پەروەردە خاوەنداریەتی و بەرپرسیاریەتی گشتی کۆمەڵگایە نەک کەسانێک

پەروەردە خاوەنداریەتی و بەرپرسیاریەتی گشتی کۆمەڵگایە نەک کەسانێک
ئەڵمانەکان دەلێن " ئیرادەی باش ھێزی پێ یەکان وەکو ھێزی باڵەکان لێ دەکات"
گومانی تێدا نییە ھەبوونی ئیرادە لە ناخی ھەر یەکێک بە دوای جوولە و سەرکەوتندا دەگەرێت بە تایبەتی مامۆستا بەرێزەکان سەرەڕای ئەوەی کەوا دوو ساڵە تامی کەمی مووچە و قەیرانی داراییان چەشتووە و کاریگەری خراپی لەسەر کۆی ژیانی مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان کردووە و زۆربەیان دەتوانین بلێن ھەموویان سەلیقەی جارانیان نەماوە و وێرای دەست خۆشی و سوپاس گوزاری پێ زانین بەو ھەڵوێستە جوامێرانە و پەروەردەییانەی کە ھەیانە نەیانھێشتووە دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن و قوتابیان بچنەوە ماڵەوە کە ئەمەش ھەلوێستێکی مەردانە و کوردانەیە مێژوو لە بیری ناکات ، بەڵام ئەوەی گرنگە لە سەر دام و دەزگاکانی پەروەردەیی چۆن بتوانن کار ئاسانی زیاتر و خزمەتی زیاتری مامۆستا بەرێزەکان بکەن و کارەکانیان قورس نەکەن و دادپەروەری گشتی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لە ناو مامۆستایان و پەروەردە بە گشتی ھەستی پێ بکرێ لە ھەموو ڕوویەکەوە، ھەر بۆنموونە گرنگە وەزارەتی پەروەردە ھەنگاوەکانی بەتایبەتی بڕیارەکانی زیاتر لە بەرژەوەندی پەروەردە و مامۆستا و قوتابیان بێت و زیاتر حەوسەلە و ئیرادەی مامۆستا بەرز بێتەوە ھەر بۆنموونە زۆر جاران لێرەو لەوێ دەنگی ناڕەزایی زۆرێک لە مامۆستایان لە کەسانێکی تایبەت و کەسێکی دیاری کراو دەکرێت کە بەردەوام ئاستەنگ و تەنگ و چەلەمە لە پێش کاروباری مامۆستایان درووست دەکات و کارەکانیان قورستر دەکات یانیش مامۆستایان بە زەقی ھەست بە نادادپەروەری و درووست کردنی کۆسپ لە پێش داواکارییەکان دەکەن و کەچی داخوازی و داواکاری مامۆستایان لەلایەن دەزگاکانی پەروەردەیی بەھەند وەرناگیرێ و فەرامۆش دەکرێ، بەڵکو زیاتر ڕەچاوی ئەو کەسە دەکەن .
بێگومان ئەمەش بە یەک جار حەوسەلە و ئیرادەی مامۆستا لە بن دەھێنێ و ووزە و سەلیقەی نامێنێ و لە پەروەردە و قوتابخانە و قوتابیش بێزار دەبێ دەرئەنجام قوتابی و کۆمەڵگا زەرەر دەکات، بۆیە لێرەوە پێویستە و گرنگە بە دەنگ ئێش و ئازار و مەینەتی مامۆستایە بەرێزەکان بچین و ھێندە گیرۆدە و ھۆگری تاک نەبین ، بەڵکو ئامانج و خواستمان ڕازی کردنی زۆرینە و گوێ گرتن لە داخوازی و داواکاری مامۆستایان بێت.
پێویستە گرنگی زیاتر و بایەخی بەردەوام بە قوتابخانەکان بدەین نموونەی ئەو بەرێوەبەرە دڵسۆزانە بەرز بنرخێندرێن کە ڕاشکاوانە و پەروەردەییانە و دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ سەرجەم مامۆستاکان دەکەن، ھەرگیز ناھێلن نیگەرانی لای مامۆستاکان درووست ببێت و وانەکانیش بە فیرۆ ناچن واتە پەروەردەیەکی تەندروست لە قوتابخانەکە بوونی ھەیە و ھەموو لایەکیش ئاسودەن و درێغی و کەمتەرخەمی لە مافی قوتابی نەکراوە، لەبەرامبەریشدا بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە ھەندێک لە کارگێڕی ئەو قوتابخانانە بکرێ کە لێرەو لەوێ دەبیستین مامۆستاکان بێزارن لەو قوتابخانەیە و داوای گواستنەوە دەکەن و حەوسەلەی وانە ووتنەوەیان نەماوە و ئیرادەیان داڕماوە بۆیە ھەرگیز نابێ ئەو جۆرە حالەتانە فەرامۆش و پشت گوێ بخرێ بە ھەر مەبەستێک بێ کە ئەوەش ئەرکی سەرەتایی سەرپەرشتیار و پەروەردەی قەزاکانە ، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە حالەتانە تەشەنە نەکات پێویستە بن بڕ بکرێ ، چونکە پەروەردە خاوەنداریەتی و بەرپرسیاریەتی گشتی کۆمەڵگایە نەک کەسانێک.
کۆی قسەکانم گەر ھەر یەکێک لە ئێمە ھەست بە نرخی ئەو ئیشە نەکات کە دەیکات بێگومان پاڵنەرەکان لاواز دەبن و ئیرادەی پێویست بوونی نامێنێ و حەوسەلە لاواز دەبێ و تواناکان سست دەبن و دەرئەنجام پەیامەکە بە درووستی ناگات و کۆمەڵگاش سوودمەند نابێ و پرۆسەکەش ئیفلیج و ناکامل دەبێ !!.



بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top