ریفراندەم وەک ئامرازێک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی

ریفراندەم وەک ئامرازێک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی
لەو کاتەی بەریتانیای زڵهێز لەساڵی ١٩٢١ کوردستانی بە عێراقی عەرەبی لکاند.. خاکی کوردستان وەک داگیرکراوێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و گەلی کوردستانیش هەردەم هەستیان کردووە وەک ژێردەستە یان پلە دوو و سێ و زیاتر لەلایەن کاربەدەستانی ئەو دەوڵەتە تەماشا کراوە.

پێش ئەو کاتەو بەر لە یەکەم جەنگی جیهانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی رێبەرێتی راپەڕینی کوردستانی کردبوو و لەنامەیەکی بۆ سوڵتان عەبدولحەمید نارد، کە داوای مافە رەوکانی گەلی کوردستانی لەخۆگرتبوو، بەڵام سوڵتان ئەو نامەیەی بەجیابوونەوە داناو بە هێز وەڵامی دایەوە، بەڵام شێخ عەبدولسەلام سوپای سوڵتانی عوسمانی شکەست پێهێناو.. عوسمانییەکان زانیان ناتوانن بەسەر کوردەکان سەرکەون.. بۆیە ناچاربوون شەڕ رابگرن و داوای وتوێژ بکەن..
پاشان شێخ عەبدولسەلام بە فێل گیراو لەموسڵ لە ١٤/١٢/١٩١٤ لەگەڵ (٣) لە یاوەرەکانی شەهیدکران.
ئەگەر شێخ عەبدولسەلام تا دوای جەنگی جیهانی یەکەم بمابایە ئەوا هەرگیز نەیدەهێشت سەربەخۆیی کوردستان ئاوەها دوابکەوێت و گەلی کوردستان تووشی قڕان و ماڵوێرانی و دەربەدەری و کیمیاباران و ئەنفال بوونایا.

ئەگەر ریفراندەم ئامرازێکی وەها گرنگ نەبووایە ئەوا وڵاتانی دەوروبەر و زڵهێزەکان بەو شێوەیە دژی نەدەبوون.

پێش ئەوەی بەریتانیا کوردستان بخاتە سەر عێراقی عەرەبی ریفراندەمێکی شکلی لەکوردستان ئەنجامداو مەرجی قورسیشی بۆ بەشداریکردن دانا.. کە ئایا دەیانەوێ لەگەڵ عێراق یەکبگرن یان نا..
لەئەنجامدا ژمارەیەکی کەم کە لە (٣٧٪)ی دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ ئەوەی بچنە سەر عێراق، کە ئەوەش لەرووی یاساییەوە نەدەبوو، بەڵام بەو حاڵەش بەریتانیا بۆ ئەوەی شەرعیەتێک (ئەگەرچی نایاسایش بوو) بە پرۆسەکەی بدات، کوردستانی بە عێراقی عەرەبی لکاند.
ئەوەش تەنیا بۆ ئەوە بوو کە بڵێ ئێمە لەرێگەی ریفراندەمەوە ئەم پرۆسەیەمان ئەنجامداوە.

بۆیە ئەنجامدانی ریفراندەم کارێکی یاسایی و ئامرازێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو.

گەر لەڕووی مێژووییەوە لە ریفراندەم بڕوانین ئەوا دەردەکەوێت هەر لەساڵی (١٩٠٤)ـەوە تاکو ئێستا نزیکە ( ١٠٥) ریفراندەم ئەنجامدراوە.. زۆریان لەمانە بەئامانجی خۆیان گەیشتوون و قەوارەو دەوڵەتی خۆیان بەو ئامرازەوە دروستکردووە کە هەندێکیان دەسەڵاتی ناوەندی دەوڵەتی یەکەمجاریان رازی نەبوون و دانیان پێدا نەناون، بەڵام پاشان ناچاربوون وەک ئەمری واقیع مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و داننیان پێدابنێن، وەک وڵاتانی دەریای بەلتیک کە پێشتر سەر بە یەکێتی شۆرەوی بوون، هەروەها وڵاتانی وەک کرواتیاو کۆسۆڤۆ و...تاد.

لەم کاتەدا هەرێمەکانی وەک کەتەلۆنیاو سکوتلەندا هەموو تواناکانیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ریفراندەم ئەنجامبدەن.

ئێستاش کوردستان لەوپەری ئامادەباشیدایە بۆ ئەوەی ریفراندەم ئەنجام بدات و بە بەڵێ دەنگ بدات، تاکو وەک ئامرازێک بەکاریبهێنێت بۆ ئازادبوون لەژێردەستەیی عێراقی عەرەبی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان.
Top