گفتوگۆیەك لە هەولێر ئینجا لە بەغدا
November 22, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوە بەغدا بەو شێوەیە كە هەر هەموومان دەیبینین، بەڵام گرفتەكە ناوخۆمانە، حزبەكانی كوردستان نایانەوێ یەك تێڕوانینیان بۆ بەغدا هەبێ، چونكە بەرژەوەندیی حزب نەك نیشتمان لەبەرچاودەگرن، ئێستا بەغدا لە حاڵەتی غرور و نەشئەی سەركەوتندایە، بۆیە ئامادە نییە گوێ لە كورد بگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كورد بە دوو دیدی جیاوازەوە سەیری بەغدا دەكات، ئەمەشیان لە بەرژەوەندیی بەغدا شكاوەتەوە، تاران و ئەنكارا و دیمەشقیش لەو بەرژەوەندییە بێ بەش نین، بەتایبەت تاران چونكە راستەوخۆ لە سەر زەوی سەرپەرشتیی شەڕی دژی كوردستان دەكات.
حزبەكانی كوردستان بەسەر دوو تێڕوانینی جیاواز دابەشبوونە، لەگەڵ ئەوەی بەغدا بەپێی ویستی خۆی مامەڵە لەگەڵ دەستوور دەكات، كەچی حزب هەن ماشێنی راگەیاندنیان بۆ ئەوە تەرخانكردووە، كردەوەكانی بەغدا بە دەستووری ناوببەن، ئاخر هێشتا ناكۆكی لەسەر ئارامی و نائارامیی كەركووك و خورماتوو هەیە، ئەو پەلاماردانە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، بە ئاسایی بزانن و لە بەغدا زیاتر پاساوی بۆ بهێننەوە، بەدەیان هەزار كەس دەربەدەر بووە، تەعریب دەستی پێكردۆتەوە، كەچی دەڵێن دۆخەكە ئارامە، كار بەوە گەیشتووە لە پەرلەمانی عێراقدا تۆڵە لە یەكدی بكەنەوە و ناوی پەرلەمانتار بدەن كە دەنگی بە سەربەخۆیی داوە بۆ ئەوەی حیساباتی كۆن لەگەڵ یەكتری یەكلابكەنەوە.
تا كورد بە دوو تێڕوانین سەیری بەغدا بكات، بە دوو ئەجندای جیاوازەوە رووی لە بەغدا بێت، ناتوانێ لە گفتوگۆدا شتێكی دەست بكەوێت، بۆیە چارەسەر هەر ئەوەیە، حزبەكان لە هەولێر دەست بە گفتوگۆیەكی جدی بكەن، بەغدا پێناسە بكەنەوە، ئەوەش یەكلابكەنەوە، ئەوەی لە 16 ی ئۆكتۆبەر روویدا چی بوو؟ سوعبەت بوو لەگەڵ كورد كرا یان داگیركردن، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە رێگە لە دووبەرەكی بگیرێ، ئەگەرچی برینێكی قووڵە و لێمان بۆتە تیراوە و ناوە ناوە وەبن دەداتەوە، دوای ئەو رێوشوێنە ئینجا بۆ گفتوگۆ روو لە بەغدا بكەین.