سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و چەند سەرنجێك
November 22, 2017
وتار و بیروڕا
دوای رووداوەكانی كەوتن و داگیركردنی شاری كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و هێزەكانی دیكەی نێوخۆی عێراقیی، بە تایبەت دوای كۆبوونەوەی دوكان لە ئێوارەی 15/10/2017 كۆمەڵێك دەنگوی ترسناك بڵاو بوونەوە لە بارەی پیلانگێڕییەكی ترسناكی یەكێتی بۆ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری، تا چەند ئەم هەواڵانە راست بوون نازانم، بەڵام سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی زۆر قسەوباسی رەواندەوە و چەند پەیامێكیشی تێدا بوو:
1-دانیشتن لە گەڵ یەكێتی زیاتر لە پەیامێكی هەبوو، یەك ویستی بزانێ كێ دەبێتە خاوەنی یەكێتیی فرەكوێخا و لە گەڵ كێ بە ناوی یەكێتی دادەنیشێت؟، دوو، لە پێناو یەكڕێزی نێوماڵی كورد، بە یەكێتیی گوت پارتی هیچ كێشەیەكی نە لە گەڵ یەكێتی هەیە و نە هیچ لایەنێكی دیكە. یەكێتی دڵنیا كردەوە لەوەی بە بێ یەكڕێزی نێوماڵی كورد هیچ كێشەیەك چارەسەر نابێت.
2-پەیامێك بوو بۆ خەڵكی سلێمانی، دیسان دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆكانی كۆبوونەوەی دوكان، چەند لایەنێك و كەسایەتییەك هەوڵی ئەوەیانداوە بۆشاییەك بخەنە نێوان پارتی و شاری سلێمانی و كاریان لە سەر ئەوە دەكرد كە بە شاری سلێمانی بلێن، ئێوە لە گەڵ سنووری پارتی كۆك نین و بە كەڵكی یەكتر نایەن، بەڵام بە دابەزینی نێچیرڤان بارزانی لە ریستۆرانەكانی دوكان و چایی خواردنەوە و وێنەگرتن لە گەڵ گارسۆنەكانی رێستۆرانەكە، هەواڵەكانی پێچەوانە كردەوە و سەرۆكوەزیران بە خەڵكی سلێمانی رایگەیاند كە ئەوان جێگەی رێز و تەقدیرن و متمانەیەكی تەواو لە نێوان سلێمانی و پارتی هەیە، ئەم دابەزینەی سەرۆكی حكومەت ئاشكرای كرد كە پارتی لە سلێمانی ناسڕدرێتەوە هەر وەك هەندێك لایەن كاری جددی بۆی دەكەن. تارماییەكانی نەهێشت و متمانەی پارتی بە سلێمانی دووپات كردەوە.
3- سەردانی سەرۆكوەزیران بۆ جاری چەندەم بۆ لای گۆڕان، بۆ هەموو لایەك روونی كردەوە كە پارتی نە بێ ئۆمێد دەبێ بۆ دانیشتن لە گەڵ هەر لایەنێك و نە واز لە یەكڕێزی لایەنە سیاسییەكان دەهێنێت، چونكە چەندین جارە گۆڕان وەرەقە دەداتە پارتی و ئەو مەرجانەی گۆڕان بۆ پارتی دادەنێت، زۆر لە مەرجەكانی بەغدا قورسترن و هەر لایەنێكی دیكە بۆوایە گۆڕانی پشتگوێ دەخست. راستە 24 كورسی هەیە، بەڵام هەم نییەتی گۆڕان چارەسەری كێشەكان نییە بەو مەرجە قورسانە و هەم دەنگدەرانی گۆڕان لەو بارودۆخەدا لە گەڵ یەكڕێزی نیشتمانیدان نەك هەلوەشاندنەوەی حكومەت لەو بارودۆخە ئالۆزەدا.
4- پەیامێكی هەرە گرنگی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای هەموو پێكهاتە سیاسی و حیزبەكانی كوردستان ( بەوانەی لە بەرەی عێراق و ئێرانیشن) ئەوەیە كە بەغدا و ئەنقەرە و تارانی لەوە دڵنیا كردەوە پارتی نائۆمێد نابێت و حكومەتی هەرێم هەوڵی چارەسەری كێشەكانی نێوخۆی كوردستان دەدات بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە سەخت و ئەم بارودۆخە سەختەی ئەم سێ پایتەختە بۆ هەولێر دروستیان كردووە. سەردانی سەرۆكوەزیران بە بێ پچران بۆ لای كەسایەتی یەكەمی حیزبەكان پەیامێكی بەهێزە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمەڵگەی كوردی كە حكومەتی هەرێم نیازی چارەسەری كێشەكانی هەیە و پێویستە كورد لەو دۆخە رزگاری ببێت.
5- لە هەمووی گرنگتر سەردانەكانی سەرۆكوەزیران بۆ هەموو روون دەكاتەوە كە نێچیرڤان بارزانی كەسایەتییەكی سەركەوتووە لە كارەكانیدا و هاوپەیمانان و وڵاتە ئیقلیمیەكان بەوە دەزانن كە سەرۆكی حكومەت لە كارەكانیدا سەركەوتووە و نیازی چارەسەری كێشەكانە نەك تەنها كۆبوونەوە بۆ دانانی كۆبوونەوەیەكی دیكەی بێ ئەنجام.
6- خاڵێكی دیكەی هەرە گرنگی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێستۆرانەكانی شاری سلێمانی ئەوەیە كە تیرۆری فیكری سڕییەوە و بە گەنجەكانی سلێكانی گوت كە ئێمە لە ئێوەین و بۆ ئێوەین، ئێمە جێگەی متمانەی ئێوەین و ئەو تۆمەتانە و تیرۆرە فكرییەی لە سەر بنەماڵەی بارزانی لە شاری سلێمانی هەیە درۆیە و هیچ كاتێك بنەماڵەی بارزانی نییەتی خراپیان نییە بۆ دەڤەری سلێمانی و بگرە هەمیشە سلێمانی جێگەی متمانە و رێز و حورمەت بووە.