بارزانی.. لە سحێلا.. مەکگۆرکی بینی .

بارزانی..  لە سحێلا..   مەکگۆرکی بینی  .
نێردەی تایبەتی ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەری داعش ، برێت مەکگۆرک لە رۆژی ١٣-٩ وە ، سەرەتا لە بەغدا لەگەڵ عەبادی کۆبۆوە، پاشان لەوێوە بۆ سلێمانی لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و دواتر لە ھەولێر .
لە بەغدا و تا ئەندازەیەکیش لە سلێمانی ئەوەی گوتراوە چ لەودیوی پەردە .. چ لەسەر پەردەی تیفییەکان بۆ ئان و ساتی خۆی بووە ، بۆ شوێنکاتێکن کلیلی چارەنووسی پرسی کوردستان و سەربەخۆییان پێ نییە و ناتوانن ترەفیکی سەوزی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان خامۆش بکەن .
بارزانی لە سحێلا لە شوێن کاتێکدا بوو کە دال و مەدلوولن ، ئاماژەیین و چەندین رەھەندی ئاسۆی کراوە لەخۆ دەگرێت ،
یەک لەوان ئاماژەو مەدلوولانە ‌ سحێلایە. سحێلا ، ئەو ژوورەی پێنج کیلۆ مەتر لە داعش دوورە ، سحێلا ئەوسا ژووری سەربازی، کابینەی بەرخودانی بارزانی بوو ،بەواتایەکی تر ، ژووری نەخشە رێگای بارزانی یە بۆ روو بەروو بوونەوە و تێکشکاندنی تەلیسم و ئەفسانەی داعش و جاردانی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان .
ئێستا سحێلا ،ژووری دیداری بارزانی و مەکگۆرک ، دۆگڵاس سلێمان و فرانک بیکەر ھەردوو بالیۆزی ئەمریکاو بەریتانیا لە عێراق بە ئامادەیی یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ، گەنگەشەی ئەلتەرناتیفی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی لێ ئەنجام دراو و ویستیان دەرفەت و غەفڵەت لە بارزانی وەرگرن .. !!
بارزانی .. ئەو سەرۆک و رابەرو کارەکتەرە سەرەکییەی کوردستان .
جیھانی سەرسام کردووە ، بە ھێمنی و ژیری ، کارامەیی و لێزانی ،‌ و شارەزایی و پشوو درێژیخۆی و ..سیاسیی و دیبلۆماسیکی نەرم و نیانە ،بۆ ساتی پێویست توند و تیژی پۆڵاینییە .
ئەو.. بارزانی پیاوی ساتە سەختەکان ، ئەزموونداری ژیانی سیاسیی و تێکۆشان لە ناوچەیەکی پڕ لەگرفتی سەیرو سەمەرەی وا پەروەردە بووە کە نە لەسەرکەوتنا مەغروور و نە لەشکستیشا نائومێد نەبێ ، ئەو پشت ئەستوور بە باوەرو پرنسیپەکانی پرسی نیشتیمانی تارادەی تەسەوف و توانەوە لە نێو ڕەوایی پرسەکەدا ..پشت ئەستوور بەجەماوەری گەل و پێشمەرگە قارەمانەکانی
پشت نادات . خودان کەلتوری بەرخودانە ، جزیری ئاسا پشت نادات :
پشت نادەین بۆ دووھەزار خەنجەر و تیرو ڕم و خشت
مە سەر دانییە ڕێ و ب خودێ بەستییە پشت

ھەموو کەنگەشەکانی نێو کابینەکەی بارزانی لە سحێلا و پاکیجی دەستی مەکگۆرک لە بارەی٢٥-٩وە ئەڵتەرناتیفی ریفراندۆم بوو ، لەھزری و مەنتقی بارزانیش ریفراندۆم ئامرازە ، سە ر‌بەخۆی ئامانج ، لە نێوان ئامانج و ئامرازدا مەکگۆرک دۆشداماو سەیرێکی دۆگلاس سلێمان و فرانک بەیکەر دەکاو یان کۆفیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بزە دەیگرێ ، بەجۆرێ گاڵتەی بەو فەریکە ھزرە دێ ، وەلێ ناکرێ چ بێژێت .. وا ئەز دەبێژم :
بەرێز: برێت مەکگۆرک ..
:- بارزانی ئەنگاوتەی خەنجەر و تیر و ڕمی بەر لە چڵ ساڵەی کیسنجەر و شای ئێران و سەدام و بۆمیدیەنە ، کوردستانەکەی ئێستاش خوێنی سەد ساڵەی سایکس – پیکۆی لێ دەچۆرێ . ئێرە مەجلیسی دولبەرە ، مەکگۆرک ، تۆ دەزانی ؟:
- بارزانی بەخوێن و پشت خاوەنی موڵکە ، کوردستانی ھەیە .





Top