەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سڕینەوە و پەكخستنی ئەم بەرنامەداڕێژاراوانە تا رادەیەك سەكەوتوو بوون. بڕواناكەم سەرۆكوەزیرانێكی دیكە بتوانیبایە تاكوو ئێستا باری ئەم قەیرانەی بردبۆوایە، لێ‌ بەرنامەی نێچیرڤان بارازنی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوونە و توانیویەتی تا رادەیەك قەناعەت بە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گاز بە سەركەوتوویی بهێلێتەوە و مووچەی كارمەندانی هەرێم دابین بكات.
هەموو لایەك باسی پشتیوانی كردن لە حكومەتێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان دەكەن و سەرۆكوەزیرانیان راسپاردووە بۆ دروستكردنی ئەم حكومەتە بەهێزە، چونكە لایەنەكان بە گشتی و هاوپەیمانان بە تایبەتی متمانەیەكی تەواویان هەیە بە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ئەم حكومەتە بەهێزە؛ واتە لێرەدا نێچیرڤان رۆلێكی گەورە دەگێڕێت و هەموو ناوەندەكانی بڕیاڕدان چاویان لە دەستی سەرۆكوەزیرانە. ناردنی نامە و نوێنەری وڵاتان بۆ لای نێچیرڤان بارزانی و ناوهێنانی لە لایەن ئەمریكا و فەرەنسا و رووسیا و وڵاتانی دیكەوە، دانیشتن و گوفتگۆ كردنی راستەخۆ، هێمایە بۆ پێگە و سەركەوتنەكانی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بۆیە ئۆمێدێكی بەهێز هەیە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و هێور كردنەوەی بارودۆخی ئێستای هەولێر و بەغدا.
هەنگاوی هەرە گرنگ و كاریگەری نێچیرڤان بارزانی بۆ دەرباز بوون لەم گێژاوە سیاسییەی كە دروستكراوە، یەكخستنی نێوماڵی كورد و سفر كردنی كێشەكانە لە گەڵ وڵاتانی ئیقلیمی، نەخاسمە توركیا، هەرچەندە ئێرانیش وڵاتێك و دراوسێیەكی سیاسی و جۆگرافی گرنگی ناوچەكەیە، بەڵام پێشتریش پەیوەندییەكانی هەرێم لە گەڵ ئێران تەنها لە چوارچێوەی بازرگانییەكی كەم بوو و، پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان چەندان گەرم نەبوون بۆ ئەوەی وەكوو خۆی ئاسایی ببێتەوە، زۆر بە زەرووریش نابینم بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە گەڵ ئێران، چونكە ئێران لە ژێر هەڕەشە و گەمەیەكی ناڕۆنی سیاسیی و سەربازیدایە، ئایندەكەی چەندان رۆن و ئاشكرا نییە.
Top