سەربەخۆیی کوردستان و شەڕە پشیلەی گوندی چنارنێ
November 22, 2017
وتار و بیروڕا
لە زەمانی زوودا و لەناو گوندی چنارنە شەڕە پشیلەیەک روو دەدات، کابرایەکی خەڵکی گوند بە خێزانەکەی دەڵێ: ئافرەت لێفەکەم پێدادە.. ئەو شەڕە پشیلە دێتە سەر ورگی من، خێزانەکەی دەڵێ، پیاوەکە شەڕە پشیلەکە لەناو گوندییە، پیاوەکە دەڵێ: دەزانم لەناو گوندییە، بەس دێتە سەر ورگی من، ئیتر زۆر ناباو پشیلەکان بە مڕەمڕ خۆیان بە ژووردا دەکەن و هەر بە راستیش شەڕەکە دەبەنە سەر ورگی کابرا.
بەر لە ریفراندۆم ئەگەر باسی سەربەخۆیی کوردستان کرابا، لایەن هەبوو دەیگوت، ئێمە خاوەنی پرسی سەربەخۆیین و لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە مافی چارەی خۆنووسینمان بەرز کردۆتەوە، لایەنیش هەبوو دەیگوت: ئێمە تاکە لایەنین سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیمان لە پەیڕەو و پرۆگرامدا چەسپاندووە، لەولاوە لایەنێکی تر هەڵیدەدایە و دەیگوت: ئێوە باسی چی دەکەن؟! ئێمە دەمێکە پرۆژەی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستانمان داوەتە ئەو حومەتە بێباکەی هەرێم و حکومەت لەبەر فاشیلی خۆی جێبەجێی ناکات، لایەنیش هەبوو ئەگەر لە سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیت کەمتر لەگەڵ باس کردبا، خۆی قوشقی دەکرد و بە نۆ تەشپی خوێ نەدەگیرایەوە.
دوای گشتپرسی هەر ئەو لایەنانە پشتیان لە دەنگی لە ٩٣%ی خەڵکی کوردستان کرد و بوونە پارێزەی یەکپارچەیی خاکی عێراق و یرۆسەی سەربەخۆیی کوردستانیان بە پیلانگێڕی دژی یەکپارچەیی عێراق و ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی ناو دەبرد، بەوەشەوە نەوەستان و باڵێکی ناو ئەو حزبەی خۆی بە خاوەنی درووشمی مافی چارەی خۆنووسین دەزانی، کەرکوکی رادەستی حەشدی شەعبی کرد و خورماتوویان خستە ناو گێژاوی کۆمەڵکوژی و پاکتاو کردنی نەژادی کورد، لە ئاست ئەو وڵاتفرۆشیە هەموو ئەو لایەنانەی موزایەدەیان بە سەربەخۆیی کوردستانەوە دەکرد بێدەنگیان هەڵبژارد و وەک شەڕە پشیلەی گوندی چنارنە پرسی سەربەخۆیی کوردستانیان بردە سەر ورگی پارتی بە گشتی و سەرۆک بارزانی بە تایبەتی، پارتی و سەرۆک بارزانیش وەک پابەرند بوون بە بڕیاری خەڵکی کوردستان و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و بەو کلتوورە سیاسی و شۆڕگێڕیەی لە بارزانی نەمرەوە بۆیان ماوەتەوە، شانیان دایە بەر شەڕی بە ئەنجام گەیاندنی بڕیاری خەڵک و خواستی سەربەخۆیی کوردستان، ئەگەر چی ئەو لایەنانە پێیانوایە پارتی لە شکستی خوادووە و خۆشحاڵیش بەو شکستە دەردەبڕن، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ: ئەمڕۆ یان سبەی پارتی لەو شەڕەش وەک هەموو شەڕەکانی تر بە سەرکەوتوویی دێنەدەرێ و کورد بەو ئامانجە دەگەیەنێ کە بارزانی نەمر نەخشەی بۆ کێشاوە.