ڕووبەڕوبونەوەی توندڕەوان بەپلەی یەک ئەرکی ڕۆشەنبیرانە

ڕووبەڕوبونەوەی توندڕەوان بەپلەی یەک ئەرکی ڕۆشەنبیرانە
مانەوەی ڕۆشەنبیران لەناو بازنەی کەمینەی دەسەڵات و پابەندبون بەهەندێک یاسا و ڕێسا وادەکات توندڕەوانی جۆراوجۆر سەرکەون و پێشکەوتن و گۆڕانکاری بۆ پێشەوە کارێکی ئەستەم بێت.
کاریگەری ڕۆشەنبیر و خاوەن بیری نوێ لەسەر بیروبۆچونی تاک لەناو کۆمەڵگا کاریگەریەکانی بەپەلە نیە وەک کاریگەری هەوڵی ئاسانی توندڕەوێک نیە دەربارەی ئاینێک یان تیرەیەکی تایبەت لەناو ئاینێک یاخود ئایدیۆلۆژیەک نمونەش مەلای مزگەوتێک ڕاستەوخۆ خوتبەیەکی ڕۆژی هەینی بۆ سەدان یان هەزاران هاووڵاتی دەدات و ئەوەی ئەو مەلایە باسی دەکات سەدان و هەزاران هاووڵاتی تەمەن جۆراوجۆر ڕاستەوخۆ گوێی لێدەگرن بێ ئەوەی یەکێک ڕەخنەیەکیشی هەبێت ئەمە جگە لەوەی دوور نیە خوتبەی ئەو ڕۆژی لەگەڵ کات و بارودۆخەکەی ئەوکات یەکنەگرێتەوە.
زۆرجار دروشمی جیاواز وەک(ئەی موحەمەد ئاینی ئیسلام) و (تەکبیر)لەلایەن پیاوانی ئاینی هەست و ڕقی گوێگرانی مەزهەبی سونی دەجولێنێت بەرامبەر(پرسێک-مەزهەبێکی تر-حزب- دەسەڵات و دەوڵەت)بەهەمان شێوە کاتێک پیاوێکی ئاینی ناوداری مەزهەبی شیعی لە(خوتبەی هەینی یان کۆبونەوەی جەماوەری)بەگریانەوە هاوار دەکات(دوژمنانی حوسێن – سەیدە زەینەب)سنور نامێنێت لەنێوان هەستی ڕق و تۆڵە سەندنەوە لەپێکهاتەیەکی تر.
لەکاتی(نەخۆشی گەورە-ناخۆشی-کێشە-ستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی)ئاین دەبێتە پاڵپشتێک تا تاک یان کۆمەڵێکی تایبەت پشتی پێوە ببەست چونکێ وا هەست دەکەن ئاین چارەسەر و هێور کەرەوەیە بۆیە لەم بارودۆخە ئەرکی ڕۆشەنبیر زۆرگرانە بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنی تاک لە گۆڕینی واقعێکی وەهمی کە پیاوانی ئاینی دروستیان کردوە.
ئەرکی ڕۆشەنبیر گرانە لەپێگەیاندن و دروست کردنی تاکێکی تێگەیشتو چونکێ کات و ماندوبونێکی زۆری دەوێت بەڵام بۆ پیاوێکی ئاینی تونڕەو کاتێکی کەمی دەوێت تا وا لە تاکێک و سەدان هاووڵاتی تر بکات بیرۆکە و بیربۆچونی توندڕەوی قەبوڵ بکەن بە ئاسانیش وایان لێبکات لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان جێ بەجێی بکەن.لەم کاتە دەبێت ڕۆشەنبیر ڕێگای کلاسیکی کۆنی خۆی بگۆڕێت لە نوسینی بابەت و کۆمێنت و کتابەکان بۆ بەکار هێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تا بتوانێت ڕۆژانە بیربۆچونی خۆی بۆ هەزاران هاووڵاتی ڕونبکاتەوە و بەشێوەی زانستیش موناقەشەی پرسی ئاینی و پیاوانی هەڵگری بیری توندڕەوی بکات.
نابێت ڕۆشەنبیر بڵێت(نەزان یان نەخوێندەوار) موناقەشەی لەگەڵ ناکرێت چونکێ گوێ دەگرێت بەڵام تێناگات یان نایەوێت تێبگات. نەزان پێداگرە لەسەر هەندێک(ڕووداو و ووتە) و واهەست دەکات ئەگەر موناقەشە بکات لە ئاین دەرچونە و هەڵەیەکی گەورەیە بۆیە ئەگەر ڕۆشەنبیر هەوڵنەدات لەگەڵ ئەو نەزانە کەواتە وەک دۆرانی ڕۆشەنبیر وایە بەرامبەر نەزان. لەم بارودۆخە دەبێت ڕۆشەنبیر وابیرنەکاتەوە لە هەوڵەکەی دۆڕاوە یان براوەیە لەگەڵ نەزان چونکێ زۆرجار ڕۆشەنبیر بێ ئەوەی هەست بکات شتی جوان لەسەر بیری نەزان جێ دەهێڵێت و لەدواڕۆژدا کاریگەریەکان بەدیار دەکەون.
دووبارە دەڵێم لای ئێمە مانەوەی ڕۆشەنبیر تەنیا لەبازنەی کەمینەی دەسەڵات وایکردوە لە تاک و کۆمەڵگا تۆزێک دوورکەونەوە و کاریگەیان کەم بێت و توندڕەوان لەم ململانێیە سەرکەون و سوپایەکی نەزان دروست کەن و کار گەیشتۆتە ئەوەی دەسەڵاتیش هاوکار و پاڵپشتیان دەکات چونکێ دەسەڵات دەزانێت ئەمانە دەتوانن هاووڵاتی وشەقام هێور و بێ دەنگ دەکەن.
چۆن کیشوەری ئۆڕوپا سەرکەوت بەسەر توندڕەوی ئاینی و تیرەیی؟؟ بەهەوڵی ڕۆشەنبیرانی نەبو؟ نمونەش لە نوسینە لێبوردەیەکانی(ڤۆلتێر و جۆن لۆک) و ئەو نوسەرانەی تر کە بەنوسینەکانیان دژایەتی بیرۆکەی تونڕەویان دەکرد و کاریگەریشیان هەبو بەسەر دەسەڵات. ڕۆشەنبیرانی ئەوکات و نوسینی ئەم نوسەرانە کاریگەری گەورەی فعلی نەدەبو بەسەر تاک و هاووڵاتیان ئەگەر دەسەڵاتدار(پاشا و مەلیک)ەکان خۆیان بروایان بەم گۆڕانکاریانە نەبوا و کاریان بۆ ئەوە نەکردبا کە گۆڕانکاری پێویستە و دەبێت ئەنجامیش بدرێت هەر لەبەر ئەمە لەم کێشە زگماکانە ڕزگاریان بو.
لەم ڕۆژگارە بەشێکی ڕۆشەنبیران بەنوسین و لێداوانەکانیان بونەتە بەشێک لە فەلسەفەی ڕق و قینە و توندڕەوی چونکێ ئیستغلالی ڕوداو و ململانێ و کێشەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن. هەندێک ڕۆشەنبیر لە هاووڵاتیان نزیکن بەڵام کاریگەری شێواویان بەسەریانەوە هەیە و هەندێک ڕۆشەنبیری تریش لە دەسەڵات نزیکن پاڵپشتی ستەمکار و نەزان دەکەن.کێشەی ڕۆشەنبیری ئێمە ئەوەیە خۆی داوەتە دەست ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع ڕوودەدات بێ ئەوەی هەست بە ئەرکی خۆی بکات کە بریتیە لە دروست کردن و داهێنانی گۆڕانکاری.
لەکۆتایی-
ئەگەر ڕۆشەنبیر بەئەرکی خۆی هەڵنەستێت لە پێگەیاندنی تاک لەناو کۆمەڵگا ئەوا خێزان و کۆمەڵگای تەواو دروست نابێت.
Top