دەرفەتێكی زێڕین لەبەردەم كوردستانییان

دەرفەتێكی زێڕین  لەبەردەم كوردستانییان
كوردستانییان لەم دۆخەی ئێستادا لەبەردەم دوو بژاردەدان، یان دەنگدانە بە كوردستانێكی سەربەخۆی ئازاد و پاشەڕۆژێكی رووناك، یان گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و چارەنووسێكی نادیار و ژیانێكی پڕمەترسی و بەڕێكردنی ژیانی ژێردەستەیی. جگە لەم دوو بژاردەیە، رێگایەكی ترمان لە بەردەمدا نییە، بۆیە دەبێت گەلی كوردستان توانای خۆڕاگری هەبێت و بیسەلمێنێت كە خاوەنی ئیرادەی خویەتی و توانای بڕیاردانی هەیە . ئەگەر بێتو باسی نەهامەتییەكانی كورد بكەین، وەها بە ئاسانی تەواو نابن و هەروەها جوامێری و ئازایەتی كورد و شۆڕش و خەباتەكانی بە هەمان چەشن زۆری دەوێ. لێرەدا دەمەوێ پرسیارێكی گرنگ بخەمە بەرچاوی خوێنەرانی ئەم بابەتە، ئەویش ئەوەیە ئایا دەرفەتێكی لەم جۆرە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی جارێكیتر بۆ كورد دووبارە دەبێتەوە؟.

لە كاتێكدا سوپای عێراق شكستی هێنا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و داعش توانی دەست بگرێ بەسەر ئەرز و خاكی سوننەكان و زۆربەی چەك و كەرەستەی سەربازیی سوپای عێراق بەدەست بهێنێت كە نرخی بە دەیان ملیار دۆلار بوو، سوپای عێراق مەشق و راهێنانی لەلایەن ئەمریكا و ناتۆ پێكرا، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن ئیرادە و نیشتمانی نەبوو، نەیتوانی لەبەردەم داعشدا بەرگری بكات. بەپێچەوانەوە پێشمەرگە بە توانایەكی زۆر كەم و سنوورداری سەربازی توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت و ئەفسانەی داعش تێك بشكێنێت، ئەمە لەكاتیكدا هێزی پێشمەركە لەسەر گیرفانی تاكەكانی و بە چەكی خۆی و توانایەكی سنوورداری سەربازی بەرگری كرد لە خاك و گەلی كوردستان بێ جیاوازی ئیتنی و مەزهەبی و دینی. ئەمە لە كاتێكدا كە حكومەتی عێراق بودجەی كوردستان و مووچەی پێشمەرگەی بڕی و بێبەشی كردبوون لە مافە دەستووری و یاساكانیان، بەو وەزعەش گەلی كوردستان بە سەركردایەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە سەركەوتنی تومار كرد و سنووری كوردستان بە خوێنی شەهیدان كێشرایەوەو پێشمەرگەی قارەمانیش بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە پارێزگاری لە سنووری كوردستان بكات.

لەم كاتەدا عێراق پارچە پارچە بووە و وەكو حكومەتی عێراقی هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ناوچە سوننەنشینەكاندا نەماوەو هێشتا بەشێكی خاكەكەی لەدەست داوە. هەرێمی كوردستان لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزگاری لێ دەكرێ و سوپای عێراق ساحەی چۆڵ كردووە بۆ حەشدی شەعبی كە سوپایەكی مەزهەبی و تائیفییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەكە و جیهان و ئەو میلیشیایە بە بڕیاری دەرەكی جووڵەی پێدەكرێت.
سەبارەت بە وڵاتانی دراوسی بۆ نموونە ئێران و توركیا ئەم وڵاتانە بە درێژایی مێژوو دژایەتی میللەتی كورد و گەلی كوردستانیان كردووە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی كوردو مێژوو و كەلتووری كوردەوارییان لە وڵاتەكانیان داوە، تا ئێستاش بە شێوەیەك لە شێوازەكان لەم وڵاتانە مافە نەتەوەییەكانی كورد بەدەست نەهاتووە. خوشك و برایانمان لەو بەشانەی كوردستان بەردەوامن لە خەبات بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانیان. سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، كاتێ خۆی دەوڵەتی توركیا هەڕەشەی ناردنی هێزی دەكرد بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كوتاییپێهێنانی ئەم ئەزموونە، بەڵام ئێستا بۆ پێشوازی لە سەرۆكەكەمان ئاڵای كوردستان هەڵدەكات. جێگای ئاماژەیە لەم رۆژانە تێبینی بەكارهێنانی زمانی نەرم دەكرێت لە وتارو رایەكانیان سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەمەش پەیامێكی روون و ئاشكرایە لە گۆڕینی سیاسەتی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە كوردو هەرێمی كوردستان. ئەم هەرێمە بووەتە هاوبەشێكی گرنگی ئابووری بۆ توركیا كە ناتوانرێت بە ئاسانی دەستبەرداری بێت، یان لە دژی كاربكات.
كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە رووی نەوت و گاز و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی سروشتییەكانی دیكە، هەروەها خاوەنی سەرچاوەیەكی مرۆیی و بەهێزەو كاردەكات بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی دیموكراسی كە هاووڵاتی و یاسا تێیدا سەروەر بێت، بۆیە هەر جووڵەیەك لە دژی ئەم ئاراستەیە سەركەوتوو نابێت.
سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی حكومەتی عێراق وەك فشار بۆ سەر حكومەتی هەرێمی دروستی كردوون، لە رووی ئابوورییەوە كوردستان بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بێگومان لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەو پێشكەوتنانە دەچنە قۆناغێكی سەركەوتووتر و ئاستێكی بالاتر. لە قۆناغی ئێستاو داهاتووشدا دەرفەتی پێشكەوتنی ئابووری و تێكەڵبوونی بەرژەوەندییەكان و پەیدابوونی دەرفەتی نایابی ئابووری بۆ توركیا و ئێران بە سوودوەرگرتن لە هەرێمی كوردستان دەستەبەر ناكرێت، بۆیە هیچ كام لەو دوو دەوڵەتە ئامادە نین ئەم دەرفەتە لە دەست خۆیان بدەن و بگرە ململانێ لەسەر ئەوە دەكەن كە كامیان زیاتر رۆڵ و پێگەیان هەبێت و پشكیان بەركەوێت لەو ئابوورییە.
لە شەڕی ئازادكردنی عێراق و شەڕی داعش و تیرۆردا پێشمەرگە و گەلی كوردستان تاكە هێز بوون لەسەر ئەرزی واقیع كە بتوانن هاوپەیمانیی ئەمریكا و جیهانی ئازاد بكەن و بەرگری لە بەها بەنرخەكانی مرۆڤایەتی بكەن. هێزی پێشمەرگە بووە هێزیكی ناوازەی نێو هێزی هاوپەیمانان و لە جەنگی دژی تیرۆردا رۆڵی كاریگەر و بەرچاوی هەبووەو ناتوانرێت ئەو قوربانی و ئیرادەیە لە بەرچاو نەگیردرێت. گەلی كوردستان و پێشمەرگە سەلماندیان كوردستان لە فاكتەرێكی گەمەپێكراو بووەتە فاكتەری گەمەكەر و لە هەموو دۆخە سەختەكان خاوەن راو ئیرادەی خۆی بووەو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانیان پاراستووە، كورد لە رووی نێودەوڵەتی و مرۆیی بۆ هەموو جیهانی سەلماند كە كوردستان ئارامترین ناوچەیە كە تێیدا مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراوەو گەلی كورد میهرەبانی و دڵفراوانیی خۆی پیشانی جیهان دا كە جێگای زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی عەرب و نەتەوەكانی دیكەی كردەوە، لە كاتێكدا عەرەبەكان بازرگانییان بە ئافرەتانی كوردی ئێزیدی دەكرد، ئێمە پارێزگاریمان لە ئافرەتانی ئەوان كرد و جێمان كردنەوە و خواردن و جلمان دانێ، ئەوەیە جیاوازیی نێوان ئێمە و ئەوان، تا ئێستاش لە كەمپەكانی كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە ژیان بەسەر دەبەن.
ئایا دەبێ چ دەرفەتێك هەبێت كە لەم دەرفەتە باشتر و گونجاوتر بێت بۆ میللەتەكەمان تاكو سەربەخۆیی رابگەیەنێت؟
هەر ماوەیەك كارەساتێك بەسەر میللەتەكەمان دێت و بە هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتە دەبنە قوربانی، دە با قوربانیدانی ئەم جارەمان یەكجاری و دواجار بێت و ئەویش بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بێت. كورد بە فیعلی هەموو شێوەیەكی ژیانی لەگەل حكومەتی عێراق تاقی كردووەتەوە و هیچ كام لەو شێوازانە سەركەوتوو نەبوون و لە هەر دەرفەتێك بێت عێراق كوردی بەلاوە ناوەو بە مەبدەئی زۆرینە و كەمینە مامەڵەی كردووە، وەكو ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بینیمان لە بەغدا، زیندووترین نموونەش پێشێلكردنی (55) ماددەی دەستوورییە لە دەستووری عێراق، بۆیە ئەگەر ئەم دەرفەتە لە دەست خومان بدەین، جارێكیتر بە ئاسانی دەرفەتێكی لەم جۆرەمان بۆ ناڕەخسێت. لەم وڵاتەدا بەسەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە جیاوازەكان شەریكین لە خۆشی و ناخۆشییەكان و لە قوربانیدان و خەباتكردن، ئێمە بە جیاوازییەكانمانەوە جوانین، بەڵام بۆ سەربەخۆیی و بوون بە خاوەن دەوڵەت هەمووان دەست لە ناو دەستین و دەڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەڵێ بۆ دەوڵەت و ئاڵای كوردستان، با چیتر خوێنی رۆڵەكانمان و خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ نەچێت، با بەرژەوندییە تەسەكان بەلاوە بنێین و تەنیا بیر لە كوردستان بكەینەوە.





مینا سامی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
Top