مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە
November 8, 2017
وتار و بیروڕا
١ــ لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لە فراکسۆنی یەکێتی توندتر لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و عەرەبە شۆڤێنیەکان دژی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان وەردەگرت.
٢ــ لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەو فراکسیۆنانە وەک پارێزەی حکومەتی بەغدا دەردەکەوتن و پاکانەیان بۆ ئەستۆ پاکی و ستەم لێکراوی بەغدا دەکرد، بەرگی تاوان و ستەمکاریشیان بە باڵای کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبڕی.
٣ــ خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان بە پیلانگێڕی دژ بە یەکپارچەیی خاکی عێراق ناوزەد دەکرد و وەک ئەوەی کورد خاکی عەرەبی داگیر کردبێ، کوردایەتی و داوا کردنی مافی کوردیشیان بە ناسۆنالیزمی شەڕانی دەناساند.
٤ــ کێشە سیاسی و ململانێ حزبیەکانی کوردستانیان دەگوازتەوە بەغدا و زۆر جارانیش داوای هاوکاری و دەستوەردانی حکومەتە شیعەگەراییەکی بەغدایان دەکرد.
٥ــ بە هاوکاری دەوڵەتی یاسا و بە رێنامایی نوری مالیکی کەوتنە پاکتاو کردنی پارتی لە بەغدا و هەر رۆژەو بەزم و گۆنگەڵێکیان بۆ پارتی ساز دەکرد.
٦ــ نەوشیروان مستەفا دەیگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی (بەغا)مان دەوێ، عەلی باپیریش دەیگوت: حکومەتی عێراق لە حکومەتی هەرێم دیموکراتی ترە، واتا سیستەمی فتوا و دیموکراتی بە هێزی شمشێری ژەنگنی عرووبە و ئەقڵیەتی بیابانی.
٧ــ ئاڵا تاڵەبانیش رەچەڵەک و مەزهەبی تاڵەبانیەکانی دەبردەوە سەر رەچەڵکی عەشیرەتی بەنی ئەسەد و مەزهەبی دوازدە ئیمامی شیعە.
٨ــ رۆژێک بەر لە ریفراندۆم و لە رۆژی ٢٤ی ئەیلول بە مەبەستی تێکدانی ریفراندۆم لە کەرکوک ئاژاوەیەک ساز کرا.
٩ــ راگەیاندنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی دژ بە ریفرادۆم و خواستی سەربەخۆیی کوردستان سیاسەتی دەوڵەتی یاسا و عەرەبە شۆڤێنیەکانیان وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی و بەغدایان دەکردە قیبلەگای سیاسی کورد.
١٠ــ بۆ کورد کوژی و داگیر کردنەوەی کوردستان فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لە فراکسیۆنی یەکێتی بە شانازییەوە ملیشیای حەشدی شەعبییان بە یاسایی کرد و وەک دەستکەوت بە پرۆسەی سیاسی عێراق و کوردستانیان دەفرۆشتەوە.
١١ــ گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێکی یەکێتی لە راگەیاندنەکان و لەناو خەڵکدا دژ بە پارتی کەوتنە ئیرهابی فکری و شەڕی لاواز کردنی ئیرادەی نەتەوەیی.
ئەمانە و زۆر نیشانەی تریش ئاماژەی روون بوون بۆ هاوپەمانێتی ئەو حزبانە لەگەڵ حکومەتی عێراق و ساز کردنی ئەو پیلانەی کە رووداوی داگیر کردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تری لێکەوتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە پارتی جارێک لە ئاسمانی نەڕوانی تا هەست بە بوونی مانگەشەو بکات.