تۆپه‌كه‌ فڕه‌درایه‌وه‌ نێو گوره‌پانى گۆڕان

تۆپه‌كه‌ فڕه‌درایه‌وه‌ نێو گوره‌پانى گۆڕان

ئه‌مرۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان "نێچیرڤان بارزانى" له‌ سلێمانى سه‌ردانى بزۆتنه‌وه‌ى گۆڕانى كرد، شایانى باسه‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ پارتى دیموكراتى كورستان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ یه‌كستنى نێوماڵى كوردستان ده‌ستپێشخه‌رییان كردو سه‌ردانى باره‌گایى بزۆتنه‌وه‌ى گۆڕانیان كرد، به‌ڵام تا ئێستا له‌ لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ وڵامێكى وه‌كو پێویستى ئه‌رێنى نه‌درایته‌وه‌، ئه‌م جاره‌ش نێچیرڤان بارزانى توپه‌كه‌ى فڕه‌دایه‌ نێو گۆره‌پانى گۆران و نیاز پاكى خۆى هه‌م وه‌كو سه‌رۆكى حكومه‌ت و هه‌میش وه‌كو جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشاندا. له‌ لایه‌ن خه‌ڵكى كوردستانه‌وه‌ له‌ ئێستادا هیچ بابه‌ت و كارێك له‌وه‌ گرنگتر و سود به‌خشتر نییه‌ كه‌ رێزه‌كانى هێزه‌ كوردییه‌كان یه‌كبگرن، چونكه‌ وه‌كو دیار له‌ ئێستادا دۆزى كورد له‌ باشورى كوردستاندا له‌ قۆناغێكى هه‌ستیار و مێژووى و ڕاگۆزه‌ردا ده‌رباز ده‌بێت، سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى كۆمه‌ڵه‌ كه‌موكوڕى زه‌ق له‌ ئه‌زموونى حوكمڕانى كوردستاندا كه‌ به‌شێكیان به‌ كه‌لتوره‌وه‌ به‌ستراون، به‌شێكى به‌ كه‌مترخه‌مى لایه‌نه‌ سیاسى و ئیدارییه‌كانى وڵاته‌وه‌، به‌شێكێشیان به‌ستراون به‌ فشار و گۆشاره‌كانى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر كه‌ به‌خرابى سوود له‌ نه‌بوونى سه‌روه‌رى وڵاتى عیراقدا ده‌بینن و كاریگه‌رى نێگه‌تیڤى له‌ سه‌ر كوردستانیشدا هه‌یه‌.
ئه‌و ڕاستیه‌ بۆ گۆڕان و هه‌موو حزبه‌كان دیار بوو، كه‌ نه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ژێر كونترۆل و هه‌یمه‌نه‌تى توركیاو هیچ وڵاتێكدا دیله‌و نه‌ پرۆژه‌ى پارتى له‌سه‌ر ڕیفراندووم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان مۆزایه‌ده‌ بوو، له‌م شه‌ڕه‌ ده‌روونیانه‌ش كه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ دژى پارتى به‌رپایان كردبوو و به‌ هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵیان ده‌دا خۆڵ بخه‌نه‌ نێو چاوه‌كانى خه‌ڵكه‌وه‌ تۆشى هه‌ڵویستێكى ناخۆش و شه‌رمنانه‌ بوون. ئه‌مرۆ بینیمان دووباره‌ پارتى له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى بیر له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و هه‌ڵگیرساندنى شه‌رێكى ده‌روونى له‌ دژى گۆڕان بكات، سه‌لماندى كه‌ پارتى ئه‌هلى شه‌ڕى ده‌روونى و ناته‌بایی نێوماڵى كوردى و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ نییه‌، به‌م سه‌ردانه‌ دووباره‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌لماندى دڵیان گه‌وره‌و كراوه‌یه‌و چاویان له‌و هه‌موو تۆمه‌ت به‌خشین و ته‌شهیرانه‌ى گۆڕان گرتووه‌ كه‌ ئه‌و بزۆتنه‌وه‌یه‌ له‌ ڕێگاى كه‌ناڵ و میدیایه‌كانیه‌وه‌ له‌ دژى هه‌موو پیروزییه‌كان و مێژووى پارتى ده‌ستى پێكردبوو.
پێویسته‌ گۆڕان له‌ سه‌ر پشتى كه‌رى شه‌یتان داببه‌زێت، پێم وایه‌ ئه‌م له‌خۆبورده‌یی و دڵ فراوانییه‌ى پارتى به‌ هۆى عاتیفه‌و سۆزه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نه‌رمى له‌ گه‌ڵ گۆڕان داده‌نوێنێت، به‌ڵكو پارتى دیموكراتى كوردستان به‌م سیاسه‌ته‌ ئاشتى خوازى و لێ بۆرده‌ییه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ به‌رده‌وام به‌هێزتر و به‌نڕختر لێ بێت، هه‌م له‌ دڵى خه‌ڵكى كوردستاندا جێگاى زیاتر بكاته‌وه‌و هه‌میش له‌ سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تی بسه‌لمێنێت كه‌ ده‌توانن وه‌كو گه‌وره‌ترین حزب و هێزى كوردستانى له‌ ده‌وڵه‌تى نوێى كوردستاندا كه‌ به‌م نزیكانه‌ به‌دى دێت ئه‌زمونێكى جیاواز له‌ ئه‌زموونى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ پێشكێش بكات و ببنه‌ سه‌رچاوه‌و نمونه‌یه‌كى گرنگ له‌ پرۆسه‌ى به‌ دیموكراسى كردنى هه‌موو ناوچه‌كه‌.
ئه‌مرۆ پێویسته‌ بزۆتنه‌وه‌ى گۆڕانیش له‌ مه‌سجى پارتى دیموكراتى كوردستان تێبگات و وانه‌ له‌ مێژووى پڕ له‌ ڕق و قینى خۆى به‌رامبه‌ر پارتى وه‌ربگرێت و سیاسه‌ت و ئایدۆلوژیای سڕینه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر له‌ نێو فه‌رهه‌نگى خۆیاندا بسڕنه‌وه‌، ئه‌و چه‌مكه‌ى كه‌ گۆڕان تێدا په‌روه‌رده‌ به‌ ئه‌ندام و كادره‌كانى خۆى ده‌دات و وا پێشان ده‌ده‌ن كه‌ پارتى حزبى عه‌شیره‌ته‌و دوا كه‌وتووه‌و ناتوانن خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و هیچ له‌ سیاسه‌ت نازانن!، چه‌مك و بیرۆباوه‌رێكى ئێكسپایه‌ر و كارتێكى سۆتاوه‌، ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئه‌رزى واقع پارتى ته‌حه‌دا له‌ گه‌ڵ وڵاتانى جیهان ده‌كات، پارتى توانى كوردستان نزیك بكاته‌ له‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ، پارتى توانیوه‌ باڵانسه‌ سیاسیه‌ جیهانییه‌كان بگۆڕێت، داگیركه‌ر و دۆژمنه‌كانى نه‌ته‌وه‌یی كورد ئه‌و به‌هانانه‌ ده‌هێننه‌وه‌ گوایه‌ نایانه‌وێ خه‌ڵكى كوردستان سزا بده‌ن و برسى بكه‌ن!، له‌ كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین گه‌ر ئێران و توركیا پێیان كرابا یه‌ك رۆژیش نه‌یانده‌هێشت كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ى كه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت بوون هه‌نگاو بنێت و هه‌موو ڕیشه‌ ئابووری و دبلوماسى و سیاسیه‌كانیان ده‌سۆتاند. ئه‌مرۆ نه‌گۆڕان و نه‌كۆمه‌ڵ و نه‌هیچ حزبێكى دیكه‌ ناتوانن ئه‌و ڕاستیه‌ چاواشه‌ بكه‌ن كه‌ پارتى به‌ پله‌ى یه‌ك و جیاوازییه‌كى زۆر له‌ گه‌ڵ حزبه‌كانى دیكه‌ خاوه‌نى ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی كوردستانه‌، ئیتر به‌عه‌شیره‌ت و دواكه‌وتوو پێشاندانى پارتى له‌ لایه‌ت هه‌ر حزبێكه‌وه‌ ته‌نها خۆ سوك كردن و خۆ كردنه‌ به‌ نوكته‌ى پێكه‌نین له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌مرۆ حزبه‌كان به‌ نه‌فه‌سێكى فراوان و بیروباوه‌رێكى سه‌رده‌مى و واقعیانه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن و چیتر نه‌كه‌ونه‌ ژێر بارى عاتیفه‌و سوزه‌وه‌، پێویسته‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تى پێداچوونه‌وه‌یه‌كى باش له‌ سیاسه‌تیاندا بكه‌ن، ئه‌گینا له‌ دوا رۆژێكى كه‌مدا له‌ گۆره‌پانى سیاسى ئه‌م وڵاته‌دا هیچ رۆلێكێیان نامینێت، خراب نییه‌ هندێك وانه‌ له‌ سیاسه‌تى پارتى وه‌ربگرن.
Top