پەیامی مووشەكی حوسییەكان بە مەرەكەبی فارسی نووسرابوو مووشەكەكە و جڵەوكردنی كودەتا گەورەكە

پەیامی مووشەكی حوسییەكان بە مەرەكەبی فارسی نووسرابوو  مووشەكەكە و جڵەوكردنی كودەتا گەورەكە
گومان لە ناسنامەی ئەو مووشەكە ناكرێت كە ماوەیەك لەمەوبەر ئاراستەی خاكی سعودیە كراو خودی ریازیش دانی پێدا نا، هاوكات سوپای ئەمریكاش دووپاتی لێ كردەوە، هەتا پاشماوەو ئاسەوارەكەشی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە پێویست بە لێكدانەوەو بۆچوون ناكات بۆ سەلماندنی ئەو راستییەی كە مووشەكێكی حوسی- ئێرانی بووە، ئەمە بۆ حوسییەكان دەرفەتێك بووە تاكو بەرەو سعودیە رایوەشێنن، رەنگە هەر ئەو رووداوە ئەوە دەربخات بۆچی سعودیە ناچاربوو بكەوێتە نێو شەڕێكەوە لە یەمەن، ئەو پێی وا بوو كە مەرامی كودەتای حوسییەكان ئەوە بووە تا نوێنەرێكی ئێرانی بهێنن و بیكەنە بەرپرسی جبەخانەی مووشەكەكان كە ئامانجی یەكەم و كۆتایی هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی سعودیە.
پەیامی ئەو مووشەكە زۆر دیارو بەهێز بووەو بە مەرەكەبی فارسیش نووسراوە، جەختكردنەوەیە لە گواستنەوە لە ستراتیژییەتی گەمارۆدان و گورزی شاردراوە بۆ دەستدرێژیی روون و ئاشكرا، هەروەها پرۆسەیەكی پێشێلكردنی ئاشكرایە كە بە هێڵی سوور ناودەبرێت، دیارە سعودیەش ناتوانێت لەبەرامبەر ئەو دەستدرێژییە بێ دەنگ بێت كە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.
جێگەی سەرسامی نییە كە ئێران پەنابباتە بەر پەڕینەوە لەو هێڵە سوورە، چونكە ئەو رژێمە بە سرووشتیی خۆی وایە كە گوێ بە یاسا نێوەدەوڵەتییەكان نادات، واتا ئەو یاسایانەی كە بەدەق رێگە بە دەوڵەتان دەدات لە دەروازە شەرعییەكانەوە بێنە ژوورەوە و رێز لە سەروەریی دەوڵەتان بگیرێت، هاوكات بەپێی بەڵگەنامەو نەریتە نێودەوڵەتییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، هەروەها دەست نەخرێتە نێو كاروباری ناوخۆیانەوە، سیاسەتی ناسەقامگیریش لەسەر بنەمای نەهێشتنی هەیبەتی هێڵی سوور و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان بنیاد دەنرێت.
هەر چاوخشاندنەوەیەكی خێرا بە سیاسەتەكانی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا بە ئاشكرا دەریدەخات كە رژێمی ئێران دووچاری ئاڵوودەیی بووە بە پێشێلكردنی هێڵە سوورەكان، ئەو رژێمە مافی ئەوەی بەخۆی داوە كە دەستتێوەردان بكات لە هەر نەخشەیەك بێت هەتا ئەگەر دەسەڵاتی شەرعیش راوبۆچوونی لەسەر هەبێت، هاوكات رێگەی بەخۆی داوە واقیعی خۆی بەسەر هەموو ناوچەیەكدا بسەپێنێت و دەسەڵاتەكەی ناچاربكات دەستتێوەردانەكەی قبووڵ بكات، یان لەگەڵیدا بگوزەرێت، دیارە پاساوگەلێكی زۆریش بۆ ئەمە دەهێنێتەوە وەك مەزەندەكردن بەوەی كە رەنگە رەوتێكی نەیار هەبێت بە مەبەستی بەرگریكردن لە كەمایەتییەك لە یەكێك لەو ناوچانە.
پێشتر هەرگیز رووی نەداوە كە دەوڵەتێكی ئیقلیمی ئەو ژمارە دزەكردنەی لە نەخشەی وڵاتانی دیكە ئەنجامدابێت و ناسنامەو ئاراستەكەیشیانی گۆڕیبێت، هەروەها رووی نەداوە كە دەوڵەتێكی ئیقیلمی دەستتێوەردانی كردبێت ئەو كەمایەتییانە لە پێكهاتەی نیشتمانی خۆیان دابڕێنێت بە پاساوی ئەوەی كە هاوشێوەی ئینتیمای مەزهەبیی ئەون، بەمەش لەژێر ناوی جیاجیادا دەیانخاتە نێو پاشكۆی بڕیارە ئیقلیمییەكە، ئەو پرۆسەیە لەو پێشێلكردنە زیاتر رەتی داوە كە بەتەواوی بۆتە هەوڵێك بۆ سەپاندنی فەرهەنگێكی تازە، هاوكات داماڵینی پیرۆزیی لە سنوورە نێودەوڵەتییەكاندا، هەروەها لابردنی مافی سوپای نیشتمانی بەوەی كە ببێتە تاكە هێزی چەكدار لەسەر خاكی نیشتمانیی خۆیدا، لەلایەكی دیكەوە ماف بداتە هاوپەیمانەكەی لە نێو ئەو نەخشەیەدا كە پەڵپ و ڤیتۆ دژی بڕیارەكانی حكومەتەكەی بگرێتەبەر، كە دواتر لە رووی سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەشدا بە ئارەزووی خۆی بژاردەی بەسەردا بسەپێنێت.
كێشەی خەڵكی هەرێمەكە لەگەڵ ئێراندا ئەوەیە كە شۆڕشێكە گۆڕین بۆ دەوڵەتێكی سروشتی رەتدەكاتەوە یان ترسی لەو گۆڕانكارییە هەیە، دەوڵەتی سروشتی لەنێو دەوڵەتی خۆیدایەو هێزە چەكدارەكەشی هەر لەسەر خاكی خۆیەتی، دەوڵەتێكە رێز لە بڕیارو بەڵگەنامەو نەریتە نێودەوڵەتییەكان دەگرێت و بەو زمانەی كە پێی ناسراوە قسە لەگەڵ دەوڵەتانی نزیك و دووردا دەكات، دەوڵەتی سروشتی واتا هاووڵاتی مافی هەیە لە حكومەتەكەی بپرسێت ئاخۆ لە پەرەپێدان و دابینكردنی هەلی كارو چاككردنی هەلومەرجیی ژیاندا چی كردووە، ئەو پرسیارانەیە بۆ نموونە سەرۆكی چین دەتوانێت بە روونی وەڵامیان بداتەوە، بەڵام سەرۆكی ئێران ئەمەی پێ ناكرێت.
هەروەها كێشەی خەڵكی هەرێم لەگەڵ ئێراندا بریتییە لەوەی كە دەیانەوێت دەوڵەتێكی سرووشتی بن، بەڵام ئێران ئەوەی ناوێت، سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕش تاكە ناوونیشانی هەمیشەیی ئێرانە، سەرباری ئەو پشوو و گفتوگۆیانەی كە لەسەر مێزدا پێویستن، ئەمە سیاسەتێكی چەسپاوە هیچ كاتێك ناگۆڕێت بە زەردەخەنەكانی محەمەد خاتمی یان حەسەن رۆحانی یان لەژێر ئاكارەكانی رووگرژیی ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكی ئێران، بەچاوپۆشی لە ئەنجامەكانیشی لە هەڵبژاردنەكاندا كە لەلایەن رژێمەوە بەپێی پێداویستییەكانی ئەو بەرنامە هەمیشەییە هەڵدەسووڕێندرێت، ئەو لە كۆتاییدا فەرمانبەرێكی باڵاپۆستە لە نووسینگەی رابەردا، نەك دوا شاگردی سیاسەتە و مافی پەڵپگرتنی فیعلی لە وردەكاریی بڕیارەكاندا نییە.
كێشەی خەڵكی هەرێمەكە لەگەڵ ئێراندا ئەوەیە كە نموونەیەكی سەرنجڕاكێشی نییە كە كەسانی دیكە سەركەوتنە ئابوورییەكان پەیڕەوبكەن و هەوڵبدەن سوودی لێوەربگرن، ئەزموونەكان ئەوەیان سەلماند كە ئەو نموونەی ئێستا ناتوانرێت لە وڵاتێكی دیكەدا پەیڕەوبكرێت، بەتایبەتیش لەو دەوڵەتانەی كە فرەپێكهاتەن، چاكترین بەڵگەش ئەوەیە كە هەڵكشانی هەژموونی ئێران لە هەر دەوڵەتێكدا بێت ئەنجامەكەی درزخستنە نێو ئەو نەخشانەو لێكترازانی یەكێتیی نیشتمانییە، هەروەها خوڵقاندنی هەلومەرجە بۆ ناكۆكیی درێژخایەن كە دواتر ئەو دەوڵەتانە لێكهەڵدەوەشێنێتەوە و پەرتیان دەكات. ئایا دەكرێ بۆ نموونە یەكێتیی عێراق زامن بكرێت ئەگەر تاران خاوەنی یەكەم وشەو دوا وشە بێت لە بەغدا؟ دەكرێ هەمان پرسیار ئاراستەی سووریا و لوبنان و یەمەنیش بكرێت.
دیارە ئێران بەردەوامە لە سیاسەتی(كودەتا گەورەكە) و قۆستنەوەی دەرفەت بۆ پێشكەوتن و خۆقایمكردن و پێشڕەویكردن، ئاشكرایە كە هێرشە بەربڵاوەكەی ئێران لە ناوچەكەدا دوابەدوای رووخانی ئەو بەربەستە زیاتر كڵپەی سەندو خێراتربوو كە سەدام حوسێن درووستی كردبوو، هەرچەندە زۆر سەختە، بەڵام چەندین وێستگەی جیاجیا لە پڕۆژەی كودەتا گەورەكەدا بەدی دەكرێت، دوابەدوای هێرشی ئەمریكا بۆ عێراق ئێران و سووریا لە كۆبوونەوەیەكدا لە تاران لەسەر ئاستێكی باڵا رێككەوتن كە نەهێڵن حكومەتێكی سەقامگیر لەسایەی بوونی ئەمریكا لە عێراق دابمەزرێت، دواتر ئەحمەدی نەژاد وەك یەكەم سەرۆك لە ناوچەكە سەردانی بەغداو زۆنی سەوزی كردو بە بەردەم بەربەستە ئەمریكییەكاندا رەت بوو، دوای تیرۆركردنی رەفیق حەریری هەردوولا بڕیاریان دا حكومەتێكی سەقامگیر لە لوبنان دانەمەزرێت، دوای ناچاربوونی هێزەكانی سووریا كە لە لوبنان بكشێنەوە، لە راستیدا ئەمە رووی دا، خاڵێكی دیكە هەیە زۆر كەس لەبیری دەكات، ئەویش ئەوەیە كە ئێران خاوەنی رۆڵی سەرەكییە لە لەباربردنی رێككەوتنی ئۆسلۆ و دەستپێكردنی كردەوە خۆكوژییەكان و بەسەربازكردنی راپەڕینی دووەم، هەروەها سەرئەنجامەكانیش بەسەر رێككەوتنەكەو یاسر عەرەفات دیار بوون.
سعودیە لەبەردەم پڕۆژەی كودەتا گەورەكەدا كەوتە شێوەی ئاستەنگێكی گەورەوە بەهۆی قورسایی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی خۆیەوە، بۆیە سعودیە ئامانجێكی هەمیشەیی ئەو بەرنامەیە بوو، كاتێكیش نەكرا لەرێی بەحرەینەوە گەمارۆبدرێت، بیرۆكەی گەمارۆدانی لەڕێی یەمەنەوە هاتە ئاراوە، هەروەها دانانی جبەخانەی مووشەك لەژێر دەستی حوسییەكان.
زۆربەی مەزەندەكان ئەوەن كە ئێران لەبەردەم شێوەی تازەی سعودیە زۆر نیگەرانە، واتا دەوڵەتێك كە لەسەر ئاستی دەرەوەو ناوەوە چالاكە، پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئەمریكا هەیەو شەراكەتی ئابووریی ستراتیژیی لەگەڵ دەوڵەتە مەزنەكان پتەوە، سعودیە لەسەر ئاستی ناوخۆدا بەرنامەیەكی فراوانی پەیڕەوكرد بۆ گۆڕانگاریی ئابووری و كۆمەڵایەتی كە بە هەنگاوی گەورە دەستی پێكرد هەروەك سەرۆكی میسر عەبدولفەتاح سیسی وەسفی كردووە، ئەم هەنگاوە واقیعییانە سعودیەی زیاتر كردە ئامانج.
ئەو مووشەكە بوارێكی تازەی لە پەیوەندییەكانی سعودیە- ئێران، هەروەها لە پەیوەندییەكانی كەنداو- ئێراندا كردەوە، ئێران پابەندە بە سیاسەتی پێكهێنانەوەی هەرێم تاكو پێگەی یەكەمی تێدا بگرێت، رەنگە بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین شەریكی (شەیتانە گەورەكە)، دیارە سعودیەی تازە رێبازێكی تازەی پەیڕەوكرد لە ئیحتیواكردن و بەرپەچدانەوەی كودەتا گەورەكە، مووشەكەكەی حوسی- ئێرانی بژاردەیەكی خستە بەردەم سعودیە تاكو هەموو تواناو پەیوەندییەكانی تەرخان بكات بۆ جڵەوكردنی كودەتا گەورەكە، ئەویش شەڕی ئاییندەو هاوكێشەكانی هەرێمەكەیە.





غەسان شربل
سەرنووسەری رۆژنامەی «الشرق الأوسط»
Top