ده‌نگی ئاشتی هه‌موو شتێكی شكاند

ده‌نگی ئاشتی هه‌موو شتێكی شكاند
ده‌نگدانه‌كه‌ی بیستوپێنجی ئه‌یلوولی گه‌لی كوردستان، ئه‌كتێكی تیرۆریستی نه‌بوو كه‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بخاته‌ مه‌ترسی. په‌یامی شۆڤینی و نه‌ژادپه‌رستییش نه‌بوو كه‌ ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی تێكبدات. گشتپرسی بۆمبی هایدرۆژینی نه‌بوو ئاشتی و ئاساییشی نێوده‌وڵه‌تی بشێوێنێت، كرده‌وه‌یه‌كی داگیركارانه‌یش نه‌بوو. گشتپرسی ته‌نیا ده‌نگ بوو، به‌ ئاشتیانه‌ترین شێواز. ده‌نگێكی ره‌وای میلله‌تێكی مه‌زڵووم بوو له‌پێناو ئاشتی و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی سه‌د ساڵ كاره‌سات.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی كاردانه‌وه‌ی عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ تووند و هیستریانه‌یه‌ له‌به‌رانبه‌ر ده‌نگێكی له‌ راده‌به‌ده‌ر ئاشتیخوازانه‌؟

كێشه‌ی سه‌ره‌كیی گشتپرسی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی بوو. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن و پیرۆزه‌ كاریگه‌رییه‌كانی تاج و ته‌ختی شۆڤینییه‌ت و تاییفه‌گه‌ری و خۆبه‌زلزانینی خستووه‌ته‌ له‌رزه‌. سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گرانبه‌هایه‌ ده‌بێ ده‌یان كتێب و سه‌دان وتاری له‌سه‌ر بنووسرێت.
سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ بوو كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی كوردستان و ناوچه‌كه‌دا رووده‌دات. یه‌كه‌مجاره‌ دانیشتوانی سه‌رزه‌مینێك له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئازادن له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكی چاره‌نووسساز به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ میراتگرانی كۆلۆنیالیزم و ئاخوند و سوڵتان و دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ كرۆكی كێشه‌كه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كیی كاردانه‌وه‌ توونده‌كانن.

هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته‌كه‌ برینداری ده‌نگی ئاشتیی گه‌لی كوردستانن. ده‌نگه‌كه‌ تێهه‌ڵدان بوو له‌ رۆحی خۆبه‌زلزانین و هاوكێشه‌ی سه‌ید و عه‌بد و پاشكۆیه‌تی و پله‌ دووبوون. كێشانی زه‌رب بوو به‌سه‌ر باڵاده‌ستی و شۆڤینیه‌تی نه‌ته‌وه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كان. ئه‌وان بریندارن، چونكه‌ كڵێشه‌ی سه‌دساڵی سته‌مكاریان تێكشكاوه‌. سه‌یر بكه‌ن چه‌نده‌ عه‌قلییه‌تیان پتر فاشیستی بێت ئه‌وه‌نده‌یش كاردانه‌وه‌كانیان تووندتر و هه‌رزه‌كارانه‌تره‌. هه‌ڕه‌شه‌ی خنكاندن و ئابڵۆقه‌ و برسیكردن و ئاگر ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زمانێكی سه‌رده‌میانه‌ نییه‌.

لێره‌دا به‌ ئه‌نجامێكی دیكه‌یش ده‌گه‌ین كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌هاكانیشدا سه‌ر كه‌وتووه‌. به‌هاكانی نه‌خوێنده‌وارێكی كوردستان له‌ به‌های زه‌عیم و ئایه‌توڵڵا و رۆشنفكره‌كانیان به‌رزتره‌. ئه‌مه‌ شكستی كولتووری سه‌دساڵه‌ی داگیركارانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، كه‌ سیاسییه‌ باڵاكانیان ته‌وازوونی ده‌روونیان نییه‌ و نازانن بدوێن و ناتوانن له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئاشتیدا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.

هۆكارێكی دیكه‌ی توندبوونی كاردانه‌وه‌كان كێبڕكێی سالارانی شۆڤینیه‌ته‌ له‌ ناوخۆی وڵاتان. كامه‌یان شۆڤینیتره‌، ئه‌و مه‌حبووبتره‌ و براوه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت. ئه‌مه‌ ده‌رئه‌نجامێكی زۆر نیگه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر تێكدانی ئاساییشی كۆمه‌ڵایه‌تیی ناوخۆی وڵاته‌كانیشیان. سه‌به‌بێكی دیكه‌ی توندبوونی هه‌ڵوێسته‌كان كێبڕكێی خودی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كامه‌یان خۆیان به‌ خاوه‌نی كێكی عێراق ده‌زانن، وا ده‌زانن كامه‌یان تووندتر بێ ئه‌و پشكی زیاتری له‌و كێكه‌ به‌رده‌كه‌وێت.

كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وا بێده‌نگ و سارده‌؟

له‌ راستیدا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی گه‌لی كوردستان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تووشی شۆك كردووه‌. هیچكامێكیان ته‌وه‌قوعی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد كه‌ كوردستان وا پێداگیر و پته‌و ده‌نگ ده‌دات و سه‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ هێڵه‌گشتییه‌كانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و ستراتیژیی زلهێزه‌كان و چه‌مكی سه‌روه‌ریی خستووه‌ته‌ ژێر پرسیاری جه‌وهه‌ری. ئه‌وه‌ی كوردستان كردی ده‌روازه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی عورف و یاسای نێوده‌وڵه‌تی. هۆكارێكی دیكه‌ی بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رسووڕمان و هه‌زمنه‌كردنی هه‌ڵوێستی نامرۆڤانه‌ و بڕیاره‌ ناده‌قیقه‌كانی وڵاتانی داگیركاری كوردستانه‌ له‌دژی ده‌نگی ئاشتیی كوردستان. كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سڕبوونێكدا ده‌ژیێت و چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ی ده‌وێت هه‌تا بتوانێ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت.

چی رووی داوه‌ و كوردستان ده‌بێ چی بكات؟

كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر سه‌ركه‌وت و ده‌بێ پارێزگاری له‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بكات. كوردستان به‌ ئاشتی سه‌ركه‌وت و ده‌بێ زمانی ئاشتی و حیوار له‌پێناو مسۆگه‌ركردنی هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ بپارێزێت. هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌كان ناده‌قیقن و عه‌مه‌لی نین و كاتیی ده‌بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ده‌بێ حسابی هه‌موو ئه‌گه‌رێك بكات و له‌گه‌ڵ كاركردن به‌ مه‌نتقی حیوار و ئاشتی كار بۆ پته‌وتركردنی ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی ناوخۆ بكات، كه‌ له‌ ئه‌نجامی گشتپرسی هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌.

چه‌نده‌ داگیركاران گرژ و تووند بن و شۆڤێنیه‌ت و تاییفه‌گه‌ری تاویان بدات، ئه‌وه‌نده‌یش له‌ قازانجی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌بێت و پشتگیریی جیهان زیاتر ده‌بێ. ده‌بێ له‌وه‌یش دڵنیا بین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ نادات تووندوتیژی و كرده‌ی سه‌ربازی له‌دژی كوردستان رووبدات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رووبدات و جیهان بێده‌نگ بێت، دۆڕاوی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا ده‌بێت. كوردستان سه‌نگه‌ری جیهانی ئازاده‌ و ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ نابێ بشكێت.
Top