بەغدا چیی دەوێ؟

بەغدا چیی دەوێ؟
بەغدا لە دوای 16 ی ئۆكتۆبەرەوە، وەك دوای ساڵی 1975 مامەڵەی لەگەڵ كورد كرد، لە كاتێكدا دوو قۆناغی لێك جیاوازن، راستە لە هەردوو قۆناغەكەدا، پیلانێكی ئیقلیمی بە چاوپۆشیی ئەمەریكا هەبوو، بەڵام ئەوەی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە دوای رێككەوتننامەی جەزائیر6 ی ئاداری 1975 جیادەكاتەوە ئەوەیە، دوای 16 ی ئۆكتۆبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن، دوای 1975 كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمەریكا، تەواو بێدەنگییان هەڵبژارد و بەغدا لە 1975 تا 1991 بە بەرچاوی هەموو جیهان شاڵاوی كۆمەڵكوژی و لەناوبردنی كوردی دەست پێكرد، ئەو ماوەیە بۆ كورد سوورترین وەرزی خوێن بوو، چونكە ئەوەی لەو قۆناغە دەرهەق كورد كرا، ئێستاش كاریگەریی ماوە، دوای 1975 بەغدا سوپای بردە سنوور، لە نەشئەی سەركەوتندا بوو.
بەغدای دوای 2003 پێویستی بە كورد بوو، بەڵام لەگەڵ دروست بوونی دەرفەتی پیلانی ئیقلیمی و دەستكێشیی حەشد و سوپای عێراق بۆ كەركووك، لە زمانی هەڕەشە و توندوتیژی بەولاوە هیچی دیكەی وەبیر نەما، ئێستا بەغدا دەیەوێ بەچاوی دوای 1975 سەیری كورد بكات كە جگە لە خۆڕادەستكردن هیچی لەبەردەم كورد نەهێشتبۆوە، بەغدا دوای 20 ی ئۆكتۆبەر بەهۆی بەرگریی پێشمەرگە و داوای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاركرا چیدی بیر لە شەڕ نەكاتەوە و بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەربكرێن، بەڵام تا ئێستا غرور لە كەللەی سەرۆك وەزیر حەیدەر عەبادی ماوە، دەیەوێ دەستی دەستیمان پێ بكات، وێڕای كەمكردنەوەی بوودجەی 2018 لە سەدا 17 بۆ سەدا 12 دەیەوێ قەوارەی هەرێمی كوردستان نەهێڵێ.
دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ریفڕاندۆم لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە 20/11/2017 كە ئەم دادگایەش ئامرازێكە بەدەستی حكوومەتی تائیفییەوە، پێویستە هەولێر داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات كە هەنگاوبنێ و گوشار لەسەر بەغدا بكات، هەموو ئەو رێوشوێنانەی بەهۆی ریفراندۆمەوە گرتوویەتیەبەر هەڵیانوەشێنێتەوە، مادام بەغدا قەناعەتی هاتووە كە ریفڕاندۆمی هەڵوەشاندۆتەوە كە هەڵناوەشێتەوە، هەقە ئەو حزبانەی خۆیان كردۆتە كوشتەی یەكپارچەیی، چیدی پێیانوانەبێ بەغدا فریشتەیە و خۆمان شەڕی پێدەفرۆشین، چونكە بەغدا دەیەوێ خۆمان رادەستبكەین و چیدی وەك هەرێم گفتوگۆمان لەگەڵ نەكات.
راستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە نابێ لەبیری بكەین، رێككەوتننامەی 11 ی ئاداری 1970 كە بەغدا لێی پەشیمان بۆوە، بووە یەكەم بەڵگەنامە كە هەموو جیهان ئەوەی بۆ دەركەوت گەلی كوردستان دۆزێكی رەوای هەیە، تەنانەت لە قۆناغەكانی دوای 1975 و 1991 ئەو رێككەوتننامەیە وەك بنەمایەك بوو بۆ گفتوگۆ و هەبوونی كورد، ریفڕاندۆمی 25 ی ئەیلوولی 2017 ش بەڵگەنامەیەكی گرنگە بۆ لێرە بەدواوە، كاتی ئەوەیە بەغدا وەئاگابهێندرێتەوە و پێی بگوترێ ئێمە (العائدون الی الصف الوطني) نین و هەر لە نیشتمانی خۆمانداین.
Top