رێککەوتنە سەربازەیەکەی یەکێتی و دەستکەوتەکانی

رێککەوتنە سەربازەیەکەی یەکێتی و دەستکەوتەکانی
هەموو رێککەوتنێکی سیاسی یان سەربازی نێوان دوو لایەن، دەبێ ئەو لایەنەی لە بەرامبەر ئەوەی دەیبەخشێ شتێک وەربگرێ، رێککەوتنی نێوان حەشدی شەعبی و باڵێکی ناو یەکێتی هەم سیاسی بوو هەم سەربازی، لەوە دەگەم لەو رێککەوتنە سیاسی و سەربازیەی نێوان حەشدی شەعبی و باڵێکەی ناو یەکێتی، حەشدی شەعبی چی دەستکەوت، بەڵام تا ئێستا لەوە نەگەیشتووم باڵەکەی ناو یەکێتی چی دەستکەوتووە.
دەستکەوتە سیاسی و سەربازیەکانی حەشدی شەعبی:ــ
١ــ لانی کەم دوا خستنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان.
٢ــ قوڵ کردنەوەى کێشە حزبییەکان و تەنانەت ئەو رێککەوتنە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشی خستە ناو گەورەترین گێژاو و ئاژاوەی سیاسی و رێکخراوەیی.
٣ــ ئاستەنگ درووست کردن لەبەردەم کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی.
٤ــ داگیرکردنەوەی کەرکوک و ئەو کارەساتەی بەسەر خورماتوو هێنرا.
٥ــ داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک و خستنە ژێر پێی حەشدی شەعبی.
٦ــ دەست پێکردنەوەی تەعریب لە کەرکوک و تەشەیوعیشی خستە سەر.
٧ــ دانانی پارێزگارێکی عەرەب بۆ کەرکوک و سەپاندنی هەیمەنەی عەرەب بەسەر شارەکەدا.
٨ــ چاوشکێن کردنی کورد بەوەی کە لەبەردەم راگەیاندنەکان رێگری کرا لەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک بە کوردی لێدوان بدات.
٩ــ سوکایەتی کردن بە شەهیدانی کوردستان و لە ناویشیاندا شەهیدەکانی یەکێتی.
دەستکەوتەکانی کورد لەو ریککەوتنە:ــ
چەندی سەری خۆم دێنم و دەبەم کورد لە ریککەوتنی حەشدی شەعبی و ئەو باڵەی یەکێتی جگە لە ماڵوێرانی و لە دەستدانی دەستکەوتەکان شکاندنی شکۆی نەتەوەیی، ئەگەر بە چراو شەداوان بگەڕێی شتکێت دەست ناکەوێ، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە مەڵبەندی یەکێتی بۆی نییە ئاڵای حزبەکەشی لەسەر بارەگاکەی هەڵبکات، ئەگەر کەسێکیش یان باڵەکەی ناو یەکێتی کە رێککەوتنەکەی کردووە دەستکەوتێک شک دەبات مەمنونم بیخاتە روو.
Top