سلاو ئازادی

سلاو ئازادی
بۆ كوێدەچیت, سەتساڵە بەدواتا رادەكەم, ناهێلن پێت بگەم. سەدەیەكە بانگت دەكەم رۆژێك بەناوی دین و رۆژێك بە ناوی ترس دەست ئەنێن بەسەر دەمم دەنگم پێت نەگا, سەتساڵە لەبەردەم پەتی سێدارە و پشتی شیشی زیندانەكان و نێو چالە هەلكەندراوەكانی مەرگ بەر لەوەی ئەنفالم كەن بانگت دەكەم دەنگم نابیستی.

لە كوێ بوویت ئازادی سەتساڵە تا نەت بینم پەڕۆی رەشی بەر لە گولـلە بارانكردینان كردبووە چاوم, شورەی بەرزی زیندان رێگەی نەدەدا بتینم, بیابانەكانی عەرعەر و نوگرەسەلمانیان كردبووە مالم كە هیچ لێی بەلەد نەبووم هێندە نەبێت مەنفایەكە نەبان بە ئازادی.

بۆ كوێ‌ دەچیت ئازادی, من لەبەر شوێنی كەلبەی سەگەرەشەكانی بەردەم زیندانی نوگرەسەلمان قاچێكم و بەهۆی مینی دەستی دوژمن كە بەسینەی نیشتمانەكەمەوە چێنرابوو قاچەكەی ترم, هاوكارم نەبوون ئاسایی ریبَكەم, وەلێ‌ هەرهاتم و بەدواتەوە بووم.

ئیستا دەمەوێت پڕ بەهەناسەی تەنگی دوای سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیەك, بەقەد فرمێسكی دایكە شەهیدێك و هێندەی ئاواتی گەڕانەوەی مندالێكی بێ‌ باوكی نیشتمانەكەم باوەشت پێدا بكەم. دەمەوێت لەو سەدەی صناعەت الموت ـەی كە هەیە, ئیتر بۆتۆ بمرم لەپێناوت بژیم.

تێبینی/ سەركەوتنی یەكجارەكی كوردستان نزیكە, هەڕەشەو گوڕەشەكانی ئەردۆگان و رۆحانی و عەبادی لە چوارچێوەی سینارۆ و شۆیی تیڤی ناهێنەدەر ناتوانرێت بكرێتە كردار.
Top