ئیدی دەبینە دوو دراوسێ
September 25, 2017
وتار و بیروڕا
ئەو تیرە هەڵگری قورسایی هەزاران ساڵەی خەم و ناسۆرو خوێن و خاک و خۆڵ و داروبەردی نیشتمانمی هەڵگرتووە.. لەشێوەی دەرزی برینی جەستەی خوێناوی کوردستانم دەدروێتەوەو قەتماخەکەی وەک دیوارێک زیاتر لە (١٢٠٠) کیلۆمەتر بەئاسمانیشەوە دەردەکەوێ دوو دراوسێی جیا لەیەکدین.. کە لایەکیان بەهەشتێکی پڕ سەوزایی و زۆر رۆشنەو.. مخابن لاکەی دیکە بیابانێکی سوێراوی و شەو تاریکە...
ئەو شوورەیە (دە) بەدەری مانگی گوڵان و نیسانی سۆمەری میزۆپۆتامیای بەخششم دەگەڕێنێتەوەو لە بیست ویەک تیشکدا خۆری ئازادیم لەترۆپکی چیاوبەندەنەکانی کوردستانم هەڵدێتەوە.
ئەو شوورەیە لە شوورەی چاینەکان کۆنترە.. بەڵام ئێمە ئەوەندە بەخشندەو دڵفراوان بووین.. زۆر شتمان لەدەستدا تا وایلێهات لانکی شارستانیشیان لێ دزین...
ئیدی ئەو شارستانییەتە دەگەڕێنینەوە ئەشکەوتی شانەدەرو گوندی چەرمۆ ئاوەدان دەکەینەوەو جۆگە ئاودیرییە تێکچووەکان چاکدەکەینەوەو کشتوکاڵ و خواردن و خۆراک و وزە بۆ مرۆڤایەتی و جیهان دابین دەکەینەوە.
با زەینەفون بێت و تۆماری شکانی شکێنەرەکانی سوپا شکاوەکەی بکات و لەپاڵ رووبارە رێ نیشاندەرەکەی دوو وڵاتی دراوسێ هەن.
با ببینێ ئەوا دیسان زەخیرەی کاردۆخییەکان پڕ لەخۆراک و دانەوێڵەن، کاسەو کەوڵیان بە گورگەکان پڕ خۆڵ ناکرێ.
با مەیجەرسۆن بزانێ ئیدی بۆ قرۆشی هەموو دنیا تەنها موویەکیش ناژاکێنین و چیدی درز لەنێوانماندا دروست نابێت..
چیدی خزمەتی خزمەتکارانتان ناکەین کە بەر لە (٩٦) ساڵە ئێمەتان کردە قوربانی شێرە سوێرینەکەتان..
بۆیە پێتان دەڵێین و پێیان دەڵێین:
ئیدی ئێمە و عێراق دوو دراوسێین..
دوو دراوسێ.