ھەڵوێستە نالۆژییەکانی رژێمی بەغدا دژ بەکورد ،ئایندەی عێراق بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات ..
November 23, 2017
وتار و بیروڕا
دوای رووخانی رژێمی بەعس ھۆی ئەوەی کە شیعەکانی عێراق دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی عێراق بەدەستەوە بگرن و بەغدای پێتەختی عێراق بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە.شیعەکان لە کاتێکدا بە دەسەڵات گەیشتوون لە عێراق کە دەسەڵاتێکی ناوچەیی وەک رژێمی ئێران لەسەر کارە و ستراتیژییەکی مەزھەبیی توندڕەوانەی ھەیە و ئەیەوێ شۆڕشی مەزھەبیی خۆی پەرە پێبدات لە ناوچەکە و جیھان و بۆ ئەو مەبەستەش سڵ لە ھیچ شتێک ناکاتەوە و ھیچ پرنسیپێک ناپارێزێ.ئەوەی روونە ئەوەیە کە ستراتیژیی رژێمی ئێران و ئەجێندەکانی، زۆر جیاوازن لە ئامانجی شیعەکانی عێراق و لە روانگەی ستراتیژیی،سیاسی و سەربازیشەوە یەک ناگرنەوە و تەنانەت لە روانگەی ھزرییەوە "اھلی تشیع"ی عێراق ، کەربەلا و نەجەف بە ناوەندی بڕیاری "ھزری_مەزھەب"یی شیعە دەزانن نەک شاری"قوم" لە ئێران.سەردەمانێک کە جەنگی عێراق و ئێران ھەبوو، رژێمی ئێران وەک پاڵپشتێکی بەھێزی لایەنەکانی شیعەی عێراق بوو و لە رێی ئەوانەوە لە دژی رژێمی بەعس کاری دەکرد. بەڵام ئێستا کە شیعەکان بۆ یەکەم جار لە عێراقدا دەبنە دەسەڵاتدار، وادیارە کە کێشەکانی نێوان ئەوان و ئێران تا دێ و زیاتر سەر ھەڵدەدەن.
عێراقییەکان لە لایەکەوە دەترسن لەوەی کە بڕیارەکانی ئێران جێبەجێ نەکەن و لە لایەکی دیکەوە لەوەش نیگەرانن کە رژێمی ئێران پاش نزیک بە سی و حەوت ساڵ بە ھۆی گووشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە وردە وردە بەرەو لاوازیی زیاتر بچێ و لە ئاکامدا بڕوخێ و ئەوان سەریان بێ کڵاو بمێنێتەوە.بارودۆخی سیاسیی شیعەکانی عێراق لە رابردوودا ھەردەم ئەوان تووشی ئەو دڵەراوکێیانە دەکات کە لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان "سوننە" لە عێراقدا دەسەڵات بگرێتەوە دەست و ئەمە بۆ ئەوان شەوەیەکی تۆقێنەرە و بەردەوام ئەیانترسێنێ. شیعەکانی عێراق لەوە دڵنیان کە ناتوانن لە درێژخایەندا عێراق وەک ئەم جوغرافیا سیاسییەی ئێستای_وەک ئەوەی کە ئێران دەیەوێ_ بپارێزن و بەرژەوەندییەکانی خۆشیان پارێزراو بێ. ھەربۆیە لەمێژە کە لیرە و لەوێ دەنگی ناڕەزایەتییان لە دژی رێژیمی ئێران بەرز بۆتەوە. سوننەکانی عێراقیش چیدی نە ئەو ھێزەیان ھەیە بتوانن ھەموو عێراق وەک سەردەمانی بەعس کۆنترۆڵ بکەنەوە و نە لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیشدا ئەوەندە ھێزیان ھەیە بتوانن لە ئێستادا خۆیان راست بکەنەوە و ببنە ھەڕەشە بۆ ناوچەکە. کەواتە دەکرێ بڵێین کە بوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی تایبەت بە سوننەکان ئاواتێکی ئەوڕۆیی ئەوانیش بێ بۆ ئەوەی ھاوپەیمانیی نوێ دروست بکەن و دیسان پێدا بچنەوە.ھەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە وڵاتی عێراق بە ئاراستەی ھەڵوەشاندنەوەدا دەچێ و ئەم ھەڵوەشاندنەوەیەش نەک ھەر ناتوانرێ پێشی پێبگیرێ، بگرە ھەندێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەگرێتەوە.
رژێمی ئێستای عێراق، ھاوشێوەی ھەموو رژێمە کانی رابردوو، بە ھێزبوونی خۆی لە بوونی ھەزاران میلیشا وسوپا و کرینی چەک و تەقەمەنی زۆر دەبینێتەوە، لە بودجەی ئەمسالێش بۆ بەھێزکردن و پرچەککردنی سوپاکە چەندین میلیارد دۆلاری تەرخانکردووە، حکوومەتێک کە کەرتی تەندروستی و ئابووری و ژینگە لە نزمترین ئاست دابێت. ھەروەھا لە ئێستادا بە دەیان میلیارد قەرزدارو جگە لە شیعە بە سەرپەرشتی راستەخۆیی ئێران و دەسەڵاتێکی تاکەڵایانە فەرەمانرٍەوایی ئەو وڵاتە دەکات. دوای ئەو چەند ساڵ دەسەڵاتداری مەزھەبی و تاکرٍەویی لە بەغدا ھیچ ڕێگایەک جیا لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە بەردەم میللەتەکەمان دا نەمابوو، چونکە عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ببووە ناوەندێکی مەزھەبی و تائیفی شیعە بە سپۆنسەری رژێمی ئێران بوو. دەسەڵاتی شیعە بە سەرپەرەشتیی رژێمی ئێران لە سەردەمی ئۆبامادا زیاتر خۆی سەپاند و سەقامیگر بووقسە و لێداونەکانی ئیستا و ڕابردووی سیاسەتەمەدارانی جیھان و بەتایبەت بەرپرسانی ئامریکا سەلمێنەری ئەو بابەتەیە.داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، پێشتر پیلانی بۆ دانرابوو. بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی باسیان لەوە کردبوو کە ئەگەری ڕووداوێکی لەم چەشنە بوونی ھەیە، بۆیە دەیانگووت کە زمانی ھەڕەشە ھیچ پرسێک چارەسەر ناکات و گفتوگۆ باشترین ڕێگایە. ھەروەھا پێشتریش بە ڕوونی و ئاشکرایی بە سەرکردایەتی کورد گوترابوو کە دەبێت لەو ناوچانە بکشێنەوە و تەنانەت ھێڵی سەوزیان دەستنیشان کردبوو کە سنووری پێش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی سەدامە. تەنانەت لە دواڕۆژی فشارەکان بۆ دواخستنی ڕێفراندۆم، تەکلیفی دواخستن بۆ ماوەی حەفتە و مانگیش ھەبوو کە ئەمەش بە دروستی مەبەست لێوەرگرتنەوەی کەرکوک پێش وادەی ڕێفراندۆم و ڕێگرتن بوو لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لەو شارەدا! دوای رێفراندۆمیش ھەرچی بانگی دیالۆگ بوو رەدیان کردەوە و پیلانی ھێرش و داگیرکردنی کەرکووکیان بە سوپای پاسداران جێبەجێ کرد. ئایندەی سیاسیی عێراق لە سێ بژاردە تێپەڕ ناکات کە بریتین لە دیکتاتۆریەتی شیعە، دیموکراسی، دابەشبوون. دەسەڵاتی شیعەکان و دیکتاتۆرییان تا سەر نابێت، بۆیە میللەتی کورد دوای دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان لە پێناو دیموکراسی و رٍەتکردنەوەی تاکرەویی جێی نابێتەوە لە نێو عێراقێکی تری مەزھەبی وتائیفی و دیکتاتۆرییەکی تر..