٢٥/٩ ،رۆژی لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستانی شەھیدانە..

٢٥/٩ ،رۆژی لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستانی شەھیدانە..
دەیان ساڵە رۆژھەڵاتی ناوین گیرۆدەی شەرٍو کوشتن و نائارٍامی بۆتەوە ، بۆیە پێوستە وڵاتانی دونیا بیر لەو واقیعە بکەنەوە گەر دەیانھەوێت ئاشتی وئارامی بۆ ناوچەکە بگەرێتەوە ،دەبێت خاکی کوردستان بۆ خاوەنەرٍەسەنەکەی بگەرێتەوە .بۆیە لە ئێستاداھەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی چارەنوسسازدا گوزەر دەکات کە ئەویش ئامادەکارییە بۆ سازدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان و بەدیھاتنی خەونی لەبن نەھاتووی ١٠٠ سەد ساڵەی گەلێک و وەڵامێک بۆ ئەو قوربانیانەی کە کوردستان بە دەستی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق لە کۆمەڵکوژی و جینۆساید و ئەنفال و چەوساندنەوەو رەگەزپەرستی و تا قوتبرینی خەڵک و ئەو جیاکارییەی کە لە حوکمڕانی عێراقدا دەرحەق بە گەلی کورد دەکرێت، بۆیە لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەدات ئەمە مافێکی ڕەوای خۆیەتی و بە گوێرەی دەستوری عێراق ھەرێمی کوردستان دانی پێدانراوە و خاک و جوگرافیایەکی دیاریکراووی ھەیە کە پێی دەگوترێت خاکی کوردستان و خاوەنی سەروەری خۆیەتی و لە ڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرە و توانای ئیدارەدانی خۆی ھەیە و لە ڕووی پێگەی ئابوریشەوە نەخشەڕێی بۆ بەڕێوەبردنی حوکمڕانی ئابوری ھەیە لەگەڵ ئەوەی ھەرێمێکە ئەگەر بڕیاری سەربەخۆی بدات، سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەبێتە کلیلی کردنەوەی نەخشەیەکی نوێ لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا، چونکە لە دوای ١٠٠ سەد ساڵ لە ڕێکەوتنامەی سایکس پیکۆی ساڵی ١٩١٦ کە تیایدا کورد بێ بەشکرا لە بڕیاردان لە چارەنوسی خۆی و دابەشکرا بۆ چوار پارچە، بەڵام لە ئێستادا دەیەوێت بریار لە چارەنوسی خۆی بە ئازادی بدات. خوێنمان بەخشی و گیانمان فیدا کرد تا بگەینە روًژێکی وەک ئەمروً.

بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو، ژمارەیەکی سەرسوڕھێنەر لە پیکھاتە لاوەکیەکانی ناو دەوڵەتیک لەسەر بنەمای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی خۆیان راگەیاندووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ وە ١٩٩١دا، ٥٢ پیکھاتەی جیاجیا ڕیفراندۆمیان ئەنجامداوە بۆ سەربەخۆیی. لە ساڵی ١٩٩١وە، ٥٣ ریفراندۆمی تری پەیوەست بە سەربەخۆیی ئەنجامدراون، واتە کۆی گشتیان دەکاتە ١٠٥ قەوارە و نەتەوە. سەرەرڕای ڕیفراندۆمی کوردستان، وادەی سی ڕیفراندۆمی تر تا کۆتای ساڵی ٢٠١٩ دیاریکراوە(کەتەلۆنیا، کادیلۆنیای نوێ، بوگاینڤیل)
لە کۆی ٥٣ ریفراندۆم لە ساڵی ١٩٩١ەوە، بیست و شەشیان بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی بوون. وە لە ھەمووشیان سەیرتر ئەوەیە کە ژارەیەکی لەو نەتەوە و قەروارانەی کە ڕیفراندۆمیان بەبی ڕەزامەندی حکومەت ناوەندی ئەنجامدا لە کۆتاییدا نەبوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ. بۆ نموونە، ھەموو ئەو دەوڵەتانەی کە بەشیوەیەکی فەرمی ئەندامی یەکێتی سۆڤیەت بوون بەبێ رەزامەندی یەکێتی سۆڤیەت ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا، وە یەکێتی سۆڤیەت لە سەرەتادا دژی سەربەخۆییەکانیان وەستا. ھەموو ئەو دەولەتان ئێستا خاوەن سیادەی خۆیانن و سەربەخۆن.
بەھەمانشیوە، چوار لەو دەوڵەتانەی کە لەپیشدا سەربە یوگسلاڤیا بوون سەرەرای ناڕەزایی یوگسلاڤیا ڕەفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا. ھەموویان ئیستا دەوڵەتی سەربەخۆن. وە لە کەیسی کۆسۆڤۆدا، تا نووسینی ئەم وتارە، ١١١ ولاتی جیھان وەک دەوڵەتیکی سەربەخۆ دانیان بە کۆسۆڤۆ ناوە، ئەمە سەرەرای ناڕەزاییە بەردەوامەکانی سربیا.
لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وە بەدەستھێنانی دەنگی پێویست بۆ سەربەخۆیی، ھەنگاوی داھاتوو بریتیی دەبێت لە دانوستان لەگەڵ بەغدا، وە ئەگەر کوردستان بەردەوام بیت لە گرتنەبەری ھەنگاوەکانی بەرەو سەربەخۆیی دوای ئەم دانوستانانە، خەملاندنیک دەخرێتە بەر چاو کە ئایا کوردستان ھەموو ئەو تایبەتمەندیانەی دەوڵەتبوونی تیادا ھەیە لەژێر یاسای نیوەدەوڵەتی، وە پرۆسەیەک ئامانجی ئەوە بێت کە بەدەوای دانپیانانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بگەڕێت. ھەر کە کوردستان ئەم ھەنگاوانەی گرتەبەر، گرنگە ڕەچاوی ئەو خالەش بکەن کە ھەنگاوەکان پێچەوانەی بانگەشەکانی ڕەخنەی گشتی بن، ھەنگاوی سەرەتایی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نین.

بە دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە نەخشەیەک دروست دەبێت کە بەرژەوەندی وڵاتانی دیموکراسی جیھان لێی گەشە دەکات چونکە جوڵانەوەی دیموکراسی و مەدەنی و پێکەوەژیانی لێ بەرجەستە دەبێت، ھەروەک بەھاری عەرەبی نەیتوانی ڕۆژھەڵاتی ناوینی نوێ دروست بکات وە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی میسر و تورکیا و شەڕی سوریا و یەمەن و لیبیا و تا کۆتایی ھیچ شتێکی نەگۆڕی، بەڵام سەربەخۆی کوردستان ئامانجەکە دەپێکێ چونکە سنورێکی بەھێز و جێگیر و خاوەن بڕیارە بۆ گەشانەوەی دیموکراسی لە ناوچەکەدا، کەواتە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەبێتە مۆدێلێکی نوێی سیستەمی حوکمڕانی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و دەبێتە یەکەم دەوڵەت لەسەر نەخشەیەکی مردووی وەک سایکس پیکۆ.
Top