پیاوی یەكڕیزیی

پیاوی یەكڕیزیی
"دەبێ‌ گشتپرسی ببیێتە هۆی یەكڕیزییی لایەنە كوردییەكان نەك پەرتەوازەیییان." ئەمە گوتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. ئەو وەك هەمیشە یەكڕیزیی و تەباییی نێو ماڵی كوردی بە گرنگ زانیوە و، پێیوایە؛ بەبێ‌ یەكڕیزیی، گەلی كورد لە هیچ ململانێ و پرسێكدا سەركەوتوو نابێت. هەر بۆیە گوتی "لە گشتپرسی كوردستاندا براوە و دۆڕاو نییە." ئاخر ئەگەر ڕیفراندۆم پرسی هەڵبژاردن بێت، ئەوا ڕاستە دۆڕاو و براوە هەیە و كڕۆكی پرۆسەكە بۆ بردنەوە و گەیشتنە بە دەسەڵات، وەلێ‌ پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و تەنیا دوو بژاردەی تێدایە كە بەڵێ‌ و نەخێرە، بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆییی كوردستان و نەخێر بۆ سەربەخۆنەبوونی كوردستانە. لەم پرۆسەیەدا ئەگەر بەڵێ‌ زۆر بێ‌ ئەوا هەموو كوردستانییان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان براوەن، ئەگەریش نەخێر زیاتر بێ‌ ئەوا هەمووان دۆڕاون.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مێژوو گەواهی بۆ دەدات كە هەمیشە دەستی ئاشتی و ڕازییكردنی لایەنە سیاسییەكانی تری درێژ بووە. بەردەوام لە كاتی قەیران و ناكۆكییە سیباسییەكان سەردانی لایەنەكانی تری كردووە و، ڕێزی لە خەبات و تێكۆشانی سەركردەی لایەنە نەیارەكانی پارتی گرتووە، دوایین چالاكیشی لەم ڕووەوە، چوونی بوو بۆ سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفای ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و سازدانی ڕێوڕەسمێكی فەرمی و حكوومیی لەوێ‌. هەر بۆیە هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستانی كێشە و ناكۆكی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی نییە و هەمووان خۆشیان دەوێت، یان لایەنی كەم ڕقیان لێ‌ نابێتەوە. هۆكارەكەیشی هەر ئەوەیە كە بە ئێستایشەوە بانگەشە بۆ یەكڕیزییی لایەنە كوردستانییەكان دەكات و، بڕوای وایە؛ بۆ ڕیفراندۆمیش دەبێ‌ لایەنە كوردییەكان یەكڕیز و تەبا بن، نابێ‌ ڕیفراندۆم ببێتە هۆی پەرتەوازەییی لایەنە كوردییەكان.
ڕەنگە زۆریەك لە سەركردە كوردستانییەكان بانگەشەی یەكڕیزیی و تەباییی بكەن، بەڵام لە كێڵگەی پڕاكتیكدا مەرج نییە هەردەم ئەم پرەنسیپەیان جێبەجێ‌ كردبێت. وەلێ‌ نێچیرڤان بارزانی هەردەم بە شێوەیەكی پڕاكتیكی كاری لەسەر ئەم مەبدەئە كردووە و، هەرگیزیش فاكتەری پەرتەوازەیی و ناكۆكیی سیاسی نەبووە و، بەردەوام ئاوی بە ئاگردا كردووە. بۆ ئەمەیش بە لایەوە ئاساییی بووە سازش بۆ لایەنەكانی تر بكات. هەر بۆیە ئێستایش نایەوێ‌؛ گشتپرسیی باشووری كوردستان ببێتە فاكتەری پەرتەوازەییی نێو ماڵی كوردی و، هەمووان هان دەدات؛ كار بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆییی باشووری كوردستان بكەن.
Top