بارزانی، لە خەباتی شاخەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ

بارزانی، لە خەباتی شاخەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ
لە ڕۆژی ڕیفراندۆم ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧پێویستە ھەمووان بە "بەڵێ" دەنگ بدەین، چونکە بە درێژایی مێژوو، خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی میللەتی کورد بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بووە، ئێستایش دەبێ ھەموو تاکێکی کوردستانی، سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، پرسی ڕیفراندۆم "گشتپرسی" بە ئەرکی خۆیان بزانن، چونکە پرسیکی نیشتمانی و نەتەوەییە و نابێت ببەسترێتەوە بە ھیچ بابەتێکی دیکە.
بەر لە ھەر شتێک، پێویستە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پشتیوانی گشتپرسی وەک پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ھاوکات بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان و تەبایی نێوماڵی کوردستان بێت، کەچی لێرەو لەوێ، چەند پاڵەوانێکی فەیسبووک یان کەسانێکی نابەرپرس تەنیا بۆ خۆدەرخستن لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەرفەتێک تانە و تەشەر لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەگرن، نەیارانی ھەر ڕۆژە و لە ئاوازێک دەخوێنن، لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ بیانووگرتن لە شێواز و چۆنیەتی ئەنجامدانی.
ڕیفراندۆم و دواتر ھەنگاونان بەرەو جیابوونەوە و سەربەخۆیی، چڕکراوەی خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ساتەوەختی خودێکی ئازاد، سەرەنجام ڕیفراندۆم، دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ ھەموو کوردێک نەک حیزبێک بە تەنیا، ڕاگەیاندنی سەربەخۆییش دوای ئەمە، وڵاتێکی نوێ دەخاتە ناو نەخشەی جیھانەوە، کە جێی ھەموومانی پێکەوە لێ دەبێتەوە.
جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ھەناوی ویژدانء ھەستی کۆمەڵگەی کوردەواریدا، بۆ خەبات ء قوربانیدان لەپێناو بەدیھێنانی مافە نیشتمانی ء نەتەوەییەکاندا، لە پرۆسەیەکی شۆڕشگێریدا ھاتووەتە بوون، ھەر لە تەمەنی منداڵی چەکی شەرەفی ھەڵگرت بۆ پاراستنی خاک و ئازادی وەلاتەکەی، کوردستانی پاراست لە چەندەھا دوژمن، بۆیە ئومێدی میللەتێکی لەسەر بنیات نراوە، دوای "٥٥" ساڵ خەبات و پێشمەرگایەتی، گەلی کوردی گەیاندە لێواری سەرکەوتن، بۆیە ھەقوایە ھەمووان بە دەنگی خۆمان، ڕۆڵمان ھەبێت لە دیاریکردنی دوارۆژی کوردستان، وەک جەنابی سەرۆک دەفەرموێت: "لەو رۆژەدا، چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین."
ڕیفراندۆم، ھەنگاوەکانی چارەنووسی میللەتەکەمانی تێدا بڕیار دەدرێت، سەربەخۆیی کۆتایی بە قۆناغی رزگاریی نیشتمانی دێنێت، ڕیفراندۆمەکەی ئێمە بۆ سەربەخۆییە، سەربەخۆییش بۆ دەوڵەتە، دەوڵەتیش ئایندەی خەڵکی کوردستانە.


Top