کەرکووک ،سەربەخۆیی کوردستان لە یەکتر جیاناکرێنەوە ، خاکی کوردستان شوێنی داگیرکەران نییە ..

کەرکووک ،سەربەخۆیی کوردستان لە یەکتر جیاناکرێنەوە ، خاکی کوردستان شوێنی داگیرکەران نییە ..
ئەوانەی بە پاڵپشتی سوپای رژێمە داگیرکەرەکان و خیانەتکاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمیان داگیر کرد لە لەشکری ڕژێمی سەدام بەھێزترنین، با غەدر و زوڵم لەخەلکی تێکۆشەر و قارەمانی ئەم ناوچانە بکەن، با دڵنیا بن بۆیان ناچێتە سەر.بەھۆی بەرنگاری و قارەمانیەتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تۆمارکردنی چەندین داستان لە پردێ و مخمور و زومار و رەبیعە و باشیک و ھەموو میحوەرەکان مۆرالی خەڵکی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی زۆر بەرزکردەوە دوژمنی تووشی شۆک کرد.دڵنیام و شتێکی حەتمیە لە کەرکوک و ھەموو ئەو ناوچــــە داگیرکراوانە ڕاپەڕینی جەماوەری بەپاڵپشتی پێشمەرگــــــە دروست دەبێت وەکو ڕاپەڕینی سالی ١٩٩١ و٢٠٠٣ جارێکی تر داگیرکەران ڕادەماڵدرێن ئەم ناوچانە دەگەڕێنە باوەشــــی کوردستان. گۆرانکاریەکانی ناوچەکە و کوردستان خێران، چاوەڕوانیسەرکەوتنی گەورەبن بۆ دواڕۆژێکی باشتر بۆ کوردستان. دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بە راگەیاندن لە دوای راگەیاندن ھێرشیان کردە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لەبەر ئەوە نەبوو کە خەڵکی کوردستان داوای سادەترین مافی خۆی کردووە، بەڵکو لە کوردستان ریفراندۆم ئەنجام درابایە، یان ئەنجام نەدرابایە عێراق بە پشتگیری وڵاتانی ناوچەکە ھەر ھێرشیان دەکردە سەر کوردستان، ریفراندۆمیش بۆ ئەوە بوو کە سەرکردایەتی کوردستان خەڵکی کوردستان لەو مەترسیانە بپارێزێت، چونکە سەرکردایەتی کوردستان دەیزانی زوو یان درەنگ عێراق ھێرش دەکاتە سەر کوردستان، بەڵام ئەوان ریفراندۆمیان کردە بیانۆ بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ھێرش بکەن.
ھێزی پێشمەرگە وەکو چۆن لە کاتی شەڕی داعش بەرگری لە خەڵکی کوردستان کرد، لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیش بە ھێزتر لە جاران ئامادەبوو بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە دوای ئەوەی لە ١٦ی مانگی رابردوو پاش ئەوەی بەرنامەی داگیرکردنی ھەرێمی کوردستان دانرا، چەند کەسێکی باڵا دەست لەناو لایەنێکی سیاسیی دیاریکراودا ھەماھەنگیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کرد کە بێنە ھەرێمی کوردستان، ئەو ھێرشەی بەغدا بە پشتگیری وڵاتێکی ناوچەکە بوو بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، لەسەر گەڵێکی بێ دەسەڵات، لەسەر گەلێکی ئاشتیخواز کە زۆر خزمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، لە ٢٠ی مانگ چەکدارانی حەشدی شەعبی بەسەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە کەرکووکەوە بەرەو پردی بەڕێ کەوتن بۆ ئەوەی قوشتەپە و ھەولێر داگیر بکەن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە پردێ لێیان ھاتنە دەست، نەک ھێزی پێشمەرگە نەکشانەوە، بەڵکو وانەیەکیان بەو ھێزانەدا کە نەتوانن جارێکی دیکە شەڕی ھێزی پێشمەرگە بکەنەوە، چونکە لەو شەڕەدا حەشدی شەعبی زیاتر لە ١٨٠ کوژراو زیاتر لە ٢٠٠ برینداریان ھەبوو، جگە لە زیانی ماددی، بۆیە دەڵێم ئەو داستانەی ھێزی پێشمەرگە لە پردێ تۆمار کرد، کە بە داستانی کۆڕێ ناودەبرێت، لە کەرکووک کرابایە و ھێزی پێشمەرگە بەرگری کردبایە و بە قسەی چەند کەسێک پاشەکشەی نەکردبایە، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی حەشدی شەعبی و ئەوانی دیکە ڕابگرێت و پاشەکشەیان پێ بکات، بەوەش نە کەرکووک داگیر دەکرا، نە خەڵکی ناوچەکە ئاوارە دەبوون، نە ئەو زەرەر و زیانانەش بە خەڵکی ناوچەکە دەکەوت، بەوەش ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگۆڕا و ئێستا بارودۆخەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبوو.
کورد لە مێژووی خۆید چەندین شۆڕشی بەرپا کردووە و تەواوی قۆناغەکانی بە قوربانیدان بەڕێ کردووە، ھەر لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموود و مەلا مستەفای نەمر و تا دەگاتە ئەمڕۆی نەتەوەکەمان، کە چارێگە سەدەیەکە خاوەن پەرلەمان و حکوومەتی خۆیەتی.دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی رووخاو و نەمانی دیکتاتورەکەی گەلی کورد پێی نایە قۆناغێکی نوێ دوای ئەوەی کە تەنھا دۆستی کورد چیاکان بوون، ئێستا زۆربەی زۆری وڵاتان بوونەتە دۆستی کورد بە وڵاتە زلھێزەکانیشەو ...دوای گفتوگۆیەکی تێرو تەسەل لە نێوان سەرکردایەتی کورد و شکست ھێنانی شەراکەت لەگەڵ حکومەتی عێراق، سەرکردایەتی کورد بڕیاری ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا...ھەرچەندە زۆرێک لە دەوڵەتەکان ناڕازی بوونی خۆیان نیشان دا بەرامبەر بە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم، بەڵام سەرۆک بارزانی بۆ جیھانی دووپات کردەوە، کە ئێمەی کورد وەک ھەر وڵاتێکی دیکەی دنیا دەبێت خاوەن دەوڵەتی خۆمان بین، چەند جارێکیش ئەوەی دووپات کردەوە. کە لە وڵاتان دەپرسین. بۆچی عەرەب خاوەن پتر لە ٢٢ دەوڵەت بێت و کورد خاوەنی تەنیا دەوڵەتێک نەبێت و سەروەرییەکانی خۆی تێدا بپارێزێت، ئەگەرچی پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە ھەندێ لایەنی ناوخۆی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بوون دوابخرێت، بەڵام ئەو گوتی: تەنیا ڕای من نیە، بەڵکو زۆربەی حزبەکانی تر لە مانگی حوزەیراندا ئەو ڕۆژەیان دیاری کردووە، ھەروەھا جەنابی سەرۆک بارزانی ، بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ئاماژەی بۆ ئاستەنگەکان کرد. کە لە ئەنجامی ھەوڵدان بەرەو سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەڵام ئەو ڕاستی کرد، چونکە ھیچ لە دایک بوونێک بە بێ ئازار نابێ، بۆیە پێویستە ئێمە لە پێناو کوردستان دا ھەرگیز سڵ نەکەینەوە و خوێنی ئاڵی خۆمان ببەخشینە نیشتمان و بۆ ئەوەی ئەو ئاواتە لە مێژینەیەمان بێتەدی.
Top