گەڕاندنەوەی ماف
September 9, 2017
وتار و بیروڕا
دوژمنكاریی ئێرانییەكان و توركە نەژادپەرست و عەرەبە شۆڤینییەكانیش ناتوانێ بەسەر ڕەوایەتیی ئەو مافە ئیلاهی و ئینسانییەدا سەربكەوێ. لۆژیكی داگیركار بۆ ئینكاری ئەو مافە پووچ و نائینسانی و شكستخواردووە. ئەوان وەك داگیركار و بەپێی سرووشتی نكۆلیكار و خۆبەزلزانیان هەتا دەتوانن دژایەتی دەكەن و كۆسپ دەنێنەوە و هەڕەشە دەكەن بۆ ئەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان تێكبشكێت لە داواكردنی مافێكی لەڕادەبەدەر ڕەوا و سرووشتی.
نە جیهان و نە عەقڵیەتی داگیركار هیچ كات سەربەخۆیی پێشكەشی گەلی كوردستان ناكەن. ئەوە گەلی كوردستان و ئیرادەكەیەتی سەربەخۆیی دەسەپێنێ و دەیكاتە ئەمری واقع. ئەوە ئێمەین ڕەوایەتی بەو مافە دەدەین نەك كەسێكی تر. بۆیە مسۆگەركردنی ئەو مافە تەنیا و تەنیا لە دەستی خۆمانە.
ئەگەر بمانەوێت و ئیرادەمان بەهێز بێت،
ئەگەر ئەژنۆمان نەلەرزێت و لەبەرانبەر هەڕەشەی پووچ و بێهوودەدا خۆمان بەدەستەوە نەدیەن،
ئەگەر دەستبەرداری خۆبەبچووكزانین و ناوچەگەرێتیی كۆنەپەرستانە بین،
ئەگەر بیر لە نەوەكانی داهاتوو بكەینەوە و خوێنی سەدانهەزار شەهید و قوربانیمان لەبەرچاو بێت،
ئەگەر بمانەوێ و نەترسین و دەنگ بدەین، بە دڵنیاییەوە سەربەخۆیی لە نێو دەستمانە و جیهانیش سەری نەوازش دەنوێنێ و ستایشمان دەكات و داگیركاریش وەك ئەمری واقع قبووڵی دەكات.
نابێ بترسین، نابێ شەڕی دەروونی و هاشوهووشی ڕاگەیاندن و پڕۆپاكەندە و درۆودەلەسەی نەیاران ئیرادەمان تێكبشكێنێ و تەسلیم بین. ئێستا شەڕ شەڕی ئیرادەیە، شەڕی ئیرادەی گەڕاندنەوەی ماف و بێئیرادەیی و پاشكۆیی. لەم شەڕەدا دەبێ ئیرادەی گەڕاندنەوەی ماف سەربكەوێت.
ئەبێ لە پێشمەرگەوە فێری چاونەترسی بین كە لووتی دڕندەیەكی وەك داعشی شكاند.
دەبێ پرسیار بكەین 1800 ڕۆڵەی ئەو وڵاتە بۆ و بە چ ئیرادەیەك لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆی بەخشی.
ئەوان گیانیان بەخشی، ئێمە تەنیا دەبێ بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بەڵێ بۆ شەهیدان.