محمد سالح جمعە: ئەگەر رۆڵی کورد نەبووایە نەک ئەوانەی ئێستا لەبەغدا دەسەڵاتدار نەدەبوون، بەڵکو رژێمی پێشووش نەدەڕووخا

محمد سالح جمعە: ئەگەر رۆڵی کورد نەبووایە نەک ئەوانەی ئێستا لەبەغدا دەسەڵاتدار نەدەبوون، بەڵکو رژێمی پێشووش نەدەڕووخا
ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان وەرچەرخانێكی گەورە و بێ وێنەیە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا و رۆژێكی هاوشێوەی 25ی ئەیلوول لە مێژووی كوردستاندا بوونی نییە، لەمەش زیاتر ئەنجامدانی ریفراندۆم شڵەقاندنی گۆمێكی مەنگی 100 ساڵە بوو نەك تەنیا بۆ ئێمەی كورد، بەڵكو شڵەقاندنی ئەو گۆمە مەنگە بوو بۆ دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەمەش بەو مانایەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، كەوتنە بەردەم باهۆزێكی تازە و سەرەتای گۆڕانكاری لە نەخشەی دەوڵەتەكانیان دەست پێدەكات.
ریفراندۆم بڕیاری گەلی كوردستانە، بەڵام ئەم بڕیارە دەرهاویشتەی ئەو گۆڕانكارییانەیە كە ئیرادەی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستیان كردووە، بەڵام خواستی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ئەوەیە ئەم گۆڕانكارییانە بە رێگەی ئاشتییانە و سەردەمییانە رووبدات، نەك بە رێگەی زەبر و زەنگ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، ئەم ئامانجە پێویستی بەوەیە بەشێوەیەكی ئەقڵمەندانە سیاسەت و ستراتیژیەتی خۆمان دابڕێژین، هەروەها دەبێت هێمن و لەسەرخۆ بین، بۆ ئەوەی ئەو كاردانەوە توندانە هێور بكەینەوە كە سەرەتای دەركەوتنی ئەم گۆڕانكارییە گەورەیە دروستی كردوون، لە بەشێكدا كاردانەوەكانی عەرەب و فارس و تورك بەرامبەر ئەم وەرچەرخانە گەورەیە، چاوەڕوانكراو بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوان مەبەستیانە گۆڕانكارییەكان بەوجۆرە بن كە خۆیان ئاواتیانە و بیری لێدەكەنەوە، بەڵام ئەو سەردەمە بەسەرچووە و گۆڕانكاری تازە جێگەی گرتۆتەوە.
گەلی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلوول بڕیاری خۆی دا و بە جیهانی راگەیاند سەربەخۆیی دەوێت و دەوڵەتی كوردستان دادەمەزرێنێت، ئەم پەیامە زۆر باش توركیا و عێراق و ئێران تێی گەیشتوون، بۆیە زۆر شێتگیرانە كاردانەوەیان بەرامبەر ئاكامی ریفراندۆمەكە پیشانداوە، دەیانەوێت رێگە لەم وەرچەرخانە بگرن، بەڵام ئەم وەرچەرخانە روویداوە و لە بەرژەوەندی كورد و كوردستان تەواو دەبێت.
ئەو دەوڵەتەی گەلی كوردستان دەیەوێت دایبمەزرێنێت، لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی تیرۆر و نەهێشتنی توندڕۆیی رادیكاڵیزمی ئیسلامی دادەمەزرێت، هەر بۆیە ئەم دەوڵەتە بە تەنیا بۆ گەلی كوردستان وەك پێویستییەك سەیر ناكرێت، بەڵكو ئەم دەوڵەتە بۆ هەموو دەوڵەتانی جیهانی ئازاد و دیموكراتی گرنگە و پێویستە پشتگیریشی لێ بكەن. بۆیە ئەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت دژی دەوڵەتی كوردستان رابوەستن، ئەگەر بە تەنیا رووبەڕووی ئێمە ببوونایەتەوە، ئەوا دەیانتوانی پرۆسەكە رابگرن، بەڵام ئەوان دەزانن بەكاری لەو جۆرە خۆیان رووبەڕووی هەموو جیهانی ئازاد و بەرەی دژە تیرۆر دەكەنەوە.
ئەو كۆڵەگە سەرەكییانەی دەوڵەتی كوردستانی لەسەر رادەگەیەنرێت بریتین لە:
1. پابەندبوون و درێژەپێدان بە رێبازی بارزانی كە بۆتە هەوێنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەنێوان سەرجەم نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستاندا.
2. دۆستایەتیی پتەوی ئێمە لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی رۆژئاوای دیموكراتی و هاوپەیمانەكانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
3. بێ ئاگایی و تێنەگەیشتنی ئەو دوو سێ دەوڵەتەی كە دەیانەوێت رێگری لەم گۆڕانكارییە تازەیە بكەن.
ئەم سێ هۆكارە سادە و گرنگە، گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت، بۆیە كوردستان دەبێتە ئەو دەوڵەتە تازەیەی كە نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دەیبینێت.
لەم بارودۆخە تازەیەدا كە گرنگە بە گەشبینییەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، مەسەلەی هەڵوێست و كاردانەوەی نێودەوڵەتییە لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی ئێمە، زۆر كەس لە سادەیی خۆیەوە ئەو پرسیارە دەكات: بۆچی دەوڵەتان پشتگیری ریفراندۆمی ئێمە ناكەن؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا راشكاوانە دەڵێم: ئێمە ریفراندۆممان بۆ ئەوە ئەنجام نەداوە هەتا رای دەوڵەتان بزانین، بەپێچەوانەوە ئێمە ریفراندۆممان ئەنجامداوە هەتا ئیرادەی گەلی خۆمان پیشانی جیهان بدەین و بە جیهان بڵێین گەلی ئێمە سەربەخۆیی دەوێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ریفراندۆم وەك ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانجێك كراوە كە سەربەخۆییە، بۆیە كاتێك كوردستان سەربەخۆیی رادەگەیەنێت، هەڵوێستی دەوڵەتانیش دەگۆڕێت و دان بە سەربەخۆییەكەدا دەنێن.
بەڵام لە ئێستادا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەوجۆرە ئیدارەی ئەم پرۆسەیە دەكات كە لەسەر بنەمای ئاشتی و دیالۆگ لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ بگەنە ئەو ئاكامەی كە گەلی كوردستان دەنگی بۆ داوە، ئەم دانوستاندن و دیالۆگەش كە ئامانجمان ئەوەیە پێش هەمووان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەستی پێبكەین، هەنگاوی یەكەم لەسەر بنەمای ئەو ریفراندۆمە دەست پێدەكەین كە چیدیكە گەلی ئێمە ناتوانێت لە چوارچێوەی ئەو پێكەوەژیانەی رابردوو لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، هەروەها لەمەش زیاتر پێیان دەڵێین كە چیدیكە ئەو دەستوورەی عێراق و ئەزموونی بە فیدڕاڵیكردنی عێراق نابێتە ئەو چەترەی كە میللەتی ئێمە بپارێزێت، باشترین بەڵگەش لەسەر ئەم راستییانە هەڵوێستی توندی حكومەتی بەغدایە بە گرتنەبەری ئەو سزایانەی كە دژی خەڵكی كوردستان پیادەیانی كردووە. راشكاوانە دەڵێم: ئێستا حكومەتی عێراق هەر ئەوەندەی لەدەست دێت بەرامبەر كوردستان بیكات، خۆ ئەگەر كارێكی دیكە لە دەستی بهاتایە و بیتوانایە دژی كوردستان ئەنجامی بدات، ئەوا سێ و دووی لێ نەدەكردو تا ئێستا ئەنجامی دەدا. هەر بۆ نموونە حكومەتی عێراق بە ئاشكرا داوای لە هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران كردووە كە پێكەوە بە سێ قۆڵی سزای خەڵكی كوردستان بدەن و سنوورەكانمان لێ دابخەن و گەمارۆمان بخەنەسەر، بەڵام ئەوەی پێویستە لێرەدا میللەتی خۆمانی لێ ئاگادار بكەینەوە، ئەوەیە كە سەرۆك مسعود بارزانی لە ئێستای دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمیش بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئامادەن بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەم بارودۆخە ئاڵۆزەشدا ئەگەر هەر پێشنیارێك بۆ گفتوگۆ هاتبێتە پێشەوە، كوردستان پێشوازی لێكردووە و ئامادەباشی بۆ وتووێژێكی كراوە و بێ مەرج دەربڕیوە، ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەو بنەمایەیە كە كوردستان دەیەوێت ئەوەی خەڵكی كوردستان بڕیاری لەسەرداوە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی دیالۆگێكی سەردەمییانە بگاتە ئامانج، بەداخەوە دوژمنانی كوردستان لەم لۆژیك و سیاسەتەی سەرۆك بارزانی تێناگەن و دەیانەوێت پەنا بۆ زەبری هێز و شێوازی دیكەی ناشارستانی بەرن، لەبەرامبەر ئەم تێنەگەیشن و ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی عێراق و توركیا و ئێران بەرامبەر بە ئاكامی ریفراندۆمی كوردستان دەیكەن، راشكاوانە ئەوەیان پێدەڵێین:ئەم هەڵوێستەی ئەوان ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا پرۆسەی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان خێراتر دەبێت و زووتر دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان رادەگەیەنین. هەروها راشكاوانە دەڵێین: پرۆسەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە سوربوونمان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا قورستر نییە، هەر بۆیە ئەگەر عێراق بە پشتیوانیی توركیا و ئێران، بەوجۆرە بیربكاتەوە كە ئەو گوشارانە دەبنە هۆكاری ئەوەی پرۆسەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، یان ئاكامی ریفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت زۆر باش لەو راستییە تێبگەن، كە ئاكامی ریفراندۆم دەنگی خەڵكی كوردستانە بۆ سەربەخۆیی و هیچ هێز و لایەنێك ئەو مافەی نییە كە دەنگی خەڵكی كوردستان رەتبكاتەوە، واتە ئەم پرسە لە پرسی حزبە سیاسییەكان دەرچووەو بۆتە پرسی خەڵكی كوردستان و ئەوانیش بڕیاری خۆیان داوەو بڕاوەتەوە. بۆیە كاتێك هەوڵە دوژمنكارییەكان بەردەوام بن دژی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەو حیسابەی كە دەتوانن ئیرادە و كەرامەتی میللەتێك بشكێنن، ئەوا گەلی كوردستان بریاری سەربەخۆیی دەدات و جیهانیش ناچار دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرێت و هەموو دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە چیدیكە میللەتێك ناتوانێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا بمێنێتەوە، كە ئەو دەوڵەتە ئامادەبێت لە پێناوی سزادانی بەشێك لە گەلەكەی پەنا بۆ دەوڵەتانی دراوسێی خۆی ببات.
ئایندەی كوردستان و
هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و پاشانیش لەسەر ئاكامی دەنگدانی خەڵكی كوردستان پرسێكە و مەسەلەی سەقامگیری و ئاشتیی كوردستان و مانەوەی وەك ئەندامێكی كارامە لە بەرەی دژە تیرۆر مەسەلەیەكی دیكەیە. ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەبەر چەندین هۆكار لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبووبن لە 25ی ئەیلوولی رابردوو، ئەمە بەو مانایە نییە كە ئیدی حكومەتی عێراق و حەیدەر عەبادی دەستكراوە دەبن بۆ ئەوەی هەرچی دەیانەوێت دژی كوردستان ئەنجامی بدەن، بیكەن و كەس هەقی بەسەریانەوە نەبێت.
لەم چوار چێوەیەدا ئەگەر سەیری هەڵوێستی ئەمریكا بكەین كە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە نەبوو لەكاتی خۆیدا، ئەمەش جۆرێك لەدڵتەنگی لەلایەن هاووڵاتیانی كوردستان دروست كردووە، بەڵام سەبارەت بە ئارامی و سەقامگیریی كوردستان هەڵوێستێكی دیكەی هەیە و هۆشداری داوەتە بەغداو ئەنكەرەو تاران بەوەی نابێت بیر لە چارەسەری سەربازی بكرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر هەر لایەك بیر لەبەكارهێنانی هێز بكاتەوە دژی كوردستان، پاشان خۆی تەحەمولی ئەو ئاكامە دەكات كە لە ئەنجامی ئەو سەرەڕۆییەی دووچاری دەبێتەوە.
بەداخەوە حكومەتی عێراق و حەیدەر عەبادی زۆر بە نەزانی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بەرامبەر ئەنجامدانی ریفراندۆم تەفسیر كردووەو كردوویانەتە كارتێك بۆ دژایەتی كوردستان و سزادانی خەڵكەكەی، ئەمە لەكاتێكدا دەبوو حكومەتی عێراق بەو حیسابەی حكومەتێكی فیدڕاڵییە و كوردستانیش هەتا ئێستا بەشێكە لەعێراق و لەو حكومەتە فیدڕاڵییە، دەبوو هەنگاوەكانی ئەوەندە هێمنانە بوایە كە بە ئەقڵێكی كراوە دەستپێشخەری بۆ دیالۆگێكی كراوە بۆ كوردستانی دوای ریفراندۆم بكردایەو مەرجی ئەوەی دانەنایە كە دەبێت ئاكامی ریفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، بەڵكو لەبری ئەمە دەبوو دەستووری عێراق بكاتە بەرنامەی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ كوردستان و لەگەڵ ئاكامی دەنگی خەڵك بۆ سەربەخۆیی دانوستاندنی لەسەر بكردایە، لەمەش زیاتر بە جۆرێك مامەڵەی لەگەڵ دەستووری عێراق بكردایە، هەتا ئەگەر كوردستان سەقفی داواكارییەكانیشی بەرز بووایە، ئەوا دەكرا بە هەمواركردنەوەیەكی بچووك لە دەستووری عێراقدا جێگەیان بكردایەتەوە.
ئەگەر حكومەتی عێراق بەم شێوازە مامەڵەی لەگەڵ ئاكامی ریفراندۆم بكردایەو بیری لە سزادان و گەمارۆی كوردستان نەكردایەتەوە، ئەوا لەوانە بوو هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بەلای حكومەتی عێراقدا بشكابایەوە و گوشاریش بخرابایەتە سەر كوردستان بۆ ئەوەی كاتی زیاتر بۆ وتووێژ و گفتوگۆكان تەرخان بكات و راگەیاندنی سەربەخۆیی دوابخات.
ئەگەر سەیری شێوازی مامەڵەكردنی عێراق بە پلەی یەكەم و توركیا و ئێران بە پلەی دووەم لەسەر ئەم پرسە بكەین، ئەوا بە راشكاوی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دەڵێت: من ئامادەم لەسەر ئەم پرسە وتووێژی كراوە دەست پێبكەین، ئەمەش بەو مانایەی ئامادەیە دانوستاندنی لەسەر بكات بۆ دیاریكردنی پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوان كوردستان و عێراق، هەروەها پەیوەندییەكانی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێراندا. بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی كوردستان، هەر سێ لایەن راستەوخۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە پرۆسەی ریفراندۆم پلانێكی ئیسرائیلی – ئەمریكییە و ناهێڵن، ئیسرائیلێكی دیكە لەم ناوچەیە دروست ببێتەوە. بێگومان نە ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاندووە كە پرۆسەی ریفراندۆم دەستی ئەوانی تێدایە، نە ئێمەش وەك كوردستان پڕوپاگەندەی ئەوەمان كردووە بە پشتگیریی ئەوان ئەم پرۆسەیەمان ئەنجامداوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر تەنیا قسەكانی خۆیان بكەینە بەڵگە و بڵێین گریمان ئەو قسانەی ئێوە دەربارەی پرۆسەی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەیكەن، بەوەی پرۆسەیەكی ئیسرائیلیە و دەوڵەتی كوردستانیش ئیسرائیلی دووەمە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەوجۆرە بێت كە ئێوە دەیڵێن، ئایا ئێوە دەتوانن شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا بكەن؟ یان ئەگەر دیسان وەك خۆتان دەڵێن، دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دروستكردنی ئیسرائیلی دووەمە، ئایا ئێوە توانیوتانە ئیسرائیلی یەكەم تێكبشكێنن، هەتا رێگری لە ئیسرائیلی دووەم بكەن؟ ئەوان لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بێجگە لە پیشاندانی هیستریا و سەرلێتێكچوونی سیاسی خۆیان وەڵامێكی دیكەیان پێ نییە، چاوی خۆیان لەو راستییانە دەپۆشن، كە ئەگەر رۆڵی كورد و كوردستان نەبوایە نەك ئەوانەی ئێستا دژایەتی كوردستان دەكەن لە بەغدا دەسەڵاتدار نەدەبوون، بەڵكو رژێمی پێشووی عێراقیش نەدەڕووخێنرا و ئەو عێراقە دروست نەدەبوو كە ئێستا ئەوان تیایدا باڵادەستن، هەروەها سەبارەت بە توركیا و ئێرانیش، كە ماوەی 25 ساڵە كوردستانێكی سەربەخۆی ئەمری واقیع بۆتە دراوسێیان، ئێستا ئەو هەموو بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەیان لەگەڵ كوردستاندا بۆ دروست نەدەبوو.
لە دوماهیدا تەنیا جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەكەمەوە كە بێجگە لە دیالۆگ و دانوستاندن هیچ رێگەیەكی دیكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و كوردستان بوونی نییە و هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش پشتگیری ئەم دیالۆگ و دانوستانە دەكات، بۆیە ئەوانەی پێیانوایە دەتوانن بە لۆژیكی هێز ئەم هاوكێشەیە بگۆڕن، ئەوا دەبێت بزانن ئەم لۆژیكە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان خێراتر دەكات.

Top