شەرم نیە و نەبوە ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک(مەسعود بارزانی)لەدواڕۆژی میللەتی کورد ترسابێت؟ 2
October 25, 2017
وتار و بیروڕا
بەشی دووەم
دوای بڕیاری ڕزگارکردنی ووڵاتی عێراق لەلایەن ووڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا و هاتنی سوپای ئەم ووڵاتە سەرکردە سیاسیەکانی عێراق بە گشتی چونە ناو بارودۆخێکی نوێ بەوەی دەسەڵاتی ووڵاتێک وەرگرن. هەر لە سەرەتاوە ---ئارەزووی وەڵان نان و یەکتر قەبوڵنەکردن سەریان هەڵدا وەک(پۆل بریمەر)دەگێڕتەوە و دەڵێت:
ڕۆژێک حەوت سەرکردەی سیاسی عێراقی هاتنە لام پێیان ووتم:
هاتوین دەسەڵاتی عێراقمان بدەیتێ؟.
منیش لەوەڵامدا ووتم: سەرەتا ئێوە هاتون یەک ئافرەتان لەگەڵ نیە و ئێوە ناتوانن بەرپرسیارەتی یەک خۆپیشاندا بکەن ئیتر چۆن دەتوانن ووڵاتێک بەڕێوەببەن؟.
دوای ئەوە پێکهاتەی سونە مەزهەبەکان لە پڕۆسەی سیاسی کشانەوە.سەرکردە سیاسیەکانی زۆرینەی پێکهاتەی شیعە مەزبیش کەوتنە دروست کردنی پەیوەندی جۆراوجۆر لەگەڵ دەسەڵات دارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.هۆکاری دروست کردنی ئەم جۆرە پەیوەندیە نهێنی و ئاشکرایانە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە لەناخی ئەم سەرکردە سیاسیە شیعە مەزهەبانە غەریزەی دەست بە دەسڵاتەوە هەبو.
ئەوەبو دوای ململانێ لەناو دەولەتی یاسا لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەباش زانرا دکتۆر(نوری مالکی)ئەم پۆستە وەرگرێت و ئەویش بەشێوەیەکی پڕۆفێشناڵانە توانی دەست بە دەسەڵاتەوە بگرێت و ئەوەی کۆسپ بو بەرامبەری لایدا.دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیستەکەی(ئەیاد عەلاوی) زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنا بەڵام چونکێ ئێرانیەکان لەدواوە پڕۆسەی سیاسی عێراقیان لە ناوەند بەڕێوە دەبرد بەم ئەنجامە ڕازی نەبون.دوای هەوڵێکی زۆر لەڕێکەوتنی هەولێر بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک مەسعود بارزانی دووبارە نوری مالکی وەک سەرۆک وەزیران دەست نیشان کرا.
دوای دەست پێکردنی ماوەی دووەمی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن(نوری مالکی) وەلانان و دوورخستنەوەی هەردوو پێکهاتەی(کورد و سونە)لەپڕۆسەی سیاسی دەستیان پێکرد. ئینجا میلیشای چەکداری جۆراوجۆر لە عێراق سەریان هەڵدا بەشێوەیەک سەریان لە شارەزا و پسپۆران شێواندبو چونکێ ئەم چەکدارە میلیشیا شیعە مەزهەبانە وەلائی(دڵسۆزیان)بۆ(وولایەتی فقهیی)هەبو، هەیە لە تەهران. سەرکردەکانی ئەم میلیشیایانە لەبەر بەهێزی پێگەیان وایان لە سەرکردە سیاسیەکانی پێکهاتەی شیعە مەزهەبەکانیش کرد نەتوانن پشتیان لێبکەن بەڵکو پێشبڕکێیان دەکرد تا لەئەوان نزیک ببنەوە.دوای هاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناو خاکی عێراق و هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق میلیشایی شیعە مەزهەبەکان لەژێر فەتوای( ئایتوڵا سیستانی)شەرعیەتی ئاینیان وەرگرت ئینجا لەناو پەرلەمانی عێراق بە یاسا یاسایش کران وەک هێزێک.
ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە لەکاتی شەڕەکانی چەکدارانی میلیشای شیعە مەزهەبەکان دژی چەکدارانی تیرۆریستی داعش دەست تێوەردانی کۆماری ئێران بەزەقی دیاربو و بەئاشکراش دەستیان کرد بە تۆڵە سەندنەوەی تایەفی جۆراوجۆر.
دوای پڕۆسەی سیاسی لەعێراقی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٣وە کاک مەسعود بارزانی لەهەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەست نیشانکرا و ئەویش هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی میللەتی کورد تەرخانکرد. ڕۆژ بە ڕۆژ و کات لە دوای کات ئەم سەرکردە سیاسیە مەزنە هەوڵی بۆ دوا ڕۆژی میللەتی کورد دەدا تا کار گەیشتە ئەوەی بەڕێزیان ڕۆژێکی دەست نیشانکرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەک بەناوی ڕیفراندۆم.ئێمە ناچینە ناو درێژەی باسی ڕیفراندۆم و لایەنە مێژووکەی بەڵام لەڕوی یاسای نێودەوڵەتی ئەم پرسە پرسێکی یاساییە.
دوای ئەنجامدانی پرسی ڕیفراندۆم ئەم پرسە دۆست و دوژمنی میللەتی کورد و هەرێمی کوردستانی یەک خست بەوەی سەرەتا لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەکۆی دەنگ ئەم پرسەیان ڕەتکردوە و چەندین بڕیاری تایەفیان دەرکرد.کۆماری ئیسلامی ئێرانیش چونکێ بەرنامە و نەخشەی خۆیان هەبو هاتنە ناو هاوکێشەکان لەڕێگای چەکدارە شیعە مەزهەبەکان سەرکردایەتی نەخشەیەکی گڵاویان کرد دژی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک مەسعود بارزانی.
ئەمەی جێگای ئاماژە پێکردنە سەرەتای دژایەتی سیاسیەکانی ناوەند لە هەردوو پێکهاتەی(سونە و شیعە)بەلێدوان دەستی پێکرد و سەرکردایەتی سیاسی کوردیان بەمەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق بەتاوانبار کرد. لێرەشدا چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە وەک
-کێ سەرکردایەتی سیاسی کورد و خودی کاک(مەسعود بارزانی) فێری نیشتمانی پەروەری دەکات؟
-کێ سەرکردایەتی سیاسی کورد و خودی کاک(مەسعود بارزانی) فێری دڵسۆزی و قارەمانیەتی دەکات؟
-ئایا مالکی و حەکیم و عامری کەتا دوێنێ لە سوپای ئێران بون دژی ووڵاتی خۆیان دەجەنگان ئێستاش وەک ڕەبۆت لەدواوە ئیشیان پێدەکەن بەرپرسن؟
-کام لە سەرکردە سیاسیە کوردەکان وێنەی( خومەینی-خامەنائی و ئۆردوگانی)لە هەرێمی کوردستان هەڵواسیوە؟
لەکۆتایی-
-هەرسێ ووڵاتی دراوسێ(عێراق-ئێران-تورکیا)لەسەر پرسی کورد ڕێکەوتن و توانیان پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دواخەن بەڵام ئەم پرسە کۆتایی پێنەهاتوە. ووتەیەک هەیە دەڵێت:
دوژمنان دەتوانن بە پێ بەسەر گوڵ دا بڕۆن بەڵام هیچ دوژمنێک ناتوانێت ڕێ لە هاتنی بەهار بگرێت.