لۆژیكی جەنگەڵ

لۆژیكی جەنگەڵ
ڕای گشتیی گەلی كوردستان لە ئەمەریكای هاوپەیمانی تووڕەیە. چۆن دەكرێ هاوپەیمانەكەی كە ئیلهامبەخشی ئازادیخوازی و مافی چارەنووسە و لەشەڕی تیرۆردا بە هاوبەشی قوربانیان داوە لە بابەتێكی وا چارەنووسازدا پشتیان تێ بكات؟ یان چرای سەوز بۆ عەبادی هەڵبكات بۆ ئەوەی گوشار بۆ كوردستان بهێنێت؟.
گەلی كوردستان دەبێ ئابڵۆقە بدرێت لە لایەن دەوڵەتێك كە جینۆسایدی كردووە و 55 ماددەی دەستووری پێشێل كردووە. تەنیا لەبەر ئەوەی سادەترین مافی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە پیادە كردووە. ئەوە لۆژیكی یاسای مرۆڤسالارانە نییە بەڵكو لۆژیكی جەنگەڵە.
كاتی ئەوە هاتووە ئەمەریكا بە چاوێكی كراوەتر بێتەوە سەر خەت و سنوورێك بۆ عەبادی و دراوسێكان دابنێت. ئەمەریكا وای بۆ دەچێ لەبەرانبەر تەوژمی ئێران دەبێ عەبادی بەهێز بكرێت و هەڵبژێدرێتەوە. عەبادی بە هەڕەشەكردن لە كوردستان نابێتە پاڵەوان و جارێكی تر هەڵنابژێردرێتەوە. ئەوەی بڕیار لە جێگرەوەی عەبادی دەدات نە هەڵبژاردنە نە ئەمەریكا. بەڵكو ئەو بڕیارە لە تاران و مەرجەعیەت دەدرێت.
ئەم یارییەی ئەمەریكا بەردەوام بێت دۆڕاوی سەرەكی خۆی دەبێت. عەبادییەكەی نابێتە بەتەڵ و كوردستانیش لە دەست دەدات. دۆڕاوێكی تری ئەو یارییە توركیا دەبێت. هەڵوێستە توندەكان و ئیجرائاتە شۆڤینییەكانی هیچ دەستكەوتێكی لێ ناكەوێتەوە. دۆستایەتیی كورد لە دەستدەدات و عێراقیش دەكەوێتە باوەشی فاشیزمی عەرەبی شیعە. براوەی لۆژیكی جەنگەڵستان فاشیزم دەبێت و كێشەی قورستر بەرۆكی دونیا دەگرێت.
Top