سەربەخۆ بوون، دەرمانە بۆ ئازاری کورد

سەربەخۆ بوون، دەرمانە بۆ ئازاری کورد
ئەوانەی بە کردەوە دژی سەربەخۆیی کوردستانن، جۆرەھا ئاستەنگ و گرفتی دێننە پێش، ھەر ئەوانیشن کە بەدەم و بە قسە، دژی وەستاون و خەڵکی لێ سارد دەکەنەوە و تۆمەت دەدەنە پاڵ ڕەوتی سەربەخۆخوازان.
سەربەخۆیی ئاواتی تاک بەتاکی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانە، ھیچ ھێزێکی بەرەی دژە سەربەخۆیی جورئەتی ئەوە ناکات بە ئاشکرا و راست و رەوان دژی سەربەخۆیی بدوێت، چونکە دەکەوێتە بەر نەفرەتی تەنانەت لایەنگر و ھەوادارەکانی خۆیشی، بۆیە، دەبێ بۆ بەھانە و بڕوبیانوو بگەڕێت.
جگە لە میللەتی کورد، ھیچ میللەتێکی سەرزەمین بەر لەوەی بووبێتە دەوڵەت نیو ھێندەی کورد نەیتوانیوە ئامادەباشی بکات، بەکردەوە تەدارەکی سەربەخۆیی و دەوڵەت بوون بسازێنێت
دوای ساڵی ٢٠٠٣ و پەسندکردنی دەستووری نوێی عێراق، ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد و بەشداربوونیان لە داڕشتنەوەی سیاسەتی عێراقی دوای سەدام، بەڵام ھەوڵی کورد بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراق و ھەستکردن بە مافەکانی و دروستکردنی داھاتوویەکی گەش بۆ رۆڵەکانی، ڕۆژگار پێچەوانەکەی سەلماند، گەلی کورد لە عێراقی نوێش بە ھیچ شێوەیەک ھەستی بە مافە ڕەواکانی خۆی نەکرد، بە ڵکو زوڵم و ستەم و بێبەشبوون لە مافەکانی ھاونیشتمانیبوون بەردەوام بوو، لە ھەمان کاتیشدا ھەوڵەکانی حکومەتی شیعی عێراق بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی دیموکراتی و بە دیارکەوتنی دیکتاتۆریەتێکی نوێ و پەراوێزخستنی کورد لە پرسە چارەنووسسازەکان بەردەوامە.
کوردستان، ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی ، ئەوانەی کە بە قسە داوای سەربەخۆیی دەکەن، دەمێکە بە کردەوە بناغەکانی دادەڕێژن، گرفتی میللەتی ئێمە تەنیا و تەنیا دوژمنە نێوخۆییەکانی سەربەخۆییە، ھاوکار بن و پێکەوە ھەنگاو بنێین، چونکە بابەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
جێگەی خۆیەتی بە ڕاشکاوانە ئەوە بڵێم کە لەدوای ساڵی ١٩٩١، پرسی کورد لەدەستی تورک و فارس و عەرەب ھاتۆتە دەرەوە و کەوتۆتە دەستی ئەمریکاو بەریتانیا و فەرەنسا و رووسیا و ئیسرائیل، بۆیە پێویستە ئێمە ھێزی خۆمان لەلای ھاووڵاتیانی خۆمان زیاتر ئاشکرا بکەین، بۆیە سەربەخۆبوون، تاکە چارەسەر و دەرمانە بۆ ئازاری کورد.

Top