دەبێ پارتی تێبگات و خەمیشی بخوات

دەبێ پارتی تێبگات و خەمیشی بخوات
کەرتبوونی حزبەکانی سلێمانی درێژەی هەیە و هەر رۆژە و لیستێک رادەگیەنرێ، سەیر ئەوەیە هەر ئەو کاراکتەرانەن کە لەناو حزبی کەرتبوودا پێگەی دیاریان هەبووە و یان بڕیار بەدەست بوون، وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا و دکتۆر بەرهەم، یان ژێر بە ژێر و بەناوی چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و شرۆڤەکاری سیاسی و رۆشنبیری سەربەخۆ کاریان لەگەڵ حزبە کەرتبووەکەدا کردووە، وەک ئەوەی شاسوار و ئەوانەی ئێستا لەگەڵیدان، لەوەش سەیرتر ئەوەیە هەموو ئەوانە حزبە کۆنەکەیان بە دۆزخ دەچوێنن و حزب و لیستە تازەکەشیان بە بنیاتنەری بەهەشت پیشان دەدەن، لەگەڵ ئەو راستییەشدا ئاڵای دژایەتی پارتی بەرز دەکەنەوە و دواییش لەگەڵ کۆنە حزبەکەیان کلک گرێ دەدەنەوە، بۆیە پێویستە پارتی دیراسەی ئەو کەرابوونانەی سلێمانی لەبەر چاو بگرێ و لە ئامانجی کەرتبوونەکان بگات و بەرنامەی بۆیان هەبێ و بزانێ کە هەموو کەرتبوونەکان ئەم دوو ئامانجەی خوارەوەیان لە پشتە.
یەکەم:ــ هەوڵدان بۆ ئەوەی پارتی لە سلێمانی بە بێهێزی بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وەک ئێستا تەراتێنی چنینەوەى بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیانی تێدا بکەن و بڵێن: سلێمانی غەدری لێ دەکرێ و ئەوە پارتی دیمووکراتی کوردستانیشە غەدری لێ دەکات، بەوەش دەیانەوێ هەم ئامانجە سیاسییە شاراوەکانیان بێننەدی و هەمیش بەرژەوەندیە داراییەکانیان بپارێزن.
دووەم:ــ هەموویان لە خاڵی گواستنەوەی ئەو ژینگە سیاسی و کەس بە کەس نەبووەی سلێمانی بۆ هەولێر دەچنەوە پاڵ یەک، بۆیە پێویستە پارتی بە بەرنامەیەکی تایبەت و وەڵامدەرەوەی ئەو کەرتبوونانە و ئامانجەکانیان بێتە ناو رووداو و ملکلانێکانی سلێمانی و هەوڵبدات سلێمانی لەو فەوزا سیاسییە رزگار بکات و رێگری لەوەش بکات چیتر ژیان و خواستی کوردپەروەرانەی سلێمانییەکان بکرێتە پێخوستی ئامانجی حزبی و کەرەستەی رشتنی کۆنەقین، خۆ ئەگەر پارتی ئەوە نەکات و بە سیاسەتی کارکردنی خۆیدا نەچێتەوە و هەنگاوی پێویست نەنێ، گومان لەوەدا نییە کە دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان لە رێگای ئەو کەرتبوونانە و قوڵ کردنەوەى زیاتری کێشە و ململانێ سیاسیەکانی ناو ئەو باڵباڵێنەی حزبەکانی سلێمانی، سلێمانیەکان لە شەڕێکی ناوخۆی خوێناویەوە دەگلێنن.
Top