زمانی گفتوگۆ

زمانی گفتوگۆ
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە رێکەوتنامەی سیڤەردا باسی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری کوردستاندا ھاتە ناوەوە و لە بەندەکان( ٦٤،٦٣،٦٢) باسی چۆنیەتی پێکھێنانی ئەو دەوڵەتە کوردیە کراوە. بە سەرنجدانی بەندەکان چەند خاڵی لاواز بەدی دەکرێت کە رێگر بوون لەبەردەم سەرکەوتنی ئەو قەوارە سیاسیەدا، بۆیە رێکەوتنامەی (لۆزان)ی بە دوادا ھات و مافی دەوڵەت بۆ مافێکی کولتووری گۆڕا.
نزیک بە سەدەیەک دوای رێکەوتنامەی لۆزان، ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوول چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئیرادەی گەلی کوردستانیان پیشانی دونیادا، کوردستان دوای ریفراندۆم چووە ناو قۆناغێکی نوێ و جیاواز لە قۆناغەکانی پێشووتر، ئەوەی گرنگە پرۆسەی دەنگدان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو، رێژەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیانیش بەشداری پرۆسەکەیان کرد، کوردستان بڕیاری خۆی دا، ئەم ریفراندۆمە بۆ ئەوە بوو گەلی کوردستان بە ئاشتیانە بۆچوونی خۆی لە بارەی چارەنووسی خۆی دەربڕێت.
دوای ریفراندۆم، ئیتر کاتی زاڵ بوونی زمانی گفتوگۆیە لەنێوان کوردستان و عێراق، کێشەکانی نێوان کوردستان و عێراق پێویستی بە گفتوگۆیەکی ھێمنانە و دوور لە بەکارھێنانی زمانی ھەڕەشەیە، گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە دیموکراسییەکانی ھیچ کات درێغی نەکردووە.
ئەگەر بە خێرایی ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، تێدەگەین و دەبینین زۆربەی گەلانی دونیا خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، یاخود خاوەنی سیستەمێکی فیدراڵین و بە جیاوازییەکانیانەوە بە یەکسانی لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا دەژین، بەڵام ئەم تاکە نەتەوەیەی کە ژمارەیان "٥٠" ملیۆنە و ھێشتا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان نین، کوردە.
دەستپَکردنی گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە و بیناتنەرانە باشترین رێگەیە.
ئەم بارودۆخەی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان تێیدایە، دەخوازێت وەک یەک خێزان بین لە پرسە نیشتیمانییەکاندا، ھەموومان پێکەوە کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەین.
وەرن با دۆستانە بکەوینە گفتوگۆ، زمانی دیالۆک بکەینە ئەولیەتی کارەکانمان، ھەنگاو بنێین بەرەو چارەسەری کێشەکانمان لەگەڵ عیراق.






Top