بەڵای داناگاز کۆتایی هات

بەڵای داناگاز کۆتایی هات
چەند ساڵێکە داناگاز بووەتە بەڵا بەسەر حکوومەتی هەرێمەوە و کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم تا دەهات قووڵتر دەبووەوە. ئەو لایەن و کەسانەی دژی حکومەت بوون، هەمیشە نان و پیازیان بەم کێشەیەوە دەخوارد و بەردەوام سەرزەنشتی حکوومەتیان دەکرد کە گوایە بە کۆمپانیای داناگاز دۆڕاوە. بەڵام بە ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانا گاز، کۆتایی بەو کێشانە هات و حکوومەتیش براوە دەبێت.
نەیارەکانی حکوومەتی کوردستان بەردەوام بە دوای دۆزینەوەی کێشە و گرفتەکانی حکوومەتەوەن، جا گرفتەکانی حکوومەت و داناگازیش یەکێک بوو لەو کارتانەی هەردەم دژەکانی حکوومەت بەکاریان دەهێنا و لە میدیاکانەوە هەڵایان درووست دەکرد، کە گوایا حکوومەتی هەرێم دۆسیەیەکی تری بەرامبەر بە داناگاز دۆڕاندووە و میللەت باجەکەی دەدات، بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆکی کێشەکان تێ بگەن، بەڵام لەمەودوا ئیدی ئەو کارتەشیان بە دەستەوە نەما و دەبێ بە دوای شتی ناماقووڵی تر بگەڕێن.
حکوومەتی هەرێم یەکێکە لە حکوومەتە کاراکانی جیهان، چونکە لە ماوەیەکی زەمەنیی کەمدا توانیویەتی لە بوواری نەوت و وزەدا سەرکەوتوو بێت، بەوەی لە ماوەیەکی کەمدا نەوتی دەرهێنا و زۆرترین کۆمپانیای جیهانی هێنایە هەرێم و، نەوت و گازی هەناردە کرد و سەربەخۆیی نەوتیشی دەستەبەر کرد. ئەم هەموو دەستکەوتە خێرایەش بە فەزڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت بەدی هات، هەڵبەت بێ کێشەیش نابێ و بایی خۆی گرفتی لێ دەکەوێتەوە. گرفتەکانی حکوومەتیش لەگەڵ داناگاز یەکێک بوو لەو کێشانە، وەلێ خۆشبەختانە کۆتایی هات.
Top