وا مەزانن کوردستان بێ خاوەنە
September 27, 2017
وتار و بیروڕا
ئێستا کەسانێک یان هەندێک وڵات دەستیان کردووە بە هەڕەشەو گوڕەشەو گەفوگوڕ...
دڵنیا بن ئەوانە بێ ئاگان، ئەوە کەف و کوڵی سووتانی هەناوی خۆیانە.. ئەوانە مردنی خۆیان بە زیندوێتی چاوی خۆیان دەبینن..
بەڵام گرفتی رێژەیەک لە هاوڵاتییانیش لەوەدایە کە هاوکێشە نوێیەکان و سیاسەتەکانی ئەمڕۆ بە پێوەرەکانی کۆنی رۆژانی رابردوو دەخوێننەوە.. کە بێگومان ئەوەش سەختە مێشک و لێکدانەوەکانی تەقەببوڵی بکات، بۆیە بە ئاسانی بەو هەڕەشەو گەفوگوڕانە تەنگەتاو دەبن.
ئەو کاتەی وڵاتە زڵهێزەکان بیریان دەکردەوە چۆن سوپاکەیان بتوانێ تیرۆر لەسەر زەوی تێکبشکێنێ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی توانی بەر بە تیرۆریستان بگرێت..
پاش ماوەیەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئێستا ژمارەیان (٦٩) دەوڵەتە پێکهات، دیتیان کە هێزی پێشمەرگە بە چەکێکی سادە توانایەکی زۆر باشیان هەیە لەسەر زەوی کە جێی مەبەستی ئەوانەو ئەو هێزەیە کە ئەوان دەیانەوێ..
لەو کاتیشدا کوردستانی رۆژئاوا بەتایبەتی کۆبانێ خەریکبوو بەتەواوەتی دەکەوتە دەستی تیرۆریستان.. هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کەوا هێزێکی پێشمەرگە بنێرێت بەناو خاکی تورکیا (کە هەتا ئەوکاتی خەیاڵ بوو) بۆ کۆبانێ، لە پنتێکدا دەستییان پێکردو توانیان پرۆسەکە سەراوژێر بکەنەوەو داعش لەوێ دەرکەن، کە ئەوەش یەکسان بوو بە دۆڕاندن و سەرکەوتنی ئەمەریکاو هاوپەیمانان..
لەمەوە هاوپەیمانان هەوڵیاندا کە چەند هێزێکی دیکە وەک پێشمەرگە دروست بکەن، بەڵام نەیانتوانی، چونکە پێشمەرگە سەرباز (جندی)، سوپا (جیش) نییە.. بەڵکو پێشمەرگەیە ناوەکەشی بەنسبەت ئەوانەوە تازەیە.
پێشمەرگە وەک سەربازی (جندی) وڵاتانی تەقلیدی و ئەوان.. تەنها مەبەستی کوشتن و بڕین و سووتماک و کاوڵکاری و لەناوبردن نییە.
پێشمەرگە هەموو قیەمێکی ئەخلاقی کوردانەی تێدایە مەبەستی پارێزگاریکردنە لە مرۆڤایەتی و گێڕانەوەو بەردەوامی ژیانە بۆ هەموو کەس بەبێ گوێدانە نەتەوەو رەگەزو رەنگ و ئایینێک، کە ئەو سیفەت و قییەمانەش لەهیچ سەربازو سوپایەک نەبووەو نییەو دروستیش نابێت.
ئەو پێشمەرگەیەش تەنها لەکوردستانی باشوورو لەژێر فەرماندەیی سەرۆک مسعود بارزانی نەبێ، ئەو هێزو تواناو کاریگەرییەی نابێت..
بۆیە ئەوان ناچاربوون بێن پاریزگاری لێ بکەن و چەکوجبەخانەی بدەنێ و مەشق و راهێنانی پێ بکەن و پێداویستییەکانیشی بەهەر جۆرێک بێت بۆ دابین بکەن و وەک هێزی خۆیان تەماشای بکەن و پارێزگاریش لەکوردستان بکەن و کوردستانیش وەک وڵاتێکی هاوپەیمان هەژمار بکەن و کوردستان بکەنە خاڵی دەستپێک و لەوێوە جەنگ لە دژی ئەو تیرۆرە نوێیە بکەن کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان و مرۆڤایەتی.
کوردستان تاکە وڵات و ئەو خاکە پاکەیە لەرۆژهەڵاتی ناوینی فاشیلدا کە رەگی تیرۆری تێدا ناڕوێ.
کوردستان بۆ جیهانی دەرخست کە تیرۆر هەچەند بەهێز بێ، بەڵام ناتوانێ هەڕەشە بێ بۆ سەر مرۆڤایەتی.
هاوپەیمانان تواناو پارەیەکی ئێجگار زۆریان لەو جەنگانەی دژی تیرۆر لە عێراق-ی کۆن و دەوروبەری خەرجکردووە، ئەوان باش دەزانن تەنها کوردستانە تاکە هیواو هیمای سەرکەوتنیانە، بۆیە هەموویان خۆیان بە خاوەنی کوردستان دەزانن.