بانگەشەی ئازادی

بانگەشەی ئازادی
ئیتر زەنگی سەرکەوتنە گەورەکە لێیدا، باشووری کوردستان بڕیاریداوە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول گشتپرسی ئەنجامبدات، وا پێویست دەکات بانگەشە لەکەشێکی ئارام و دوور لە توندوتیژی بەڕێوەبچێت، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەم گەلەیە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا جگە لە نەھامەتی، ھیچی دیکەی بە دیاری لە لایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە پێشکەش نەکراوە.
ئەم ڕیفراندۆمە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییە، بە شیاوی دەزانم سەرجەم ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی بانگەشە بۆ "بەڵێ" دەکەن، ھەموویان بە یەکەوە، کارنامە و دروشم بەرز بکەنەوە و ھاوکات لەسەر ئاستی پارێزکاگان، قەزاکان، ناحیەکان و دەڤەرەکان لیژنە دروست بکرێت، ئەو چەند ڕۆژەی لەبەردەست ماوە، بە جددی بەشداری لە بانگەشەی ریفراندۆم بکەن.
ئاسان نییە بۆ ھەر کوردێکی خاوەن ویژدان کە ئازار، مەینەتی، رابردووی پڕ لە ئازار، فرمێسکی چاوی دایک و باوکی شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان پشتگوێ بخات، ڕۆژی ئەوەیە گەنجان و لاوانی سەربەخۆ دوور لە ئینتیمای حیزبی، ھەمووان بەشداری لە گشتپرسی بکەن.
ئێستا کاتی دانەوەی قەرزی ڕۆحی پاک و فیداکارانەی شەھیدانی کوردستانە، ساتەوەختی بەرزکردنەوەی دەنگی دلێرانەی ئێوەیە لە پێناو کۆتایی ھێنان بە پاشکۆیەتی و ژێردەستەیی. ٢٥ی ئەیلوول، ڕۆژی دیاریکردنی جارەنووسی ئێوە و ئاسوودەکرنی دڵی برا شەھیدەکانمانە، ئەوان چاوەرێی قەڵەمەکانی دەستی ئێمەن.
ئەگەر بە خێرایی ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، تێدەگەین و دەبینین زۆربەی گەلانی دونیا خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، یاخود خاوەنی سیستەمێکی فیدراڵین و بە جیاوازییەکانیانەوە بە یەکسانی لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا دەژین، بەڵام ئەم تاکە نەتەوەیەی کە ژمارەیان "٥٠" ملیۆنە و ھێشتا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان نین، کوردە، بۆیە بە چەپڵەڕێزانەوە، بۆ داھاتووی ڕووناکمان، دەڵێین بەڵێ.
ئەم بارودۆخەی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان تێیدایە، دەخوازێت وەک یەک خێزان بین لە پرسە نیشتیمانییەکاندا، ھەموومان پێکەوە بڵێین بەڵێ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
بە ھۆی پرۆسەی ریفراندۆمەوە، تاک لە ژیانی گشتیدا ڕۆڵ دەبینێت و دەرفەتی بۆ دەرەخسێت کە بەشداری بکات لە دەستنیشانکردن و ھێنانەدی ئامانجە گشتیەکانی کۆمەڵگە، پاساوھێنانەوە و خۆ دزینەوە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ناپاکییە لە کورد و کوردستان.
Top