دوای حەوت هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی(کۆماری)کوردستان چارەنوسی هەوڵی هەشتەم چۆن دەبێت؟؟

دوای حەوت هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی(کۆماری)کوردستان چارەنوسی هەوڵی هەشتەم چۆن دەبێت؟؟

میللەتی کورد گەورەترین کەمینەیە لەسەر ڕووی زەوی لەسەر ئاستی هەموو جیهان.میللەتێکن مێژووێکی پڕ لەسەروەریان هەیە هەموویان لەیەک سەرچاوەن.و پسپۆرانی بواری مێژوو ناسی سەرچاوە و بنەڕەتی میللەتی کورد بۆ ئاریەکان(میدی) دەگێڕنەوە وەک لە نەشیدی نیشتمانیان دەردەکەوێت.هەندێک لە شارەزایانی تر وای بۆ دەچن میللەتی کورد سەرچاوەکەی لە(هیندو ئۆروپی)ین و دە سەدە پێش زاین هاتونەتە ئەم ناوچەیە.
میللەتی کورد لە کوردستان دەژین و بەپێی چەند ڕێکەوتنێکی سەپێندراو خاکەکەیان بەسەر چوار ووڵاتی سەرەکی(عێراق-ئێران-تورکیا-سوریا)دابەش کراوە. بەشێکی زۆری میللەتی کورد موسڵمانن بەڵام لەناو میللەتی کورد( مەسیحی-ئێزیدی-کاکەیی..هتد)هەیە وبە زمانی کوردی قسە دەکەن ئەمە جگە لەوەی خاکی کوردستان بەگشتی دەوڵەمەندە بە سامانی ژێرزەوی و سەر زەوی و ئاو و هەوایەکی گونجاوی هەیە بۆ پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری.
میللەتی کورد بەشە زۆرەکەی لە کوردستانەکانی(ئێران-تورکیا-عێراق)دەژین بەڵام کورد لە سوریاش هەیە ئەمە جگە لەوەی لە ووڵاتانی(لوبنان-ئەرمینیا-ئازەربێجان)ن و ئەم میللەتە بەسەر چوار کۆمەڵ(کرمانج-کەلهور-گۆران-لور)دابەش دەبن وهەر یەکو لەهجەی خۆی هەیە لە ئاخافتن(قسە کردن). لێنانی ناوی کورد بۆ ئەم میللەتە واپێشبینی دەکرێت لە سەدەی چوارەمی کۆچی ناو نراوە چونکێ لەکتابی(مروج زەهەبی)مەسعودی هاتوە ئەم میللەتە زۆر زۆر کۆنن لەم ناوچەیە و سەرجاوەی مێژووی بونیان بۆ(ئاریەکان)دەگەڕێتەوە.
* هەوڵی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەسەرۆکایەتی کاک(مەسعود بارزانی)لە٢٥ی٩ بە نوێترین هەوڵی میللەتی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک دێت بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین(٧)حەوت هەوڵی تری پێشو دراوە بۆ ئەم مەبەستە بەڵام بەهۆی هۆکاری جیا جیا سەری نەگرتوە.
*هەوڵەکانی تر بەپێی ساڵ و شوێن.
١- یەکەم هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەباکوری عێراق لەلایەن(شێخ مەحمودی)نەمر بوە. ئەم هەوڵە لەمانگی(ئۆکتۆبەری سالی ١٩٢٢) تا مانگی(حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٤)بوە. شێخ مەحمودی نەمر لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی ١٩٢٢خۆی وەک پادشا(مەلیک)ی ئەم دەوڵەتە ڕاگەیاند بەلام لە لایەن ووڵاتانەوە ئیعترافی پێنەکرا. حکومەتی بەریتانیا هەڵمەتێکی سەربازی دژی شێخ مەحمود دەست پێکرد تا لە شاری سوڵیمانی وەدەرنرا ئەویش جوە چیاکانی کوردستان شەڕی پارتیزانی دەست پێکرد لە لایەکی تر حکومەتی عێراقی ئەوکات دەسەڵات دارێکی تری بۆ ئەم شارە دانا و فەرمانی لە بەغداوە بۆ دەهات و جێ بەجێی دەکرد.
٢-هەوڵی دووەم -لەسەردەمی (لینین).لەم بارودۆخەی کوردەکانی ئازەربێجان تیادا دەژیان لەمانگی تەموزی ساڵی ١٩٢٣هەندێک کەسیایەتی سیاسی و ناوداری ئەو کاتی ئەوێ بڕیاریاندا بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆجەیی. دوای ئەم هەوڵە دامودەزگای حکومی و سیستەمێکی پەرلەمانی دامەزرا و(کوسی حجییڤ)کەخەڵکی ناوچەکە بو وەک یەکەم سەرۆک پەرلەمان دەست نیشان کرا. هەر ئەو بوە یەکەم سەرۆک لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆن بەڵام ئەم دەسەڵاتە خۆجەیەتیە سەرنەکەوت بەهۆی ناڕەزایی یەکێتی سۆڤیەتی کۆن و لەساڵی ١٩٢٩ دەستیان کرد بە گواستنەوەی کوردەکانی ئەم ناوچەیە.
٣-هەوڵی سێیەم. دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەکان لەساڵی ١٩٢٧ کۆماری سەربەخۆی(ئارارات)لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ووڵاتی تورکیا دامەزرا. گوندێک بەناوی ئارارات وەک پایتەخت دەستی نیشانکرا و نامەیان بۆ کوردستانی باشور عێراق و سوریا نارد تا هاوکاریان بکەن بەڵام بەهۆی هێرشی سوپای تورکی لەساڵی ١٩٣٠ ئەم کۆمارە تێکدرا.
٤-هەوڵی چوارەم. لەساڵی ١٩٤٦ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران(قازی محمد )هەڵسا بە دامەزراندنی کۆماری مهاباد کە ماوەی تەمەنی کۆمارەکە تەنیا نزیکەی ساڵێک بو. ئەم هەوڵەش بەهۆی بەرژەوەندی ووڵاتانی زل هێز سەری نەگرت و لەکۆتایی(قازی محمد)و هەڤاڵەکانی لەسێدارە دران.
5-لەساڵی ١٩٩٢ دوای ئەوەی سوپای ئەرمینیا دەستی بەسەر(لاجین)گرت کوردەکانی ئازەربێجان کۆماری(لاجین)یان دامەزراند و سەرۆکێک بەناوی(مستەفایڤ)وەک سەرۆک دامەزرا بەڵام ئەم کۆمارە ماوەیەکی زۆر خۆی ڕانەگرت لەکۆتایی سەرۆک کۆماری ئەم کۆمارە وەک پەنابەر ڕووی کردە ووڵاتی ئیتالیا.
٦-لەساڵی ١٩٧٠ پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی خوالێخۆشبو(بارزانی نەمر) کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی ئەوکات.سەرەتا بەیانامەی ١١ی ئازار ڕاگەیاندرا و بەهیوای دەست کەوتنی دەسەڵاتی تەواوی ئۆتۆنۆمی بەڵام حکومەتی عێراقی ئەوکات لە بەڵێن و ڕێکەوتنەکان بەشیمان بۆوە و جێ بەجێی نەکردن.
٧-لەساڵی ٢٠٠٥وە هەرێمی کوردستان ئۆتۆنۆمی پێشخست بە سیستەمێکی نوێی تر ئەویش سیستەمی فیدڕاڵی بو بۆ هەرێمی کوردستان لە دەستوری عێراق ئەوەی چەسپاند.
- دەبێت ئەو ڕاستیە بڵێین هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزی نیشتمانی تایبەتی خۆیەتی کە ناوی پێشمەرگەیە.خاوەنی ئالای خۆیەتی. خاوەنی سرودی نیشتمانی خۆیەتی.خاوەنی هێزی ناوەخۆی و ئاسایشی خۆیەتی. لەگەڵ بونی هەندێک کەم و کوڕی بەڵام هەرێمی کوردستان هەموو پێگەکانی دەوڵەتی هەیە تەنیا ئیعتراف بونی دەوێت.
تێبینی-
دوای گەیشتنی بەهاری عەرەبی بۆ ووڵاتی سوریا کوردەکانی ڕۆژئاوا دەست کەوتی باشیان بەدەستهێنا و سەرەتا دەسەڵاتی خۆجەیەتی خۆیان ڕاگەیاند. لە ١٧ی ئازاری سالی ٢٠١٦ بڕیاری فیدڕاڵیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی خۆیاندا و بڕیاری هەڵبژاردنەکانیشیان داوە.
Top